فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بوارێکی دیکە لە شکستی ڕژیمی ئیسلامی
یەکشەممە ۰۷-۰۱-۱۴۰۱   |  27-03-2022

بەپێی ڕاپۆرتەکان دەیان کەس لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە و ئۆستانە کوردنشینەکان لەوانە شارەکانی سنە، مەریوان، کامیاران، سەقز، بۆکان، پیرانشار، بانە، شنۆ، ورمێ، ڕەبەت، خۆی، سەڵماس و ماکۆ بانگهێشت و دەستبەسەر کراوان. هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە یەکەمین ڕۆژەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١ەوە بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە پارکی “کوودەکـ”ـی سنە سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێوڕەسمانە بەناوەکانی “سۆهراب جەلالی”، “فواد عەنایەتی” و “جەماڵ ئەسەدیـ”ـیان دەستبەسەرکرد. هەر لەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی دیکە لە بەشداربووان لەوانە “بەتول عەزیمی” هاووڵاتیی ٧٠ ساڵە، “تاهیرە شێمشەکی”، بەهرام بەهرامی فەرد” و تازەلاوی ١٤ ساڵان “ئارینا سەلیمیـ”ـش دەستبەسەرکران و ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە بە قەراری کەفالەت و بەڵێنی بەنووسراوە ئازاد کران. ناوەندە ئەمنییەکان پێشتر بە ئامانجی توندکرنەوەی فشارەکان بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز زیاتر لە ٤٠ کەس لە دانیشتووانی گوندی “نەی” سەر بە ناوچەی مەریوانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کردبوو و بۆ ماوەی نزیک چوار سەعات بازجووییان کردبوون و داوایان لە چالاکانی مەدەنی کردبوو کە ڕێوڕەسمی دەستەجەمعی بەڕێوەنەبەن و لە هیچ ڕێوڕەسمێکیشدا بەشداری نەکەن. ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی گوندی “تەنگی سەر” لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە لەڕێگەی تەلەفونەوە هەڕەشەیان لێکرا و ژمارەکیشیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری سنە بانگ کران.

ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە هێزەکانی یەگانی ویژە، بە هێرش کردنە سەر ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شنۆ لە ئۆستانی ئازەربایجانی غەربی، بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ و بەکارهێنانی گولـلەی ساچمەیی، ئەم ڕێوڕەسمانەیان تێک داوە. ناوەندە ئەمنییەکان لە باقیی شارە کوردنشینەکانیش هۆشداریان دابوو کە هەرجۆرە ڕێوڕەسمێکی خەڵک پێویستی بە ئیزنی ڕەسمیی فەرمانداری و هەروەها بەدەستەوە گرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامییە لەلایەن بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمانەوە. هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها هەوڵیان دابوو کە بە وەرگرتنی بەڵێن و ئیمزا لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لە بڵاوبوونەوەی ئاوازی حیماسی حیزبەکانی کوردستان، سەما و هەڵپەڕکێی تێکەڵی ژنان و پیاوان، و بەدەستەوەگرتنی گوڵی سوور و باقیی هێماکانی ناڕەزایەتی بە جیددی ڕێگری بکەن کە بەخۆشییەوە نەیانتوانی ئەم حوکمە بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەر لەم شەپۆلە ڕەشبگیرییە و بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، کارناواڵی فەرمایشیی نەورۆزیی ئەقوامی ئێرانیی بەڕێوەبرد. ئەم کارناواڵە نەورۆزییەی ڕژیم وەک حێژنی جیهانیی نەورۆز لە باغی تارانەوە دەستی پێکرد و پاش گەڕان لە شارەکانی کرماشان و هەمەدان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەممە گەیشتە شاری سنە. ئەم کارناواڵە فەرمایشییە لەلایەن ناوەندە دەوڵەتییەکان و لەژێر چاوەدێریی ئیرشادی ئیسلامی لە شەقامی فێردۆسی، خانەی کورد و وەرزشگای گوڵانی شاری سنە بەڕێوەچوو. بەڵام لەو جێگەوە کە ئامانجی ڕژیم لە بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کۆبوونەوە دەوڵەتییانە بۆ خەڵک ناسراوە، خەڵکی سنە بایکۆتیان کرد. لە بەرامبەردا، بە ڕەسمی ساڵانی پێشوو و بە هیمەت و هاوکاریی کچان و کوڕانی ناڕازی لەم حکوومەتە، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ڕێکخراوتر و بە بەشداریی جەمعییەتێکی بەرینتر لە خەڵک بەڕێوەچوون. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کە لەم ڕۆژانەدا لە سێبەری خۆشی دەترسێ و نیگەرانە لەوەیکە ئەم ڕێوڕەسم و کۆبوونەوانە لە شارەکانی کوردستان ببنە چەخماخەیەک بۆ هەڵگیرسانی ئاگری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، لە شارە جۆراوجۆرەکان هێرشی کردە سەر ئەم ڕێوڕەسمانە و دەیان کەسی دەستبەسەرکرد.

دەستبەسەرکردنی بەرینی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانە، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، خۆڕێکخستنی جەماوەریی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان یەکجار دەسترسێن. بەڕێوەبردنی جێژن و شادیی نەورۆز کە بەرەبەرە بووەتە سوننەتێکی جێکەوتوو لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بووەتە کابووسێک بۆ سەرانی ڕژیمی ئیسلامی. خەڵک لەم بوارانەدا گەلێک ئەزموونیان بەدەست هێناوە و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە شکۆدارە جەماوەرییەکان نیشانیان داوە کە ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت و ڕەشبگیری نەتەنیا ناتوانێ لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە ڕێگری بکات، بەڵکوو ئەوە خەڵکن کە بە بەشداریی جەماوەریی خۆیان لەم ڕێوڕەسمانەدا دەسەڵاتی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی دەبەنە ژێر پرسیارەوە و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیش دەکەنە مەیدانی شکستی ڕژیمی ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر شادی و خۆشیی ژیانی خەڵکدا سەری وەبەرد کەوتووە و هەوڵەکانی لەم بوارەدا بێ ئاکامە. خەڵکی کوردستان لە ئەزموونی جێگای متمانە بۆ ڕێکخستنی سەرتاسەری لە کوردستان لەپێناو گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی خۆیان بەهرەمەندن. جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە کە تەنها بە ناڕەزایەتیی گشتییە کە دەکرێت گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆسەر چالاکان و هەڵسووڕاوان پاشەکشەی پێ بکرێت و ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی ئێران زەمینگیر بکەن.