فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنان یەکەمین قوربانییانی هەڵاواردن لە بازاڕی کار
چوارشەممە ۰۳-۰۱-۱۴۰۱   |  23-03-2022
ژنان یەکەمین قوربانییانی هەڵاواردن لە بازاڕی کار

بەپێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ٦٠ لەسەدی پیشەکانی ئێران غەیرە ڕەسمین  و بەشێکی بەرچاو لەم پیشە غەیرە ڕەسمییانە ژنان ئەنجامی دەدەن. هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ئامارێکی ورد لە ژمارەی کرێکارانی ژن بوونی نەبێت. ئەمڕۆ لە ئێران هەروەک باقیی شوێنەکانی جیهان و سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگای چوونی ژنان بۆ ناو بازاڕی کارن، ژنان بەشێکی حاشاهەڵنەگری هێزی کار پێک دێنن. لەم باروودۆخەدا خاوەنکارانی هەر دوو بەشی دەوڵەتی و خسووسی بەئامانجی دانی حەقدەستی کەمتر، پێیان باشتر وایە کە لە هێندێک لە پیشەکاندا لە کرێکارانی ژن کەڵک وەربگرن. خاوەنکاران و سەرمایەداران بەپێی غەریزەی چینایەتییان بەوە گەیشتوون کە هەرکات قەیرانە ئابوورییەکان داوێنگیری نیزامی سەرمایەداری بوون، هەرکات بەرنامەی دەرکردنی هێزی کار کەوتە دەستووری کارەوە، ژنانی کرێکار ئاستانتر دەبنە قوربانیی شەپۆلی بێکارکردن. لەم ڕووەوە خاوەنکاران هەمیشە لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە هێزی کاری هەرزان بەهرەمەندن. لەئێستادا ڕێژەی بێکاریی ژنان سێ بەرابەری پیاوانە و ژنان لە زۆربەی ناوەندەکانی کار لەوانە کارگەکانی بەرهەمهێنان کەمتر لە لانیکەمی پەسندکراوی شۆرای باڵای کار حەقدەست وەردەگرن، بەڵام بەهۆی بێبەری بوون لە بیمەی بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و ترس لە بێکاربوون نەتەنیا سکاڵایەک ناکەن بەڵکوو زۆربەیان بێدەنگی دەگرنە بەر. 

ڕێژەی بێکاریی ژنان تەنیا بەرێکی واقعییەتە و بەرەکەی دیکە ئەو کێشە و گرفتانەن کە ڕۆژانە ژنانی کرێکار لە شوێنی کار لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە.  ژنانی کرێکار بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە شوێنی کار لە ڕووی ئاستی حەقدەست و خزمەتگوزاریی پیشەیی لەچاو پیاوان زۆریان جیاوازی هەیە و لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا سەرەڕای کاری هاوشێوە و ڕێژەی چەوسانەوەی بەرابەر لەگەڵ پیاوان، شەست لەسەدی حەقدەستی کرێکارانی پیاویان پێ دەدرێت. هەروەها ژنانی کرێکار کە زیاتر بە گرێبەستی کاتی کار دەکەن حەقدەستی کەمتر لە لانیکەمی پەسەندکراوی شۆرای کار وەردەگرن و سەرەڕای کاری سەخت و تاقەتپڕووکێن لە نەبوونی بیمەی ڕەنج دەبەن. لەو نێوەدا ژنانێکی کرێکار هەن کە سەرپەرستی بنەماڵەیان وەئەستۆیە و تەنیا ناندەرهێنی بنەماڵەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران ژمارەی ژنانی سەرەپەرستی بنەماڵە لە ساڵی ٩٨دا زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە. ئامارە غەیرە ڕەسمییەکانی ساڵی ١٤٠٠یش باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێران لە پێنج ملیۆن کەس تێپەڕیوە. ئەم ژنانە کە لە بازاڕی کاری غەیرە ڕەسمیدا خەریکی کارن لە هیچ پشتیوانییەک لەوانە مافی بیمە بەهرەمەند نین. سەرەڕای زیاتر لە پێنج ملیۆن ژن کە سەرپەرستی بنەماڵەیان وەئەستۆیە، ژنانێکیش مەجبوون لەگەڵ هاوسەرەکانیان کار بکەن و یارمەتیدەری دابینکردنی بژیوی بنەماڵە بن. ژمارەیەکی بێئەژمار لەم گرووپە لە ژنان ڕوویانە کردووەتە بازاڕی کاری غەیرە ڕەسمی و زۆربەیان لە کارگە ژێرزەمینییەکانەوە بگرە تا ئاگالێبوون لە بەساڵاچووان و نەزافەت خانە و شوێنی کاری کەسانی تر، خەریکی کارن.

