لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەوڵەتی سێزدەهەم لە پێوەند لەگەڵ چوونەسەرەوەی نرخی کاڵا ئەساسییەکان وتی: “نابێ ڕێگە بدرێت کە هێندێک کەس بە گرانفرۆشی و سەوداگەری زوڵم لە خەڵک بکەن و ناهومێدیان بکەن.” ڕەئیسی لە حاڵێکدا گرانفرۆش و سەوداگەری ناو بازاڕی بە هۆکاری گرانی پێناسە کرد کە بەپێی ڕاپۆرتی ١٤ی مانگی گوڵانی “هەواڵنێریی کار”ی ڕژیم لەژێرناوی “چوونەسەرەوەی ١٣ بەرابری نرخی ئاردی سەنعەتی و چوونەسەرەوەی ٢٠٠ لەسەدیی نرخی ماکارۆنی”، ئیداراتی گشت دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی ئۆستانەکان لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا لەڕێگەی نامەیەکەوە بۆ ئەنجومەنی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی ئارد، نرخی تازەی گەنمیان ١٢ هەزار تمەن ڕاگەیاند. لەئاکامی ئەم بڕیارەدا، نرخی گەنم بۆ نانی فانتێزی و گەورە بە چوونەسەرەوەی ١٣ و سێ دەهومی بەرابەر، هەزار و ٢٣٠ لەسەد بەرز بووەوە و لە ٩٠٠ تمەنەوە گەیشتە ١٢ هەزار تمەن. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەپێی بڕیاری دەوڵەت “نرخی گەنم لەماوەی ئەمساڵدا بۆ کڕینی تەزمینی لە جووتیاران، هەر کیلۆیەکی گەیشتووەتە ١١ هەزار و ٥٠٠ تمەن. هەر ئەم بڕیارەش بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی ئارد کە بۆ سەنایع و ئەسناف ٢٧٠٠ تمەن بوو بگاتە کیلۆیی ١٦ هەزار و ٩٠٠ تمەن. واتە نرخی گەنم و ئاردی پێویستی ناوەندە سەنعەتییەکان لە کەمتر لە یەک مانگدا نزیکەی ٦ هێندە زیادی کردووە. لە ١٣ی گوڵانەوە، قیمەتی ماکارۆنیش نزیکەی ٢٠٠ لەسەد چووە سەرێ. بەپێی بڕیاری ڕێکخراوی پشتیوانی، قیمەتی هەر کیلۆیەک لەم بەرهەمە بۆ بەکارهێنەر ٣٧ هەزار تمەن دیاری کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای قیمەتی ئاردی ئازاد، چوونەسەرەوەی قیمەتی نانی عادی لە نانەواییەکان بووەتە نیگەرانی جیددیی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە خواردەستەکانی کۆمەڵگە. بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی گەنم، قیمەتی نان سەنگەکیی سادە بۆ ١٢ هەزار تمەن و کونجیش بۆ ٢٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە. هەروەها بەوتەی سەرۆکی یەکیەتیی برینج فرۆشانی بابۆل لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا قیمەتی برینج لە خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە تا بە ئەمڕۆ ١٣٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەرمانیش یەکجار گران بووە و قیمەتی هێندێک لە بەرهەمەکانی شیرکەتی بەرهەمهێنانی دەرمان، تا ١٣١ لەسەد چووەتە سەرێ. بەوتەی وەزیری تەندرووستیی دەوڵەتی سێزدەهەم “تێچووی سەرسووڕهێنەری دەرمان هەموو ساڵێ ٧ لەسەدی جەمعییەتی ئێران دەباتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.”
