فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

منداڵهاوسه‌ری، له‌ناوبردنی دنیای منداڵان
یەکشەممە ۱۴-۰۱-۱۴۰۱   |  03-04-2022

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا و داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ١٣١ هەزار منداڵی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن لە ئێران هاوسەرگیرییان کردووە. هەروەها لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٧٩١ منداڵ لە دایکانی ١٠ تا ١٤ ساڵ لە دایک بوون. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی ٩٦دا، ٣٣ هەزار و ٣٧١ کچی ژێر تەمەنی ١٥ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە. ‌هەروەها ٣٠ هەزار و ٥٣٢ کەس لە کچانی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن لە ساڵی ٩٧، ٢٨ هەزار و ٤١٢ کەس لە ساڵی ٩٨، ٣١ هەزار ٥١٨ کەس لە ساڵی ٩٩، ٧ هەزار و ٥٢٩ کەس لە ساڵی ١٤٠٠دا هاوسەرگیرییان کردووە.  بەپێی هەر ئەم ئامارە لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ٤٢ کەس لە کوڕانی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن لە ساڵی ٩٦دا هاوسەرگیرییان کردووە. هەروەها ٢٩ کەس، ٢٣ کەس، ٢١ کەس و هەشت کەس لە کوڕانی کەمتر لە ١٥ ساڵ بە تەرتیب لە ساڵی ٩٧، ٩٨، ٩٩ و ١٤٠٠دا هاوسەرگیرییان کردووە. ئۆستانی سیستان و بەلووچستان بە لە دایک بوونی ٢٤٨ منداڵ لە دایکانی ١٠ تا ١٤ سال تەمەن لە ساڵی ١٤٠٠دا لە سەرووی ئەم ئامارەوەیە. دوای ئەم ئۆستانە خووزستان بە ٩٢ منداڵ، خوراسانی ڕەزەوی بە ٦٥ منداڵ، گوڵستان بە ٤٦ منداڵ، کرمان بە ٤٥ منداڵ، ئازەربایجانی شەرقی بە ٣٥ منداڵ، خاوەن زۆرترین ژمارەی منداڵانێکن کە لە دایکانی ١٠ تا ١٤ ساڵ تەمەن لە دایک بوون. 

ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ و ئه‌م ئاماره‌ دڵته‌زێنانه،‌ ساڵانێكه‌ كه‌ خه‌بات له‌گه‌ڵ دیارده‌ی منداڵ هاوسه‌ریی له‌ ئێران كردووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ بواره‌كانی چالاكیی داكۆكیرانی مافی ژن و مافی منداڵان. به‌ چاوخشاندنێك به‌سه‌ر لانیكه‌می ته‌مه‌نی یاسایی هاوسه‌رگیریی كچان و كوڕان له‌ ئێران، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ یاسای كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی كۆماری ئیسلامی و فریوكاریی شه‌رعیی ئاخونده‌كان، چلۆن دنیای منداڵانه‌ی كچان و كوڕانی له‌ناو بردووه‌ و ئه‌وان ده‌كاته‌ قوربانییانی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت.

له‌ ئاكامی خه‌باتێكی له‌مێژینه‌ كه‌ بۆ باشتر كردنی باروودۆخ و وه‌دی هاتنی مافی منداڵان له‌ ئاستی جیهان دا ئه‌نجام درا، سه‌ره‌نجام ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ په‌سه‌ند كردنی “په‌یماننامه‌ی مافی منداڵان” له‌ ساڵی ١٣٦٨ دا، هه‌موو كه‌سانی كه‌متر له‌ ١٨ ساڵی، به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی، به‌ منداڵ پێناسه‌ كرد. كۆمیته‌ی مافی منداڵانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، داوا له‌ ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی یاسایی دیاری كراو له‌ وڵاته‌كه‌یان، كه‌متر له‌ ١٨ ساڵه‌، بیبه‌نه‌ سه‌رێ و ته‌مه‌نی یاسایی بكه‌نه‌ ١٨ ساڵ. به‌ پێی كۆنوانسیۆنه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، یونیسێف و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ته‌مه‌نی یاسایی، ١٨ ساڵ دیاری كراوه‌ و هه‌موو جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌كی كه‌متر له‌و ته‌مه‌نه‌‌ قه‌ده‌غه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش كه‌ ئه‌م په‌یمانه‌یان واژۆ كردووه‌ پێویسته‌ یاساكانیان له‌م بواره‌دا به‌پێی ئه‌م په‌یمانه‌ بگۆڕن. ئه‌گه‌رچی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ساڵی ١٣٧٣، له‌ سه‌رده‌می ڕه‌فسه‌نجانی دا، په‌یماننامه‌ی مافی منداڵانی به‌ شێوه‌ی مه‌رجدار واژۆ كرد. به‌ڵام زۆرێك له‌ به‌نده‌كانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ به‌هۆی ناته‌با بوونی له‌گه‌ڵ یاساكانی خۆی و شه‌ریعه‌تی ئیسلام، به‌ئاشكرا ده‌خاته‌ ژێر پێ. ئێعدامی منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ ، بێبه‌ری كردنی ملیۆنان منداڵ له‌ مافی په‌روه‌رده‌، داسه‌پاندنی توندوتیژی دژبه‌ منداڵان، به‌كار هێنانیان بۆ كاره‌ سه‌خت و زیانباره‌كان، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و ناچار كردنیان به‌ هاوسه‌رگیری له‌ ته‌مه‌نی منداڵی دا، له‌ نموونه‌ به‌رچاوه‌كانی پێشێلكردنی مافی منداڵانه‌ له‌ لایه‌ن ڕژیمه‌وه‌. مادده‌ی هه‌زار و ٤١ی یاسای “عه‌قد و نێكاح”، مه‌رجی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پێوه‌ره‌كانی شه‌رع هێشتووه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، له‌سه‌ر ئیزنی سه‌رپه‌رست و دادگا، كوڕ و كچ ده‌توانن به‌رله‌ گه‌یشتیان به‌ ته‌مه‌نی ١٣ و ١٥ ساڵ، هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت ئه‌نجام بده‌ن. یاسای مه‌ده‌نیی كۆماری ئیسلامیش تا ساڵی ١٣٧٩ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه‌ نووسرابوو. واته‌ سه‌ره‌په‌رست كه‌ پیاوه‌، ده‌توانێ كچ له‌ ته‌مه‌نی ٩ ساڵدا به‌شوو بدات و بۆ كوڕیش له‌ ته‌مه‌نی ١٥ ساڵیدا، هاوسه‌ر ئیختیار كات. پاش خه‌باتێكی درێژماوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ یاسایانه‌، سه‌ره‌نجام ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی له‌ ساڵی ٧٩دا قه‌بووڵی كرد كه‌ لانیكه‌م ته‌مه‌نی ١٣ ساڵ بۆ هاوسه‌رگیریی كچان، له‌ناو یاساكانی خۆی دا بگونجێنێ. به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌، كڵاوی شه‌رعیی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان دووری و به‌كرده‌وه،‌ ئه‌م مادده‌یه‌یان به‌ڕێوه‌ نه‌برد.