بەپێی هێندێک لە ئامارەکان لە ئێران نزیک بە ١٠ ملیۆن کرێکاری ژێرزەمینی و یان ژێرپلەیی بوونی هەیە کە لانیکەم ٣ ملیۆن کەسیان ژنن و وەک کرێکاری بێدەنگ و کەمتر دیتراو باسیان لێ دەکرێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەتی بەسەر کرێکارانی ژێرپلەیی و یان ژێرزەمینیدا چاوەدێرییان نییە.  لەحاڵێکدا کە ناوەندە دەوڵەتییەکان هێڵی هەژارییان لە نێوان ٩ تا ١١ ملیۆن تمەن لە مانگدا ڕاگەیاندووە، پەیمانکارەکانی بەشی خسووسی بەم ژنانە بڕی نزیکەی ٨٠٠ هەزار تا یەک ملیۆن تمەن لە مانگدا دەدەن.

واقعییەتی مێژوویی موناسباتی سەرمایەداری بەتایبەت لە ئێران نیشانی داوە کە ژنانی کرێکار لەچاو هاوچینە پیاوەکانیان زیاتر لەژێر ستەم دان. هەر لەسەر ئەم ئەساسە ژنانی کرێکار لە بازاڕی کاردا زۆربەیان کاری سەختی خزمەتگوزاری، کاری ناپسپۆڕانە، نیوەوەخت  و بە گرێبەستی کاتی و بە خوارترین ئاستی حەقدەستەوە بەنەسیبیان دەبێت. ئەگەرچی باروودۆخی کار و کێشەی ژنانی کرێکار لە کارخانە و کارگەی چکۆلەی ژێر زەمینی و ژێرپلەیی و یان ژنانێک کە خەریکی کاری خزمەتگوزارین لەگەڵ ژنانێک کە لەناو ماڵەکاندا کار دەکەن تا ڕادەیەک جیاوازە، بەڵام سەرەڕای هەموو جیاوازییەک بەرژەوەندییەکانیان هاوبەشە و هەر ئەم بەرژەوەندە هاوبەشانە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە بەرامبەر خاوەنکاران و نیزامی سەرمایەداری دێنێتە ئاراوە.

لەم ڕوانگەوە ئەرکی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و چالاکانی ژنی سۆسیالیستە کە بە ڕوانینێکی چینایەتییەوە سەرەنج بدەنە پرسی ژنانی کرێکار و پێداویستییەکانی خەباتیان. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ژنانی کرێکار شان بە شانی هاوچینە پیاوەکانیان، بە ئاسۆی خەبات بۆ ڕیشەکێشکردنی هەرجۆرە هەڵاواردنێکی چینایەتی و جنسییەتی، هەوڵ بۆ وەدیهێنانی خواستە خێراکانیان بخەنە دەستووری کارەوە. لەسەر بەستێنی ئەم خەباتەیە کە زەمینە بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری چینایەتیی سەربەخۆ لە دەوڵەت بۆ کرێکاران ئامادە دەبێت. لە جەرگەی ئەم خەباتە یەکپارچە و یەکگرتووانەدایە کە دەکرێت نەریتی پیاوسالاری و نیگای پیاومیحوەر لەناو بزووتنەوەی کرێکاریشدا بەشێوەیەکی کاریگەر ببردرێتە ژێر پرسیارەوە. ئەزموونی هەتا ئێستا نیشانی داوە کە ژنان بە بەشداریی بەرینی خۆیان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، بە شکڵدانی خۆڕاگریی بەرین دژبە یاسای دژەژنی کۆماری ئیسلامی، بە بەشداریی پڕڕەنگی خۆیان لە خەبات دژبە قەیرانی کەمئاوی لە خووزستان و ئیسفەهان، بە حزووری بەرچاوی خۆیان لە پێشەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، بە هەڵکردنی ئاڵای داخوازیی ڕزگاریبەخشی خۆیان لە ڕێوڕەسمەکانی ٨ی مارس، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنیان بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. پێویستە هەوڵ بدرێت کە خواستی نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژبە ژنان بکەوێتە سەرووی داخوازیی بزووتنەوەکانەوە. ڕێکخراوی سەربەخۆ لە دەوڵەتی ژنان دەتوانێت لە جەرگەی درێژەی خەباتی ژناندا پێک بێت و یارمەتیدەری هەرچی جەماوەریترکردنەوەی بزووتنەوەی ژنان بێت.