فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەم سەرکوتگەرییانە ژنان پاشەکشە ناکەن
دوشەممە ۱۵-۰۱-۱۴۰۱   |  04-04-2022

رۆژی سێشەممە، نۆی مانگی خاکەلێوە، کۆمەڵێکی زۆر لەژنان بۆ بینینی یاری تیمی فووتباڵی ئێران لەقۆناغی موقەدەماتی جامی جیهانی لەگەڵ تیمی فوتباڵی لوبنان لەبەردەم دەرگای ستادیۆمی مەشهەد مانەوەو رێگەی چوونەناوەوەیان لێگرتن. تەنانەت هێزی ئینتزامی بەگازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردەسەریان. ژنێک لەکاتێکدا قسەی بۆ نەدەهات ووتی بەفەرمانی کەسێک بەریان پێ گرتوون. هەرچەند ئەم ژنە هیچ ئاماژەیەکی بەناوی ئەو کەسە نەکردووە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو کەسە “سەی ئەحمەدی عەلەموالهەدی”، حاکمی رژیم لەشاری مەشهەدە. ناوبراو چەندین جاری دیکەش ناوەرۆکی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی لەسیمای خۆیدا دەرخستووە. ئەم کابرایە پێشووتر لەسەر ئامادەبوونی ژنان لەستادیۆمەکان وتبووی: “ئەگەر بڕیار وابێت لەلابەلای بەرنامەی وەرزشی قارەمانیدا ژوومارەیەک کچ و کوڕ کۆببنەوە، هەندێک کچ جەو بیانگرێ، چەپڵە لێ بدەن، فیقە بکێشن و هەڵبخەنەوە، بێ سەرەوبەرەیی درووست دەبێ.! با ئەوە بمێنێت کە ئەم قۆڕیاتەی ئەم کاربەدەستەی رژیم چییە. لەهەمان کاتدا ووتەبێژی فیدراسیۆنی فووتباڵی ئێران ئاماژەی بەوەکردبوو کە هێزە ئینتزامییەکان بۆ بەگژداچوونەوەی ژنان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنابوو. هەروەها لەوپەڕی بێشەرمیدا وتبووی کە ئەو بلیتانەی ژنان کڕیبوویان، جەعل بوون و هۆکاری ئەم موسیبەتە تەزویرچییەکان بوون. برایمی رەیسی، سەرۆک کۆماری جەنایەتکاریش زمانی کردەوەو لێدان و ئازاری ژنانی وەکوو شتێکی لاوەکی لەپاڵ کێبڕکێی فووتباڵ ناولێبردبوو. ناوبراو لەوپەڕی بێ شەرمیدا بەوەزیری ناوخۆی فەرمانی دایوە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەوە بکات.

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی فووتباڵ، فیفا، لەم بابەتەوە وتوویەتی: “ئێمە هەواڵی ئەوەمان بەدەست گەیشتووە کە ژنان رێگەیان پێ نەدراوە بۆ تەماشای یاری فووتباڵی تیمی ئێران و لوبنان لەمەشهەد بچن. ئەوەش جێگای نیگەرانییە.” فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی فووتباڵ لەم نامەیەدا ئاماژەی بەئامادەبوونی ژنان لەستادیۆمی فوتباڵ لەئێران بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٣٩٨ کردووەو وەکوو “پێشکەوتنێکی مێژوویی” ناوزەدی کردووە.

سەرۆکی پێشووی رێکخراوی راهێنانی لەشی رژیم لەوتووێژ لەگەڵ سایتی دیدەبانی ئێران وتوویەتی: “چەندین ساڵە بەدرۆ بەڵێنی بەکاربەدەستانی فیفا دەدەین کە بوار بۆ ئامادەبوونی ژنان لەستادیۆمەکانی فوتباڵ لەئێران خۆش دەکەن، بەڵام لەکردەوەدا بەپێچەوانەوە دەجووڵینەوە.” ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی خاڵی چواری سیاسەتەکانی فیفا، هەرچەشنە هەڵواردنێکی رەگەزی “بەتەواوەتی قەدەغەیەو سزای هەڵپەساردن یان دەرکردن لەفیفا”ی لەسەرە. ژنانی ئێران دەمێکە کە لەم بوارەشدا خەبات دەکەن. لەکەمپەین “رووسەری سپی” لەساڵی ١٣٨٢ تا بەسەرهاتی دڵتەزێنی “کچی ئاوی” لەساڵی ٩٨، کچێک کە بەحوکمی دادگا بەهۆی بێ حیجابی و چوون بۆ ستادیۆمی فوتباڵ شەش مانگ زیندانی کرا. ئەم حوکمە ئەوەندە کاریگەری دەروونی خراپی لەسەر ئەو کچە دانا کە خۆی سووتاندو لەنەخۆشخانەی تاران گیانی لەدەستدا. راستییەکەی ئەوەیە کە وەرزش لەئێران وەکوو هەموو بوارێکی تر لەدەوڵەت و سیاسەت جیا نییە. وەرزشکارەکان زۆر جار بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئازاد پیشەکەی خۆیان درێژە پێ بدەن، ناچارن ئێران بەجێبهێڵن. ئەوانەش کە رێگەیان پێ دەدرێت کاری خۆیان بکەن ناچرن مل بەداواکارییەکانی رژیم بدەن. شانۆگەری قیزەونی ئایینی لەسەرەتاو کۆتایی یارییەکان نمونەیەکی بووچک لەتێکەڵاوێتی وەرزش لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی لەئێرانە. بێگومان ئەمەش بوارێک لەخۆڕاگری لەبەرانبەر دەوڵەتی کۆنەپەرەستی ئایینیە کەپێویستە پەرەبستێنێ و ببێ بە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری. بەڵام بۆ ساتێکیش نابێت لەبیرمان بچێتەوە کەژنان لەم بوارەشدا قوربانی هەڵاواردنی رەگەزین و ستەمیان لێ دەکرێت. هەر بۆیەش پێویستە ژنانیش وەکوو هەموو بزووتنەوەکانی تر دەور و نەخشێ پێشڕەوی خۆیان لەناڕەزایەتی لەدژی سیاسەتەکانی رژیم لەبواری وەرزشیشدا بگێڕن. 

