فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تراکتی شەشەم: بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی
چوارشەممە ۰۷-۰۲-۱۴۰۱   |  27-04-2022
تراکتی شەشەم:  بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی

ئه‌وه‌لی مانگی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار به‌ڕێوه‌یه‌. ئه‌م رۆژه‌ هه‌ر وه‌كوو له‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرایه‌، رۆژی چینی كرێكار و رۆژێكی جیهانییه‌. چینی كرێكار به‌هۆی ده‌ور و ته‌ئسیری له‌ به‌رهه‌م هێناندا، چینێكی جیهانییه‌. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ پێش هه‌موو شتێك له‌ جیهانیبوونی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. چینی سه‌رمایه‌دار كه‌ چكۆله‌ترین ئه‌رك و زه‌حمه‌تێك له‌ كار و ماندووبوون له‌ به‌رهه‌م هێناندا ناكێشێت، به‌ڵام به‌هۆی خاوه‌ندارێتی به‌سه‌ر كه‌ره‌سه‌ و وه‌سایلی به‌رهه‌م هێنان و به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ و دزینی زیده‌بایی هێزی كاری كرێكارانه‌وه‌، هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگای له‌ئیختیاردایه‌ و له‌ زیاتر له‌ سه‌د ساڵ له‌وه‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك چینی جیهانی له‌ كۆمه‌ڵگادا ره‌فتار ده‌كات. جیهانیبوونی سه‌رمایه‌داری، چینی كرێكاریشی وه‌ك چینێكی جیهانی وه‌ك گۆڕكه‌نی ئه‌م نیزامه‌ له‌ به‌رانبه‌ری ئه‌ودا راگرتوه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌داری بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ و مژینی خوێنی كرێكاران، سنوور، میلله‌ت و ره‌نگ و نژاد و مه‌زهه‌ب ناناسێت، چینی كرێكاریش له‌ خه‌باتی هاوبه‌شیدا بۆ رزگاری و به‌رابه‌ری، هیچ سنوورێكی ده‌ستكرد، هیچ جیاوازییه‌كی میللی، مه‌زهه‌بی و نژادی و ره‌گه‌زی كه‌ له‌دایك بووی نیزامی چینایه‌تین به‌ڕه‌سمییه‌ت ناناسێت و ده‌بێ‌ له‌دژیان خه‌باتی وشیارانه‌ و هاوبه‌ش بكات. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌سڵی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م رۆژه‌ ته‌عه‌لوقی به‌ چینی كرێكاری جیهانی هه‌یه‌. له‌م رۆژه‌دا به‌ ده‌یان میلیۆن ئینسان له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئه‌م جیهانه‌ به‌رینه‌، له‌ هه‌ر پێنج قاه‌ڕی دنیا ده‌ڕژێنه‌ شه‌قام وكۆڵان ومه‌یدانی شاره‌كان، میلیۆنه‌ها ده‌ستی ره‌ش وسپی و زه‌رد له‌یه‌ك هه‌ڵده‌پێكرێت، ده‌ستی به‌هێزی میلیۆنه‌ها ژن و پیاوی یاخیبوو له‌ سه‌رمایه‌داری ئاڵای سوور راده‌شه‌كێنن، ئه‌رته‌شی جیهانی كرێكاران له‌ شه‌قامه‌كان رێژه‌ ده‌ڕۆن، به‌ زمانی جۆراوجۆر، به‌ڵام به‌ یه‌ك ئاهه‌نگ سروودی هاوخه‌باتی چینی كرێكار، سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ ده‌خوێنن و زه‌نگی مه‌رگی سه‌رمایه‌داری ده‌زڕێنن. له‌م رۆژه‌دا سه‌رمایه‌داران و چینه‌ داراكان خۆفی مه‌رگ هه‌ڵیانده‌گرێت و خه‌ونی ناخۆشی نه‌مانی خۆیانی تێدا ده‌بینن. ئه‌رتش و پۆلیس و ده‌زگای سیخۆڕی و جاسووسییان له‌دژی كرێكاران به‌سیج ده‌كه‌ن و له‌ ئاماده‌ باش دا رایان ده‌گره‌ن. له‌م رۆژه‌دا جیهان له‌ دوو ریزی جیاوازدا راده‌وه‌ستێت، رێزی كار و ریزی سه‌رمایه‌.له‌ ریزی سه‌رمایه‌دا، دنیای سه‌روه‌ت و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندی، دنیای ته‌یار به‌ چه‌ك و ئه‌رته‌ش وجبه‌خانه‌ی شه‌ڕ، دنیای سه‌ركوت و سیخوڕی و جینایه‌ت، دنیای شه‌لاق و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان، دنیای كه‌شیش و ئاخووند و ره‌وزه‌خوێن، ریز ده‌به‌ستن. به‌ڵام له‌ دنیای كاردا، ره‌ش و سپی و زه‌رد، ده‌ستی قه‌ڵه‌شاو و پێیپه‌تی و گیرفانی خاڵی ئینسانی چه‌وساوه‌ و ئاواره‌ و سته‌مدیده‌، به‌رهه‌م هێنه‌رانی هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی ئه‌م جیهانه‌، شه‌ریفترین مرۆڤه‌كان راوه‌ستاون.

ئه‌مرۆ له‌نێوان ئه‌م دوو چینه‌دا شه‌ڕی مان و نه‌مان به‌ به‌رینایی ئه‌م جیهانه‌ له‌ئارادایه‌. “با چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌كان به‌رانبه‌ر به‌ شۆڕشی كۆمۆنیستی سه‌رتاپایان بێته‌ له‌رزین، كرێكاران له‌م نێوه‌دا بێجگه‌ له‌ زه‌نجیره‌كانیان هیچ له‌ده‌ست ناده‌ن به‌ڵام جیهانێك به‌ده‌ست دێنن. كرێكارانی جیهان یه‌كگرن.”

بژی ئازادی، به‌رابه‌ری، حكوومه‌تی كرێكاری

بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، بژی سۆسیالیسم

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران