ناڕەزایەتی لە چەند شارێكی هەرێمی كوردستان دژی دامەزراندنی نهێنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكردووە. رۆژی یهكشهممه ٤ی گوڵان مامۆستایانی وانەبێژی دهۆك لە پێش باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر لە دژی بوونی دامەزراندنی نهێنی و دانەمەزراندنی كەسانی شایستە كۆبوونهوه.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا نیگەرانی خۆیانی خستەڕوو و رایگەیاند، ئێمە ژمارەمان ٤١ مامۆستای وانەبێژە لەپارێزگای دهۆكو هاتووینەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و دەمانەوێت پەیامی خۆمان بگەیەننە حكومەت و پەرلەمان و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی بكەن.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ راشیگەیاند، دامەزراندن بۆ كوڕە شەهید و كەسوكاری ئەنفال و كوڕە هەژارەکان نییە، بەڵام بەنوسراوی نهێنی دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردە هەیە و لە پشتەوە ئەوەی خۆیان مەبەستیان بێت دایدەمەزرێنن. ئاشكراشیكرد نزیكەی ٢٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ لەسیستمی پەروەردە هەیە و لەماوەی ٧ ساڵی رابردوودا یەك مامۆستا دانەمەزراوە.