بەپێی هەواڵێکی دیکە، دەیان کەس لەژنان لەکەرتی سینەما راگەیاندنێکی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە تووندوتێژی بەرین و سیستماتیک لەدژی ژنان و نایەکسانی رەگەزی لەسینەمای ئێران بڵاوکردووەتەوە. لەو راگەیاندراوەدا لەوانە هاتووە: “هەرچەشنە تووندووتیژی، ئازار و ئەزیەتێکی رەگەزی لەشوێنی کار ئیدانە دەکەین و بۆ بەرگرتن لێی خوازیاری ئەوەین بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانە سزا بدرێن.”

ئەمانە تەنیا دوو نمونە لەهەڵاواردنی رەگەزی و تووندووتیژی ئاشکرا دژ بەژنانە کە لەچەند رۆژی رابردوودا درزی کردووەتەوە نێو راگەیاندنەکان. تەنیا ئەوە بەسە چاوێک لەبازاڕی کار لەئێران بکەین، ئەوە بەسە چاوێک لەکاری بێ هەقدەستی ناوماڵ بکەین، ئەوە بەسە چاوێک لەئاماری کوشتنی ژنان بەبیانووی نامووس لەئێران بکەین بۆ ئەوەی بۆمان دەرکەوێ کە کۆماری ئیسلامی ئەوەی لەدەستی هاتووە بۆ بەکۆیلەکردنی ژنان درێغی نەکردووە. ئەو کاتەش لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکان قسەو باسێک لەسەر مافەکانی ژنان کراوە تەنیا بۆ پڕوپاگەندە و فریوی جەماوەر بووە. ئەو هات هاوارە مەجالێکی بەرژیم داوە بۆ ئەوەی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ژنان رێکبخات. لەساڵی ١٣٩٢ کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی بواری ژنان و حیمایە گەڵاڵەیەکیان لەسەر تووندوتیژی لەدژی ژنان هێنایەگۆڕێ. با لەوە بگوزەرەنین کە ئەم بۆچوونە لەنێو کام بەش لەهەڵسووڕاوانی ئەم بوارەو بەچ ئاسۆیەکەوە هاتبووە گۆڕێ. ئەمە کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر بەکێشەی ماڵوێرانکەری کۆمەڵایەتی کە دەس بۆ کۆمەڵگای پیاوسالار، واتەی ریشەی ئەم کێشانە نابات. چەندین ساڵ لەنێو کاربەدەستانی رژیم لەسەر ئەم گەڵاڵەیە کێشەو ململانێ بوو. هەر لە کاربەدەستانی دەوڵەتییەوە بگرە هەتا هێزی قەزایی و مەراجیعی تەقلید و مەلاکانی نوێژی جومعە، هەتا ژنانی پیاوسالار کە پاڵیان بەکورسی نوێنەرانی پەرلەمانی رژیم داببووەوە، بۆ ماوەی هەش ساڵ لەسەر ئەم مەسەلەیە مشتومڕیان کرد. 

با بزانین بەرهەمی ئەم مشتومڕانە چی بوو! ناوەندەکانی بەناو پشتیوانی لەژنانی قوربانی تووندوتیژی لەهێزی قەزاییە کە لەدژایەتی کردنی مافەکانی ژناندا دەستی کاربەدەستانی حکومەتیان لەپشتەوە بەستببووە، بەهێزکران. بڕیار وابوو هێزی ئینتزامی پشتیوانی لەژنان بکات لەبەرانبەر تووندووتیژیدا: واتە هەر ئەو هێزەی کە ئەمڕۆ رێگەی نەدا بەژنان بڕۆنە ناو ستادیۆمی فوتباڵی مەشهەد و بەگازی فرمێسک ڕێژ کەوتنە گیانیان. هەر بۆیە نابێت بۆمان سەیر بێت کە رۆژانە ئاماری تووندووتیژی لەدژی ژنان دەچێتە سەرەوە یان بکوژی ژنان دەوێرن لەسەر شەقامەکان سەری بڕدراوی ژنەکەیان بەدەستەوە بگرن و عەربەدە بکێشن. 

بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ژنان دەمێکە قۆڵیان هەڵماڵیوەو بڕیاریان داوە لەبەرانبەر هەڵاواردنی رەگەزیدا بووەستنەوەو مل بەژێردەستەیی و تووندوتیژی و سیاسەتی دژە ژنی رژیم و بەکرێگیراوانی نەدەن. ژنان بەئامادەبوونی شکۆداریان لەکاتی مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری مامۆستایان و خانەنشینکراواندا، بەئامادەبوون لەریزی یەکەمی ئاخێزە جەماوەرییەکان و پەیوەستبوون بەخۆڕاگری کرێکارانی مانگرتوو جێگاوشوێنی بزووتنەوەی ژنان لەخەبات بۆ رزگاری لەئاپارتایدی رەگەزی پتەو دەکەن. ئەمڕۆکە ئیتر خەباتەکەیان پێی ناوەتە نێو قۆناغێکی نوێوە. پێویستە تێبکۆشین بۆ ئەوەی ویست و داواکاری ژنان لەدژی هەڵاواردنی رەگەزی ببێتە داواکاری بزووتنەوەی کرێکاری و موعەلیمان، وەکوو بەشێک لەچینی کرێکار.