فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
هەینی ۲۰-۰۶-۱۴۰۵   |  11-09-2026

خەرمانانی ١٤٠٥

لە دەستپێکی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز، بە بەشداریی چەندین هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان و بە دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” چەخماخەی لێ درا، چوار ساڵ تێدەپەڕێت. ئەم بزووتنەوەیە لە درێژەدا بە هەنگاوی هێمادار و ڕەمزیی وەک فڕێدانی لەچک و سەرپۆش لەسەر شەقام و سووتاندنیان، کۆڵەکە ئایدۆلۆژییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند، لێبڕاوانە ناڕەوابوونی سیاسیی ئەو ڕژیمەی ڕاگەیاند و جارێکی تر سوژەی شۆڕشی خستەوە سەر زاران. ئەم ڕاپەڕینە بە هێرشکردنە سەر پێگەی سەرەکیی ئیسلامی سیاسی و یاسا توندە ئایینییەکانی، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ناوچەکەدا خستە قۆناغێکی نوێوە و، بە بەرەنگاربوونەوەی نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزیی حکوومەتی ئیسلامی، هاوپشتی و هاوسۆزیی مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا. بزووتنەوەی ژینا، وێڕای ئەم سەرکەوتنە سیاسییانە، لە گۆڕەپانی تاکتیکی و شێوازیشدا زۆر پێشکەوتووتر لە ڕاپەڕینەکانی پێشوو دەرکەوت. ئەم ڕاپەڕینە بە هاودەنگیی نووسەران، شاعیران، هونەرمەندانی شۆڕشگێڕ و سینەماکارانی پێشکەوتنخواز، زیاتر لە هەر بزووتنەوەیەکی سیاسیی دیکە، جوانی و داهێنانەکانی خۆی خستە ڕوو. بڵاوبوونەوەی بەرینی وێنەکانی ڕێوڕەسمی سووتاندنی لەچکەکان، کاردانەوەی ڕەمزی و خۆڕاگریی تاکەکەسیی کچان بەرانبەر بە هێزە ئەمنییەکان بە مشتی گرێدراوەوە، سروودی حەماسی و ناڕەزایەتی، ڕێپێوانی هێماداری ژنان بەبێ سەرپۆش، سەما و سووڕانەوە بە دەوری ئاگری لەچکەکاندا، مێزەرفڕێدان و وێنەی گرافیتی و هتد، هەر هەموویان بەشێک لە تایبەتمەندی و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ئاخێزە شکۆدارە بوون.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، سەرەڕای ئەو دەستکەوتە مەزنانەی کە هەیبوو و سەرەڕای ئەو شەوق و هیوایەی لە کۆمەڵگادا دروستی کرد، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت بە هێزی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ببێتە بڕبڕەی پشتی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان و بە گوشارخستنە سەر شاڕەگەکانی ئابووریی ڕژیم، ماشێنی سەرکوتی ڕژیم پەک بخات، نەیتوانی درێژە بە پێشڕەوییەکانی بدات. لە ڕاستیدا، سەرکوتی مێژوویی و بەرنامەبۆداڕێژراو دژ بە بزووتنەوەی کرێکاری، کارەساتی بێکاری و هەژاریی پێکهاتەیی، نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران و نەبوونی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری، لەو کۆسپانە بوون کە ڕێگربوون لە بەشداریی بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکەی ژینادا. ئامادەنەبوونی چینی کرێکار لەم بزووتنەوە سیاسییەدا سەلماندی کە هەموو پێداویستییەکانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە هاوکات و هاوئاهەنگ ئامادە نابن و هەڵکشان و داکشانەکانی خەبات لە سەردەمی شۆڕشگێڕانەدا لەم ڕاستییانەوە سەرچاوە دەگرێت. جیا لەم هۆکارە بنەڕەتییە، توندیی سەرکوت و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ڕێکنەخراویی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی دەرەوەی ناوچەیی، و نەبوونی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری بە ئاسۆ و ستراتیژییەکی سیاسیی ڕوونەوە، یەکیان گرت و وایان کرد کە ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە لە فۆڕمی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکاندا پاش سێ مانگ دابمرکێتەوە.

