فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بلۆکبەندیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی کۆماری ئیسلامی
سێشەممە ۱۶-۰۱-۱۴۰۱   |  05-04-2022

نیزامی دەسەڵاتداری جیهانی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە هەموو کاتێک گرفتاری قەیرانی هێژمۆنیک بووە. پێ بە پێی سەرهەڵدانی دەسەڵاتە تازەکان، پەیوەندی نێونەتەیی لەئاستی جیهانی و ناوچەییدا ئاڕایشێکی نوێی بەخۆی گرتووە. ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەئارادان بەدەر لەم یاسا و ڕەوتە جیهانییە نین. بە هەر ڕادەیەک هاوسەنگیی هێزی دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هاوسەنگیی هێزی دەسەڵاتە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕدراوە و بەشوێنیدا پێگەی کۆماری ئیسلامیش لەگەڵ ئاستەنگیی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە. لێرەدا هێڵە سەرەکیەکانی دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکاندا ئەدەینە بەر باس و شیکردنەوە.

یەکێک لە سەرەکیترین گۆڕانکارییەکان کە لە هاوکێشە بەرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی داوە، شکستی سیاسەتی نیزامیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و پاشەکشەی بەشێک لە هێزەکانیان لە ناچەکەیە. هەزیمەتی نیزامیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، چوونەدەرەوەی بەشێکی بەرین لە هێزە سەربازییەکان لە عێراق و ڕاگەیاندنی کۆتایی کار و چوونەدەرەوەی هێزە نیزامییەکانی هاوپەیمانانی دەرەکی بە ڕێبەریی ئەمریکا لەم وڵاتە، جۆرێک لە “بۆشایی دەسەڵاتـ”ـی پێکهێناوە. ئەم گۆڕانکارییە گەورانە، بەستێنیان بۆ شکڵگرتنی ڕیزبەندی و هاوپەیمانیی تازە لە نێوان دەوڵەتەکاندا ئامادە کردووە. لە جەرگەی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ پاراستن و درێژەی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسەتی بەربڵاو و درێژماوەی خۆی، جۆرێک لە هاوئاهەنگی و نزیکبوونەوە لە نێوان هاوپەیمانانی ناوچەیی خۆیدا درووست بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوتر و چالاکتر بە هێندێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی خۆی بدات. 

ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەرچاوترین نموونەی پێکهاتنی بلۆکبەندیی نوێیە کە دەمێکە لەئارادایە تا بۆشایی سەرچاوەگرتوو لە کەمڕەنگبوونەوەی حزووری نیزامیی ئەمریکا لە ناوچەکە پڕ بکاتەوە. بێگومان ئیسرائیل لە پێوەند لەگەڵ ئەم هاوکێشانە، بەتایبەت لە کێبەرکێ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکە وەئەستۆ دەگرێت. لە ساڵی ١٩٤٨ەوە بەرەو ئەملا، پاش پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و سەرکوتی خوێناوی و ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان، کێشەوگرفتی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل سەری هەڵدا و لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێونەتەوەییشدا، شەڕ و تێکهەڵچوون و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەکردەوە جەمسەربەندیی نێوان دەوڵەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەوتەوە. کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لەم کێشەوگرفتانە لەپێناو بەرژەوەندی نگریسی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و فریوکارانە لەسەر مەسەلەی فەلەستین مانۆڕی داوە. دەوڵەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دابین و زەمانەت کردنی بەرژەوەندی بەرین و درێژماوەی خۆیان، بەشێوەی هاوکات، هەم گرژییەکانیان درێژەدار کردووەتەوە و لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسرائیلدا بێدەنگییان گرتووەتە بەر  و هەم هەوڵیشیان داوە جۆرێک لێک نزیکبوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی هاوپەیمانی خۆیان پێک بێنن. نێوبژیی واشنگتۆن لە “پەیمانی کەمپی دێیوید” لە نێوان میسر بە ڕێبەریی ئەنوەر سادات و دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٩ تا ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ترامپ بۆ ڕێکەوتنی فەلەستین و ئیسرائیل لەژێرناوی “موعامەلەی قەڕن” لە ساڵی ٢٠١٧، لە هەوڵەکانی ئەمریکا بوون بۆ پێکهێنانی باڵانس لە نێوان دەسەڵاتە ناوچەییەکاندا. ئەمانە ئەو هەوڵانە بوون تا هاوکات لەگەڵ داگیرکارییەکانی ئیمپریالیسمی ڕۆژاوا و پێشێلکردنی  مافی سەرەتایی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین، پێگەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەش بەشێوەی “گونجاو” سەقامگیر بکەن.

