فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕ لە ئۆکراین و یەمەن، دوو هەڵسووکەوتی جیاواز
پێنجشەممە ۰۴-۰۱-۱۴۰۱   |  24-03-2022

شەڕ لە ئۆکراین و یەمەن، دوو هەڵسووکەوتی جیاواز

لە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی مارس لە کۆنفڕانسی کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بۆ یەمەن، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هاوکاریی دەوڵەتانی سوێد و سویس، تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو سێ ملیارد و نۆسەد ملیۆن یۆرۆیەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردبوو، کۆکرایەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە باروودۆخەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لەم وڵاتە کارەساتبارتر دەبێت. ساڵی ڕابردووش تەنیا یەک ملیارد و چوارسەد ملیۆن یۆرۆ لە سێ ملیارد و سەد و هەشتا ملیۆن یۆرۆیەک کە دەوڵەتانی جۆراوجۆر بەڵێنیان دابوو بیدەنە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆکرایەوە. سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر ئەوکات باسی “حوکمی مەرگـ”ـی ملیۆیان کەس لە خەڵکی یەمەنی دەکرد. گاڵتەی مێژوو ئەوەیە کە عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، هەر ئەوانەی کە هێزە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی هێرش بۆسەر یەمەن پێک دێنن، زۆرترین بەشیان وەئەستۆ گرتووە تا لەم ڕێگەوە شایەد بتوانن دەستی خوێناوییان بشۆنەوە. لە چەندین ڕۆژ پێشترەوە هەموو نیشانە و هۆشدارەکان دەرخەری ئەوە بوون کە ژمارەیەک لە دەوڵەتان، مەسیری ئەو بوودجانەی کە بۆ یەمەن تەرخانیان کردبوو، بەرەو ئۆکراین گۆڕیویانە. دەوڵەتی ئاڵمان کە بەڵێنی دانی یارمەتیی دووسەد ملیۆن یۆرۆیی بۆ یەمەن بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابوو، ئەمساڵ بۆ ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ کەمی کردەوە. بەڵام هەر ئەم دەوڵەتی ئاڵمانە دەستبەجێ سەد ملیارد یۆرۆی بوودجەی تایبەت بۆ بردنەسەرەوەی هێزی نیزامیی خۆی پەسند کرد کە وڵامێکە بە هێرشی ڕووسیە بۆسەر وڵاتێکی ئەورووپایی. دەوڵەتی ئیتالیا بوودجەی نیزامیی خۆی سێزدە ملیارد بردە سەرێ. ئاستی بوودجەی نیزامیی ئەمریکا بۆ زیاتر لە ٨٠٠ ملیارد دۆلار بەرزکرایەوە و هەر لەم سێ حەوتووەی دەستپێکی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین ملیۆنان دۆلار چەک بۆ ئەم وڵاتە ناردراوە. دوای ئەمریکا، ئینگلیس لافاوێک لە چەکی مۆدێرنی بەرەو ئۆکراین ڕەوانە کردووە.

هەموو ئەوانە لە حاڵێکدان کە بەپێی ئاماری ڕەسمی ١٧ ملیۆن لە جەمعییەتی سی ملیۆنیی یەمەن بۆ زیندوو مانەوە پێویستییان بە یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ڕێکخراوی یارمەتی لە ڕۆژانی بەر لە کۆنفڕانسەکە هۆشداری دابوو، کە لە نیوەی دووهەمی ساڵدا ژمارەی برسییەکان لە یەمەن گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن کەس و یەک ملیۆن و سێسەد هەزار کەس لە دایکانێک کە منداڵیان لە زگ دایە و یان دەبێت شیر بدەن بە منداڵەکانیان، بەشێک لەم جەمعییەتە برسییە پێک دێنن. بەپیێ ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لانیکەم دوو ملیۆن و دووسەد هەزار منداڵ لە بەدخۆراکی ڕەنج دەبەن و لە دەسپێکی شەڕەوە لە ساڵی ٢٠١٥ لانیکەم سێسەد  و هەشتا هەزار کەس کوژراون. بەرپرسی هاوئاهەنگیی یارمەتیی مرۆیی بۆ یەمەن لە وتەکانی دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا ڕۆژی چوارشەممە وتی “کەرەستەی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی یەمەن ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێویستە ئەم پەیامە بە خەڵکی یەمەن بگەیەنێت کە جیهان ئەوانی لەبیر نەچووەتەوە”. هەڵبەت هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە جیهان یەمەنی لەبیر کردووە. یەکێک لە دواهاتەکانی دیکەی شەڕ لە ئۆکراین گەمارۆکانی ئابوورییەکانی ڕۆژاوا دژبە ڕووسیە و بردنەسەرەوەی سی لەسەدیی قیمەتی دانەوێڵەیە. هەموو ئەمانە بۆ خەڵکی یەمەن هیچ شتێک نین بێجگەلە دانی پەیامی باروودۆخێکی کارەساتبارتر.