*****

لەئێستادا کۆمەڵگای ئێران لە هەلومەرجێکدا پێ دەنێتە بەردەم چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بارودۆخی سیاسیی ئێران بەتەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی چەقبەستوویی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە شەڕ و، شکستهێنان و بێتواناییان لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنانێکی یەکجاریی پێی. لەم چەقبەستوویی و داماوییەدا، شەڕەکە لە پراکتیکدا فۆڕمێکی درێژخایەنی بەخۆوە گرتووە و هەردوو لا بە دروستکردنی ئاڵۆزیی سەربازی و پەرەپێدانی شەڕی دەروونی، هەوڵ دەدەن خوێندنەوەی خۆیان بۆ دەرەنجامەکانی شەڕەکە جێگیر بکەن و هێزی مامەڵەکردن و وەرگرتنی ئیمتیازات لە دانوستانەکاندا بەرز بکەنەوە. بەڵام ئەم دۆخە و درێژەکێشانی، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەکی زۆر سەختتر و لەرزۆکترەوە. حکوومەتی ئیسلامی لە ئاکامی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە و بەهۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوت، بۆ دابینکردنی تێچووە قورسەکانی درێژەدان بە شەڕ و بەپێوەڕاگرتنی ماشێنی جەنگییەکەی، کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەی شەڕی ناوخۆییشدا، بەهۆی قەبارەی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، پەرەسەندنی بێکاری، داڕمانی بێ‌وێنەی بەهای دراوی ناوخۆیی، بەرزبوونەوەی سات بە ساتی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، قەیرانی کەمئاوی و وزە، و ئەو بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویەتی، کەوتووەتە بەر مەترسیی سەرهەڵدانێکی جەماوەری و تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی.

کۆماری ئیسلامی لە ئاست دوژمنی دەرەکیدا سیاسەتی سازانی گرتووەتە بەر. لێکتێگەیشتنی ١٤ خاڵی، بەڵگەنامەی ستراتیژیی سازانی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا. لە کاتێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ئەم لێکتێگەیشتنە، ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا بەو ئامانجەن کە بە باجێکی کەمتر ئەم سیاسەتی سازانە بباتە پێشەوە. بەڵام هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی، بەرەی سەرەکیی شەڕەکەی بە بەرەی شەڕی ناوخۆ دیاری کردووە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی حاشاهەڵنەگری پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی “مەترسی”ی تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری، خۆی ئامادە و تەیار کردووە. بەردەوامی و پەرەسەندنی شەپۆلی لەسێدارەدان و گرتن و بەندکردنەکان، پەسەندکردنی گەڵاڵەی ئەمنیی ڕژیم لەژێر ناوی “گەڵاڵەی بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی بێگانە” لە مەجلیسی ئیسلامیدا، و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەرکردایەتیی سپا و هێزەکانی بەسیج و دەزگای دادوەریدا کراون، هیچ گومانێک ناهێڵنەوە کە کۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو و بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو خۆی بۆ سەرکوتێکی خوێناوی ئامادە دەکات. سەرکوتگەلێک لە چەشنی خەڵتانی خوێنکردنی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨ کە وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین ڕووی دا و لە ماوەی ٥ ڕۆژدا خوێنی ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەرانی لەسەر شەقامەکان ڕشت، یان کۆمەڵکوژییەکی هاوشێوەی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کە لەو ڕۆژانەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی کۆمەڵکوژ کرد و دەیان هەزار کەسیشی ڕەوانەی زیندانەکان کرد.