ئەگەرچی ڕێکەوتنی و پەیوەندی دوو لایەنە لە نێوان ئیسرائیل و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی پێشینەیەکی مێژوویی دوورودرێژتری هەیە، بەڵام پڕۆژەی موعامەلەی قەڕن خاڵی وەرچەرخانی ئەم پەیوەندییانە دێتە ئەژمار. هێندێک لە دەوڵتانی عەرەبی یەک لە دوای یەک بە نێوبژایەتیی ئەمریکا “ڕێکەوتننامەی ئاشتی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل” واژۆ کرد و لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی و لێک نزیکبوونەوەی تازەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان. لە هەنگاوی یەکەمدا ڕێکەوتننامەی ئاشتیی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سێپتامبری ٢٠٢٠دا لە کۆشکی سپی و بە حزووری دۆناڵد ترامپ واژۆ کرا. بە ئامادەکردنی ئەم پەیمانە، ئیمارات دوای میسر و ئۆردۆن، سێهەمین وڵاتی عەرەبی بوو کە بەڕەسمی چووە ناو پڕۆسەی ئاساییکرنەوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و بەکردەوە بوو بە پێشەنگی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەدەی بیست و یەکدا. پاشان، وڵاتانی بەحرەین، سوودان و مەراکێشیش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا بە واستەی ئەمریکا، پەیماننامەیان بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لە بواری دیپلۆماتیک، سیاسی، نیزامی و ئابووریی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل واژۆ کرد. ئاستی هاوکاری و نزیکایەتیی ئەم وڵاتانە و دەوڵەتی ئیسرائیل گەیشتووەتە جێگایەک کە لە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١دا، کۆبوونەوەی شەش لایەنە بە خانەخوێیی ئیسرائیل لەژێرناوی «اجلاس النقب» لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، مەراکێش، میسر و ئیسرائیل لە باشووری لەم وڵاتە بەڕێوەچوو. بەوتەی “یائیر لاپید”، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئامانجی ئەم “کۆبوونەوە مێژووییـ”ـیە، سەقامگیرکردنی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێندێک لە وڵاتانی عەرەبییە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پرسی ئەتۆمیی ئێران میحوەری سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە بێوێنەیە بووە. پێویستە بوترێت کە ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆسەی دانوستانی بووژاندنەوەی بەرجام کە لە قۆناغی نیهایی خۆی دایە. کۆبوونەوەیەک کە نوتفەی هاوپەیمانێتیی ناوچەیی بە ڕێبەریی ئیسرائیل بۆ قۆناغی دوای بووژاندنەوەی بەرجام شکڵ دەدات.