لەئێستادا زیاتر لە حەوت ساڵ بەسەر هێرشی نیزامیی هاوپەیمانان بە ڕێبەریی عەرەبستان لە بیست و پێنجی مارسی ٢٠١٥ بە بەشداریی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، قەتەر، میسر، ئۆردۆن، مەراکێش، سێنێگاڵ و سوودان تێدەپەڕێت. ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم دەستدرێژییە نیزامییە، هاوئاراستەکردنی شەڕی ناوخۆیی یەمەن بەقازانجی دەوڵەتی “عەبد ڕەبە مەنسوور هادی” سەرۆک کۆماری یەمەن بوو کە بە کوتانی پێگەی حوسییەکان و وەفادارانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتە شکڵی گرت. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لۆبنانیش دەستیان دایە پشتیوانی و ناردنی کەرەستەی شەڕ بۆ حوسییەکان(واتە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا) و بەمجۆرە خەڵکی یەمەن بوون بە قوربانیی شەڕێکی کۆنەپەرستانەی نیابەتی، کە لەنێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستاندا هاتبووە ئاراوە. لە ڕوانگەی عەرەبستانەوە دەخاڵەتی ئەم وڵاتە لە کاردانەوە بەو هەڕەشانە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە هەماهەنگی لەگەڵ حوسییەکان لە سنوورەکانی باشووری عەربستان ئەنجامی دەدا. ئەوان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی بەنیازە تا حوسییەکان بکاتە حیزبوڵڵای یەمەن. کۆماری ئسیلامیش دەخاڵەتی خۆی بە دیفاع لە بەرژەوەندی ستراتێژیکی خۆی لە گرینگترین ڕێگای ئاویی گواستنەوەی وزەی جیهان پاساو دەکات و دەخاڵەتی نیزامیی عەرەبستان “براکوژی”، “مسوڵمانکوژی”، “مەزلوومکوژی”، “پیلانگێریی ئیستکباری جیهانی” وەسف دەکات و پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات. لەم شەڕە خوێناوییەدا نەتەنیا ئەمریکا بەڵکوو هەموو وڵاتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا مۆدێرنترین چەک و کەرەستەی پێشکەوتووی شەڕیان هەم بە عەرەبستان و هەم بە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە فرۆشتووە.

بێگومان شەڕێک کە بە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین دەستی پێکردووە شەڕێکی دژەئینسانییە کە قوربانییانی ئەو خەڵکەن کە گیان و ماڵ و دار و نەداریان بەو بۆمبانەی کە بەسەریاندا دەبارێت لەناو دەچێت. بەڵام دواهاتەکانی ئەم شەڕە یەکجار بەرینتر لە کاولکاریی و ئاماری قوربانییانە. کاتێک کە بەناوی خەبات دژبە شەڕ و لە جەرگەی تەبلیغاتی بەریندا، خەڵک بەشوێن ئەم یان ئەو جەمسەری سەرمایەدا بەڕیز دەبن، کاتێک ڕاسیسم و ناسیۆنالیسم لە دوو بەری ئەم شەڕەدا دەرفەتی سەرهەڵدانیان بۆ هەڵدەکەوێت، کاتێک بزووتنەوەی دژی شەڕ لە وڵاتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا لە ناوەرۆکیی واقعیی خۆی بەتاڵ دەکرێت و فەرامۆش دەکرێت کە ئەم شەڕە شەڕی نێوان جەمسەرەکانی سەرمایەدارییە، کاتێک گرتنەوەی بیروڕای گشتی دەکەوێتە خزمەت بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتانەی کە بوونەتە زەمینەسازی ئەم شەڕە، کاتێک میدیای زاڵ تەنانەت لە درزێکیشەوە ڕێگە نادات کە شەڕە نیابەتییەکانی تر لەوانە شەڕی حەوت ساڵەی یەمەن ڕەنگدانەوەی بێت، ئەو کات مەعلووم دەبێت کە چ دیمەنێکی پێچەوانە لە واقعییاتی جیهانی سەرمایەداری، کێبەرکێ و شەڕەکانیان نیشان دەدرێت. لێرەدایە کە ئیتر ئەفغانستان، عێراق، سووریە، لیبی، سووماڵی، سوودان و سەرەنجام ملیۆنان مرۆڤی برسی لە یەمەن ناخرێنە بەرچاوی بیروڕای گشتی چونکە خەڵکی وڵاتانی جیهانی غەیرە ئەورووپایین. شەو و ڕۆژ وێنەی ئاوارەکانی ئۆکراین لە هەموو شوێنک دەبیندرێن، و لە هەموو شوێنێک سەرانی پەیمانی ناتۆ و دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا وەک چەکێک دژبە ڕووسیە لە تەبلیغاتی شەڕدا بەکاریان دێنن. بەڵام لە نێو ئەم هەراوهوریا و تەبلیغاتە جەنگییەدا، جەستەی لاوازی پیاوان و ژنانی یەمەن کە هێزێ تێرکردنی منداڵەکانیان نییە، واتە ئەو خەڵکە شەڕلێدراوەی کە ماڵەکانیان بە چەکی ناردراوی دەسەڵاتەکانی “ناتۆ” بەسەریاندا دەڕووخێت، بە فەرامۆشی دەسپێردرێن.