لەم ڕووەوە، کاتێک باس لە ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەبێ دوور لە هەر جۆرە خۆشباوەڕییەک، ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرین کە لە بۆسەدایە. ڕەوتی ئەم بارودۆخە لە هەموومان، هێزە شۆڕشگێڕەکان و تەواوی چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەخوازێت، کە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەزگای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی، هەوڵ بدەین تا ئەم تووڕەیی و ناڕەزایەتییە گشتییە بەرەو ئاراستەی پەرەپێدانی هۆشیارانە و ڕێکخراوەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان ببەین و ڕێڕەوی بۆ دیاری بکەین. دەبێت هۆشیارانە هەوڵ بدرێت کە ئەم تووڕەیی، ناڕەزایەتی و بێزارییە گشتییە نەبێتە بزووتنەوەیەکی کوێر و خۆڕسک و نەبێتە زەمینەیەک بۆ جووڵەی ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی شەڕانگێز و خۆراکی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی خانەنشینانی بەشە جیاوازەکانی پیشەسازیی پۆڵا لە تاران، مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفێرانی بارهەڵگر، مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، مانگرتنی سەرتاسەریی پەرستاران و مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی و ناوەندە پیشەسازییەکانی دیکە لە ساڵانی دواییدا، سەلماندوویانە کە توانای ڕێکخستن و وەڕێخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بوونی هەیە. دەبێت هەوڵ بدرێت ئەم ڕووبار و ناوەندانەی ناڕەزایەتی و خەباتە یەک بگرن. پێکهێنانی تۆڕێکی پێکەوەگرێدراو لە چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا لەم پێناوەدا بگێڕێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە توندکردنەوەی سەرکوت بووەتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ستراتیژیی مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بووەتە تاکتیکی بنەڕەتیی دەزگای سەرکوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، دەبێت پاشەکشەپێکردن و تێکشکاندنی ئەم ستراتیژییە یەکێک لە گرنگترین کارەکانی ڕەوتە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان بێت. هەر لەم ڕاستایەدا، پێویست و زەروورە کە هاوکات لەگەڵ داواکاریی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و جەختکردنەوە لەسەر داخوازییەکانی وەک زیادکردنی حەقدەست، تەندروستی و پەروەردەی بێبەرامبەر و بیمەی بێکاری، دروشمی ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بکرێتە بەشێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

لە کوردستانیشدا، گرنگترین ئەرکی ئێمە یارمەتیدانی ئامادەکردنی کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئێستای ئەم قۆناغە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. ئەم دەرفەتانە نە بە هیوابەستن بە دەستتێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان، نە لە ڕێڕەوی چەوتی حیزبە ناسیۆنالیستەکانەوە کە جارێک دەهۆڵی سیاسەتی شەڕانگێزی و جارێکی تر دەهۆڵی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی لێ دەدەن، بەڵکوو تەنها لە ڕێگەی هاندان و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژ بە شەڕ و گرانی، بێکاری، کەمیی ئاو و کارەبا، دژ بە کوشتاری کۆڵبەران و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، و هەروەها پتەوکردنی گرێدراوی و هاوپشتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران و، هێنانەگۆڕی ئەو دروشم و تاکتیکانەی کە گونجاون لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئەم قۆناغەدا، دەستەبەر دەبن. لەنێو جەرگەی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانەدایە کە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە و، پێکەوەگرێدانی تۆڕی چالاکان و ڕێکخەران لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا دێتە ئاراوە. هەڵسووڕاوان و چالاکانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی تر، تەنیا بە ڕۆڵگێڕان لەم ڕێڕەوەدایە کە دەتوانن ئەرکە قورس و چارەنووسسازەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا بەجێ بێنن.

تەنها بە هاندان و گەشەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دژ بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و ئەو بێ‌مافییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی، دەکرێت دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەکان، بنکەکان، شۆراکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گوند و گەڕەکی شارەکان و هەروەها دامەزراندنی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکاندا. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەر جۆرە بۆشاییەکی کارگێڕی لە بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی کۆمەڵگادا کە بەهۆی لاوازیی حکوومەتی ناوەندییەوە لە هەر بارودۆخێکدا دروست دەبێت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە جەماوەرییە هەڵقوڵاوەکان لە ناخی جەماوەرەوە پڕ بکرێتەوە. تەنیا بە دروستکردنی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییانەیە کە بە باشتربوونی هاوسەنگیی هێز، کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستان توانای ئەوەیان دەبێت لە خوارەوە و بە پشتبەستن بەم دامەزراوانە، ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٩ی خەرمانانی ١٤٠٥

١٠ی سێپتامبری ٢٠٢٦