هەروەها هەوڵی واشینگتۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرژییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی لەوانە وڵاتانی ئەندامی “شۆرای هاوکاریی کەنداو” لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر، نموونەیەکی دیکە لەم هەوڵانە بووە تا کۆماری ئیسلامی نەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لەم ناکۆکیانە، پێگەی خۆی بەهێزتر بکات. پلەبەندیی قەتەر وەک هاوپەیمانی گەورەی غەیرە ئەندامی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فێورییەی ٢٠٢٢دا نیشانەی ئەوەیە کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، لە پێوەند لەگەڵ هاوکێشە ناوچەییەکان، پێگەی قەتەر بەرزتر بووەتەوە. ئەگەرچی قەتەر وڵاتێکی چکۆلەیە بەڵام لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا وەک ئەکتەری سەرەکیی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا دەورونەخشی بووە. ئەم وڵاتە بە ڕۆڵی بەرچاوی لە شەڕی نیابەتیی سووریە دژبە بەشار ئەسەد و پشتیوانیی لە گرووپە ئیسلامییەکان لە سووریە و باقیی وڵاتانی ناوچەکە، نێوبژی کردن لە وتووێژەکانی نێوان تاڵەبان وئەمریکا لە دۆحە و هەروەها واستەگەریی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە سەروبەندی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام، بەگشتی پێگەی سەرەکیی لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بووە. بەدەر لەوانەش، قەتەر وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن سەرچاوەی بەرینی نەوت و گازە. ئەم وڵاتە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتیی جیهانە و لە گەرمەی شەڕی ئۆکرایندا، دەتوانێ بەشێک لە گازی ڕۆژاوا دابین بکات و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ڕووسیە سەبارەت بە ڕاگرتنی هەناردەی گاز بۆ ئەورووپا پووچەڵ بکاتەوە. ئەگەرچی عەرەبستان هاوپەیمانی لەمێژینە و ستراتێژیکی ئەمریکا و ڕۆژاوا بووە و بەردەوام یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان لە ناوچەکە بووە، بەڵام وێدەچێت لەم ڕیزبەندییە تازەیەدا، ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی کەمڕەنگتری نیسبەت بە ڕابردوو لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەمریکادا هەبێت. بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا ڕۆڵێکی پڕڕەنگتری بە قەتەر و ئیمارات داوە.

لە جەرگەی ئەم ئاڵوگۆڕ و بلۆکبەندییە تازانەدا، ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئاستەنگی و گرفتی جیددی بەرەوڕوویە. لاوازبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق دیارترین نموونەی ئەم گۆڕانگارییەیە. لێک نزیکبوونەوە و هاوپەیمانێتیی وڵاتانی سەرەکیی چوارچێوەی کەنداوی فارس بە ڕێبەریی عەرەبستان و ئیمارات و ڕۆڵی تورکییە، ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە. حیزبە شیعەکان میلیشیاکانی سەربە ڕژیمی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراقدا کەوتوونەتە کەمینەوە و زیاتر لە ڕابردوو خراونەتە پەراوێزەوە. ئەم هێزانە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەقیبەکانیان، هەتا ئێستا بۆ سێهەمین جاری بەردەوام دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییان بایکۆت کردووە و بەکردەوە لە حەدی نیسابیان خستووە. بەمجۆرە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییان بەرەوڕووی بنبەست کردووە تا لەڕێگەی قەیراننانەوە پێگەیەکی باشتر بۆ خۆیان دەست و پا بکەن. بێ دەلیل نییە کە ڕژیمی ئیسلامی لە ڕووی داماوی و تەقەلا بۆ پووچەڵ کردنەوەی بلۆکبەندییە تازەکان لە عێراق، دەست دەداتە هێرشی مووشەکی تا بە زۆری نیزامی و درێژەی ناسەقامگیری لە هەریمی کوردستان و عێراق، پێگەی لەدەستچووی بەشێوەی کاتی بگەڕێنێتەوە.

بێگومان چارەنووسی کرێکاران و ستەملێکراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕ و گرژیی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەدار و کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهان نەبەستراوەتەوە. خەباتی سەربەخۆ و ڕادیکاڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ ڕزگاری لە دیکتاتۆری و قەیرانەکانی ئێستا، دەتوانێ ئاسۆیەکی گەش و مێژوویەکی درەوشاوە بۆ ئەم ناوچەیە بەدیاری بێنێت. ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، خاڵێکی وەرچەرخانی هیوابەخش دەبێت لە ئاڵوگۆڕە بەرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.