درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکاران و مامۆستایان و باقیی بەشەکانی بەرەی کار، شەپۆلی خرۆشانی ناڕەزایەتیی سەرشەقام دژبە گرانی و وتنەوەی درووشمی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ ڕەئیسی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر، نەتەنیا سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بۆرژوازیشی ترساندووە. ئەگەرچی زۆرێک لەو دڵپەرۆشانەی کە هەشتەگی “شۆڕشی برسییەکان” نیگەرانی کردوون، لە کۆمەڵگەی ئێراندا زۆر ناسراو نین، بەڵام چینی کرێکار و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە پێویستە هەر لە ئێستاوە لایەنە جۆراوجۆرەکانی نەبەردی چینایەتی بناسن تا بتوانن پێشڕەویی خۆی زەمانەت بکەن. چونکە “مادام مرۆڤەکان فێری ئەوە نەبن کە لە پشت هەر ڕستە و وتە و وادە و بەڵێنێکی ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە بەرژەوەندی چینایەتیی جۆراوجۆر بگەڕێن، بەردەوام لە سیاسەتدا دەبنە قوربانیی فریو و خۆفریودان”.
کاتێک کەسێک کە بەڕواڵەت نیگەرانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و مەسەلەی ژنانە و لەم بوارەدا توێژینەوەی کردووە دەنووسێت: «لە ڕوانگەیەکی دژە بزووتنەوەییەوە هەموو شتێک بە مەسەلەی برسییەتییەوە گرێ دەدەن و دەڵێن کە ناڕەزایەتییەکان بەخاتری نانە! هیچ ژێرخانێک لە مەملەکەتدا کار ناکات. پزیشکێک وتبووی کە لە کاتی جەڕاحیدا نەخی نەبووە! کەسێکی تر بەخاتری وەزعییەتی هەناسەکێشانی خەڵک کە تەنیا خۆڵ دەچێتە ناو سییەکانیانەوە ناڕازی بوو. تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەبەر بێ نانی نییە». لەڕاستیدا ئەم جۆرە قسانە هەمان وتەکانی خامنەیین سەبارەت بە خەڵکی برسی و پەراوێزنشین، بەڵام بە زمانێکی نەرمترەوە.
بەکاربردنی ئەم وشانە بەجۆرێک تەئیدی ئەو ئیدیعایەیە کە لە کۆمەڵگەدا هیچ بابەتێک، هیچ بایەخێک یان دژە بایەخێک، هیچ بزووتنەوە یان ناڕەزایەتییەک نییە کە مۆری چینایەتیی پێوە نەبێت و درووست لەم ڕوانگەوەیە کە بۆ نموونە پیشەی هەواڵنێری مانا پەیدا دەکات. هەواڵنێری چینی کرێکار سپیدە قۆلیانە، کەسێک کە بە تاوانی گەیاندنی هەواڵی واقعیی کرێکارانی حەوت تەپە باشترین ساڵەکانی تەمەنی خۆی لە پشت میلەکانی زیندانی ڕژیمی ئیسلامیدا تێپەڕ دەکات. هەواڵنێرێک کە دیفاع لە پەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بەتایبەت ژنانی ئەم چینەی نەتەنیا بە وەرگرتنی هیچ ئیمتیازێک بۆ خۆی مەرجدار نەکردووە، بەڵکوو بەردەوام داکۆکیکاری حەقانییەتی خۆی و هاوچینەکانییەتی. ئەم هەواڵنێرە، ئەم ژنە بوێرە، جیاوازیی یەکجار زۆرە لەگەڵ ئەوانەی وا دۆینێ بۆ ڕۆژنامە حکوومەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەیاننووسی و ئەمڕۆ بۆ خاوەنکارە تازەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەنووسن. کەسانێک کە شۆڕشی برسییەکان بەلایانەوە گرینگ نییە، بەڵام نەبوونی نەخی جەڕاحی، وێرانیی ژێرخانەکانی مەملەکەت و تۆز و خۆڵ نیگەرانیان دەکات، مەعلووم نییە بەپێی چ مەنتقێک قەیرانی برسییەتی لە نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و بەتاڵانچوونی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران و پیسبوون و لەناوچوونی ژینگە جیا دەکەنەوە. ئایا کەس هەیە نەزانێت لە ئێراندا ئەوانەی وا خوارترین توێژی ئەم کۆمەڵگەیە پێک دێنن، لە نەبوونی پێدایستیی تەندرووستی، لە پیسبوون و وێرانبوونی ژینگە و کەم ئاوی ڕەنج دەبەن؟
کاتێک فڵان هەواداری سەڵتەنەتی مەشرووتییەت تویت دادەنێت کە “من لە چینی هەژار و برسیم، بەڵام تایبەتمەندیی سەرەکیی ئێمە برسییەتی نەبوو، ئێمە تینووی ئازادی و کەرامەتی ئینسانی بووین.” ئەم کەسە بەتەمایە بڵێت کە خەبات بۆ نان لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی جیایە. هەمان ڕستەی بەناوبانگ و هەمیشەیی بیری لیبرالیستیی مۆدێلی بازاڕی ئازاد کە تێیدا چارەنووسی مرۆڤەکان بە مێکانیسمی ڕەقابەتی بازارێک دەسپێرێت کە کرێکاریش بەناو ئازادە و دەتوانێ هێزی کاری خۆی بفرۆشێت و خاوەنکاری خۆی “هەڵبژێرێت”. ئەم وتانە لە زمانی لایەنگرانی سەڵتەنەتەوە نەتەنیا بەعید نییە بەڵکوو چاوەڕوانکراویشە. چونکە بۆ کەسانێک کە بەرژەوەندیان بە شۆڕشی برسییەکان کە هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نییە دەکەوێتە مەترسییەوە، باشترین و کەم خەرجترین ڕێگا، زەینیەت سازی دژبە بەرەی ڕەنج و کارە، لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی و لەپێناو پاراستنی نیزامی سەرمایەداریدا. کاتێک یەکێک لە واژۆکارانی بەیاننامەی فەرەشگەرد دەنووسێت کە “هەشتەگ کردنی “شۆرشی برسییەکان” لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی شۆرای لایەنگرانی بەشبەشکردنی ئێران و چکۆلەکردنەوەی قەبارەی سیاسیی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان بە وشەی وەک “برسییەتی” و “شۆڕش” تەنیا یەک مانای هەیە”، ئەم کەسە زۆر ئامانجدار هەوڵ دەدات ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران پێچەوانە نیشان بدات. ئەم ئایدیۆلۆژییە کە تێیدا ئینسانی ستەملێکراو، کەم و بێ ئەرزشە، ڕێک هەمان سیستمی ئەرزشی کۆماری ئیسلامییە کە لەلایەکەوە پێی وایە نابێ هیچکات عارەقەی کرێکار وشک بێتەوە و لەلایەکی تریشەوە هەرکات کرێکارانی وەک خاتوون ئاباد بەنیشانەی ناڕەزایەتی بەدەستی بەتاڵەوە هاتنە سەر شەقام، دەبێت هێلی کۆپتێریان بۆ هەستێنێت و گولـلەبارانیان بکات. واتە چەرخەیەکی توندوتیژی کە زیاتر لە چوار دەیەیە بە یارمەتیی ئەو دەسەڵاتانەی کە فەرەشگەردیان خستووەتە ژێر چەتری پشتیوانیی خۆیانەوە، هەروا درێژەی هەیە.
لەڕاستیدا “ناڕەزایەتییەکانی شەقام و شۆرشی برسییەکان” خەویان لە چاوی هەموو ئەوانە تاراندووە کە دژبەری بەرژەوەندیانن. جا چ ئیسلامی بێت یان سەڵتەنەتخوازی لایەنگری ڕۆژاوا، کۆماری خواز بێت یان لایەنگری مەشرووتە! نانێک کە بێبەشان و برسییەکان هاواری دەکەن نەتەنیا داخوازیی بەرەی مەزنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانی کۆمەڵگەیە، بەڵکوو خواستێکە بۆ ڕزگاری لە هەرجۆرە ستەمێک کە سەرمایەداران و ئایدیۆلۆگەکانیان بەسەر مرۆڤەکاندا سەپاندوویانە. دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران نازانێت کە ئەو نانەی کرێکاران و ژێردەستان داوای دەکەن، نانێکە بۆ ڕزگاری. هەژاران و بێبەشان، واتە بەرەی مەزنی کار و ڕەنج، داخوازیی نانیان تێکەڵ بە هاواری مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ ڕەئیسی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر کردووە. ئەوان ودیهاتنی داخوازیی نانیان بە تێپەڕین لە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەدارانەوە گرێ داوە. ئەوان داخوازیی نانیان ئاوێتەی داخوازیی کار، ئازادی و دەسەڵاتی شۆرایی کردووە.