فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی نارەزایەتیە جەماوەریەکان لە شارەکانی ئیران
یەکشەممە ۲۵-۰۲-۱۴۰۱   |  15-05-2022

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی مانگی گوڵان ناڕەزایەتیی خەڵکی وەگیان هاتوو دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوام بوو و خەڵک دژی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و کولییەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی دروشم دەدەن.
“بروجرد” ، “مەشهەد”، “هەفشنجان” لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، “ئەهواز” و شارۆچکەی “کاروان” لە تاران و… لەو شارانە بوون خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان تێیدا بەڕێوە چوو.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گوڵان لە شاری “هەفشنجان” خەڵک ڕژانە سەر شەقام و بە دانی دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی”، بەنێری “ئیبراهیم ڕەئیسی” یان سووتاند، دواتر هێزەکانی پایەگای بەسیج بە تەقەکردن و هەڕەشەکردن بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە.
لە هەواڵیکی دیکەی لەو چەشنە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە خەڵک لە شاری “ئەهواز” یش ڕژانە سەر شەقام و وێڕای دروشمدان بەنێری عەلی خامنەیی یان سووتاند.
لە “نەیشابوور” لە ڕۆژهەڵاتی ئێران خەڵک دژ بە گرانییەکان و دۆخی خراپی ژیان ڕژانە سەر شەقام و دژی ڕێژیم و خامنەیی دروشمیان دا.
لە “بروجێرد” و “قووچان” یش خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ڕژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ هەڕەشە و تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.
لە کوردستان بە گشتی و بەتایبەت لە شارەکانی سنە، مەهاباد، شنۆ و جوانڕۆ ڕێژیم لە ترسی هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان “حکوومەتی نیزامییان ” بەڕێوە بردووە و هێزەکانی ڕژیم بەردەوام بە نێو شارەکاندا دەسووڕێنەوە.