هاوسه‌رگیریی منداڵان دیارده‌یه‌كی دێرینه له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێراندا‌ كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی كلتووری كۆنه‌په‌رستانه‌ و ئایینیدا، به‌رده‌وام به‌رهه‌م دێته‌وه‌ و ڕژیمی ئیسلامیش پۆششی یاسایی و مه‌ده‌نیی به‌م بیر و باوه‌ڕانه‌ داداوه‌. هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، به‌تایبه‌ت بۆ كچان، كه‌ فه‌راغه‌تی سه‌رده‌می منداڵی و ده‌رفه‌تی كه‌م وێنه‌ی په‌روه‌رده‌ و پشكوتنی توانایی و گه‌شه‌ی فكر و جه‌سته‌ و شكڵ گرتنی كه‌سایه‌تییان لێ زه‌وت ده‌كرێ، سه‌ره‌ڕای تووش بوون به‌ ئاسه‌وار و ئاكامی نه‌خوازراوی ڕووحی و جه‌سته‌یی، كاریگه‌ریی ناخۆش و دواهاتی نه‌رێنی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ و كۆمه‌ڵگا داده‌نێ. بووكی كه‌م ته‌مه‌ن به‌هۆی گوشاری كاری ناوماڵ و سنوورداربوونی ده‌رفه‌تی منداڵییه‌تی، توانای بڕیاردان له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌م كچانه‌ به‌هۆی دووگیان بوونی پێشوه‌خت و ئاشنا نه‌بوونیان له‌گه‌ڵ ته‌وه‌ره‌ جنسییه‌كان، به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگیان له‌سه‌ره‌، به‌جۆرێك كه‌ ڕێژه‌ی قوربانی بوونییان پێنج به‌رابه‌ری كچانی تمه‌نی ٢٠ ساڵه‌.

هاوسه‌رگیریی منداڵان، یه‌كێك له‌ دیمه‌نه‌ مه‌ترسیداره‌كانی توندوتیژی دژبه‌ منداڵان و نموونه‌ی منداڵ ئازاری و كۆیله‌ كردنی ئه‌م نه‌ونه‌مامانه‌ به‌ئه‌ژمار دێت و پێویسته‌ به‌ تاوانی جه‌نایی، له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تی ئابووری، به‌ستێنی په‌ره‌سه‌ندنی هاوسه‌رگیریی منداڵان ده‌خوڵقێنن، ئه‌و شه‌رع و سوننه‌تانه‌ی كه‌ ڕێگه‌ به‌مجۆره‌ هاوسه‌رگیریانه‌ ده‌ده‌ن و به‌رهه‌می دێننه‌وه‌، ڕیشه‌كێش بكرێن. ئه‌و شه‌رع و یاسا دانه‌رانه‌ی كه‌ ئه‌م جه‌نایه‌ته‌، شه‌رعی و یاسایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، پێویسته‌ به‌ دادگا بسپێردرێن و سزا بدرێن، و ئه‌و بابه‌ته‌ش بێگومان، به‌ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی دێته‌ دی. به‌ڵام له‌ هه‌مان حاڵدا پێویسته‌ كلتوور و سوننه‌تی دواكه‌وتوو و پرتووكاوی ئه‌و سه‌رپه‌رستانه‌ی كه‌ كچه منداڵه‌كانیان ناچار به‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، ببردێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. ئه‌وان كه‌ زۆرجار به‌خاتری هه‌ژاری ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ئه‌م كاره‌، پێویسته‌ نیسبه‌ت به‌ دواهاتی یه‌كجار زیانباری ئه‌م كرده‌وه‌یه‌یان، ئاگادار بكرێنه‌وه‌.