هێشتا دوو مانگ لە ساڵی ١٤٠١ تێپەڕ نەبووە کە ئەم شەپۆلە لە گرانی، سەبەدی کڕینی بنەماڵە کرێکارییەکانی یەکجار بەتاڵ کردووە. بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کاری ڕژیم، لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانێک کە یاسای کار دەیانگرێتەوە، بۆ ساڵی ١٤٠١ نزیکەی ٥٧ لەسەد چووەتە سەرێ، بەڵام لە کەمتر لە دوو مانگدا، مامناوەندی قیمەتەکان تەنیا لە بواری خۆراکدا زیاتر لە ٢٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە و ئەوەش یانی نزیکەی ١٥٠ لەسەدی حەقدەستی واقعیی کرێکاران هاتووەتە خوارێ. کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵ لەبیریان نەچووەتەوە کە ڕەئیسی لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠دا داوای لە ئۆستانداران کردبوو کە بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق هەموو توانایان بەکار بێنن و ڕێگە نەدەن ئەم بابەتە بگاتە ئەمساڵ. بەڵام هێشتا دوو مانگ لە ساڵی ١٤٠١ تێپەڕ نەبووە کە بەوتەی “عەلیڕەزا پاک فێترەت” نوێنەری مەجلیسی ڕژیم لە شیراز “قیمەتەکان لە بازاڕدا حیساب و کیتابیەکیان نییە و لەجیات ڕیشەکێش بوونی هەژاری لەگەڵ گشتگیر بوونی هەژاری بەرەوڕووین”.
لەڕاستیدا گۆڕانی کابینەکان، دەست بە دەست بوونی دەوڵەتەکان و گۆڕانی ئارایشی سیاسیی باڵەکانی حکوومەت، هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی ڕاستەقینەی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵ پێک ناهێنێت. کرێکاران بە پشت بەستن بە ئەزموونی خەباتکارانە و بە هیمەتی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خۆیان پێویستە تایبەتمەندییەکانی باروودۆخی ئێستا بناسن و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرانیی سەرسووڕهێنەر و هەژاریی بەردەوام خۆیان ئامادە بکەن. کرێکارانی وشیار بەباشی دەزانن کە ئەگەر دۆینێ ڕەئیسیی جەلاد فەرمانی ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەقی دەدا، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم هیوا بێبنەمایە بوو کە گۆیا سەرانی ڕژیم بیر لە هەژاران دەکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی هەژاری بەرنامەیان هەیە. بەڵام ئێستا بۆ کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە ڕوون بووەتە کە نە خامنەیی، نە ڕەئیسی، نە سپای پاسداران و نە هیچ باندێکی حکوومەت نەتەنیا ناتوانێ گرێیەک لە کێشەکانی خەڵک بکاتەوە، بەڵکوو خۆیان هۆکاری سەرەکیی داسەپاندنی گرانیی سەرسووڕهێنەر، هەژاری، بێکاری و بێبەشین بەسەر خەڵکدا.
بۆ کرێکاران و جەماوەری ناڕازی و وەگیانهاتوو کە هەموو ڕۆژێ بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوە ناڕەزایەتی و ڕێپێوان لە شەقامەکان خواستەکانی خۆیان هاوار دەکەن ڕوون بووەتەوە کە چەرخەی دووپاتەوەبووی چەند دەیەی ڕابردوو گرێیەک لە کێشەکانیان ناکاتەوە. کرێکاران بەباشی دەزانن کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی سەرمایەدارییە کە لە ڕۆژی ئەوەڵەوە بۆ نەجاتدانی نیزامی سەرمایەداری هاتووەتە سەرکار. هەژاریی بێسنوور و بێئەمان کە سەرانی ڕژیم ئاماژەی پێ دەکەن لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی و سەرمایەدارانەوە بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە و تەنیا لەڕێگەی خەباتەوە دەکرێت ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی ڕوو بدات. خەبات دژبە گرانیی سەرسووڕهێنەر و بەردەوامی کاڵا ئەساسییەکان، خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەستی پێویست بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و خەبات بۆ دابینکردنی بیمەی بێکاری بەستێنێکی گونجاوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی لە خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا. هەڵسووڕاوانی کرێکاری تەنیا لەسەر بەستێنی پەرەپێدان بە خەباتی کرێکاری دژبە هەژاری و گرانی و لە دەوری خواستەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەرانسەری کردنەوەی ناڕەزایەتی و ڕێکخستنی کرێکاران بن و ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران، ڕیشەکێش کردنی هەژاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەدوور لە هەرجۆرە ستەمێک بخەنە بەردەم گشت ستەملێکراوان و بێبەشان.