ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
(٢٠٢٢)
ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی چینی کرێکار، لە حاڵێکدا بەڕێوەیە کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە یەک ساڵی ڕابردوودا نیشانەی ئەوەیە کە کرێکارانی ئێران لەژێر گوشاری بەردەوام و کەمەرشکێنی ئابووریدا کارد بە ئێسقانیان گەیشتووە. مانگرتنە شکۆدار و بەردەوامەکانی کرێکارانی حەوت تەپە، مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، مانگرتنی کرێکارانی مەعدەنەکان، ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەدارییەکان و مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان و بەشداریی بەرچاوی ژنان لە پێشەوەی ئەم خەباتە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ئەم واقعییەتە بەباشی نیشان دەدات. کرێکارانی لەژێر گوشاری هەژاری و فەلاکەتی بێوێنەدا، بەناچار ڕێگای خەبات و نەبەردیان دژبە خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەت گرتووەتە بەر. ئەگەرچی کرێکاران لە جەرەیانی زۆرێک لەم مانگرتن و خەباتەدا توانیویانە گەلێک پاشەکشە بەسەر خاوەنکاران، خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەتدا بسەپێنن و مافی خۆیان لە گەڕوویان دەربکێشن، بەڵام گرینگی و پێگەی سیاسی و واقعیی ئەم خەبات و مانگرتنە کرێکارییانە یەکجار لە دەستکەوتە ئابوورییەکانیان سەرترە.
گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت دەستپێکی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، درووست یەک ڕۆژ دوای کۆتایی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم و هاتنەدەری ناوی ئیبراهیم ڕەئیسی لە سندووقی دەنگدان وەک نوێنەری ستراتێژی بەرینی سەرکوت، نیشانی دەدات کە کرێکارانی ئێران بە سەرکوتگەریی خوێناویی ڕژیم لە هەڵسووکەوت لەگەڵ ئاخێزە جەماوەرییەکان، و بە ڕەشبگیریی هەموو ڕۆژێی چالاکانی کرێکاری چاوترسێن نەبوون. نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران نایانهەوێ وەک ڕابردوو درێژە بە ژیانیان بدەن و وەک ڕابردوو تاڵان بکرێن. شەپۆلی یەک لە دوای یەکی مانگرتنی کرێکاری و کاریگەرییەکانی لەسەر کەشوهەوای کۆمەڵگا بۆ جارێکی دیکە وتاری چینایەتی و ڕۆڵی چینی کرێکاری لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو بەرجەستەتر نیشان دا و ئەفسانەوێژیی سەبارەت بە ڕۆڵی چینی مامناوەند خستە پەراوێزەوە.
هێنانەگۆڕی خواستەکانی وەک بردنەسەرەوی حەقدەستەکان تا ١٢ ملیۆن تمەن لە مانگدا، خواستی دە ڕۆژ مەرەخەسی و بیست ڕۆژ کار، کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ لەلایەن کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، خواستی کۆتایی هێنان بە خسووسی سازی و داخستنی دەرگاکان بەرەوڕووی شۆرای ئیسلامی لەلایەن کرێکارانی حەوت تەپە، خواستی تەندووستی و خوێندنی بەخۆڕایی لە لایەن مامۆستایانەوە، هەر هەموویان نیشانەی ئەوەن کە خەباتی کرێکاران لە پێگەی دیفاعی دوور کەوتووەتەوە. لەڕاستیدا بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار ئاڵای خەبات دژبە فەلاکەتی ئابووری کە خواستی زۆربەی خەڵکی ئێرانە، بەدەستەوەی گرتووە.
لە باروودۆخێکدا کە بەشێکی بەرین لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بۆ تێپەڕین لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، چاوی هیوایان لە بەند و بەست لە سەرەوە و لە دەخاڵەتی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بڕیوە، درێژەی بەردەوامی خەباتی کرێکاری، ڕووحیەی خەباتکارانە پەرەپێدەدات و هومێد بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و تێپەڕین لە سەردەمی دەسەڵاتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکات. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە هەمان حاڵدا بەستێنێکی یەکجار گونجاوی بۆ ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار پێکهێناوە. کرێکارانی حەوت تەپە لە جەرگەی خەبات و مانگرتنی شکۆداری خۆیاندا بە بەڕێوەبردنی بەردەوامی “مەجمەعی عموومی” واتە کۆبوونەوەی گشتی، بە دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردانەکان، بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەیگیریی خواستەکانیان، نیشانیاندا کە پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان بابەتێکی مومکینە.
ڕەوتی هەتا ئێستای خەباتی کرێکاران نیشانی داوە کە بزووتنەوەی کرێکاری ئەمجار و لە هەر ئاخێزێکی جەماوەریدا، نەک لە دەوری خواستی ناڕوون، بەڵکوو بە خواست و داخوازیی سەربەخۆی چینایەتیی خۆیەوە دێتە مەیدان. لە ڕەوتی بەرەوپێشی ئەم خەباتەدا، لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسیی کرێکاران پەیوەندی و کاریگەریی بەرابمەریان نیسبەت بە یەکتر هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران بەکردەوە لەگەڵ خەباتی سیاسی ئەوان تێکهەڵدەکێشرێت. کرێکارانێک کە بەپێچەوانەی یاسای حەقدەستی وەزارەتی کاری ڕژیمی سەرمایە، داخوازیی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەنیان هێناوەتە گۆڕێ، کرێکارانێک کە سیاسەتی خسووسی سازی واتە یەکێک لە سیاسەتە نیۆلیبرالییە سەرەکییەکانی ڕژیم دەبەنە ژێر پرسیارەوە، کرێکارانێک کە خواستی مافی ئازادیی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دێننە گۆڕێ، مامۆستایانێک کە خوێندن و تەندرووستیی بێبەرامبەر لە سەرووی هەموو خواستەکانیانە، بەکردەوە سنوورەکانی خەباتی ئابوورییان وەپشت سەر ناوە و خواستەکانیان ئاوێتەی خەباتی سیاسی دەبێت.
لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا کرێکارانی ئێران بە پشتیوانەی دەستکەوتەکانی خەباتی پڕگوڕوتینی خۆیان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، بۆ جارێکی دیکە ئاڵای داخوازیی خێرا و ئیدیعانامەی خۆیان دژبە سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان و دامەزراندنی جیهانێکی بەدوور لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ ڕادەگەیەنن. لە باروودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری و شەپۆلەکانی بێکارکردن ژیان و گوزەرانی ئینسانەکانی بە بارمتە گرتووە، کرێکارانی ئێران لە بڕیارنامەکانی ئەوەڵی مانگی مەیدا خواستی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشیکراو، دابیکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کرێکارانی بێکار و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و هەموو بەندکراوانی سیاسی دەخەنە سەرووی داخوازییەکانی خۆیانەوە. کرێکارانی ئێران بەپێی سوننەتی هەموو ساڵێ وێڕای تەئکید لەسەر خواستی ئازادیخوازانە، عەزمی خۆیان بۆ خەبات دژبە هەژاری و هەڵاواردن و نابەرابەری و گەندەڵی، دژبە ئاپارتایدی جنسیەتی، دژبە زەوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان، دژبە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان و دژبە سەرکوت و زیندان و ئێعدام، ڕادەگەیەنن.
کرێکارانی ئێران لە ئاکسیۆن و بڕیارنامەکانی ئەوەڵی مانگی مەیدا ڕایدەگەیەنن کە شەڕی ماڵوێرانکەری ئۆکراین کە ڕیشەی لە قەیرانی سەرمایەداری و هەوڵی لایەنە ئیمپریالیستییەکان بۆ دابەشکردنی دووبارەی جیهان و پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دایە، شەڕی سەرمایەدارانە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە نییە. لەم شەڕە ئیمپریالیستییەدا کرێکاران نابێ لە دەرەوەی سنوورەکان بەشوێن دوژمنەوە بن، دوژمن لە ماڵی خۆیان دایە. پێویستە تیری خەبات لەدژی شەڕ بەرەو دەوڵەتانی خودی نیشانە بگیرێت. وڵام بەم شەڕە ئیمپریالیستییانە، هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخوازی جیهان و خەبات لەدژی دەوڵەتانی سەرمایەدارییە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەڵی مانگی مەی، هێمای هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی لە هەموو کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و گیانفیدایی و تێکۆشانی دڵسۆزانە و ماندوویی نەناسانەی ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لەو ساڵە دژوارەی کە وەپشت سەرمان نا، بەرز دەنرخێنێت.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خاکەلێوەی ١٤٠١
ئاڤریلی ٢٠٢٢