بە پێی هەواڵێک کەلە شاری سنەوە بەدەستمان گەیشتووە، ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی رەشەممە، گرووپی شاخەوانی و ژینگەپارێزیی”چلچەمە”رێورەسمێکی شکۆمەندیان لە دەڤەری شاری سنە بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن بەرێوەبردووە.
رێورەسمەکە سەرەتا بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەیادی سەرجەم گیانبەختکردووانی رێگای ئازادی و بەرابەری ئینسانەکان و بۆ رێزگرتن لەیادی ئەو ژنانەی کە بەهۆی سۆننەتی ئیرتجاعی و فەرهەنگی دواکەوتووانەی پیاوسالارییەوە گیانی ئازیزیان بەختکردووە دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن یەکێک لە ژنانی ئامادەبوو لەو رێوڕەسمەدا، باسێکی تێروتەسەل لەمەڕ رۆژی جیهانی ژن، مافەکانی ژنان لە نێو کۆمەڵگادا، خەبات لەدژی هەڵاواردنی رەگەزی و توندووتیژی دژی ژنان و هەروەها مەحکوم کردنی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی ناموس پێشکەش کرا.
هاوکات بڕیارنامەی گرووپی شاخەوانی و ژینگەپارێزیی”چلچەمە” بەبۆنەی ی مارس رۆژی جیهانی ژن، لەلایەن یەکێکی دیکە لەژنانی بەشداربوو لەو رێوڕەسمە بڵاوکرایەوە و لە دەستپێکی ئەو بڕیارنامەیەدا، باس لەسەر گرینگی یەکیەتی بزوتنەوەی ژنان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاران و هەروەها ئازادی چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی کرێکاران کرابوو.
لەکۆتاییدا رێوڕەسمەکە بە خویندنەوەی سرودی ٨ی مارس لە لایەن بەشداربووان و بە هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشیەوە کۆتاییهات.
هەینی ٢٠ی رەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی