لە مانگرتنی کرێکاران و شۆفیرانی شیرکەتی واحید پشتیوانی بکەین!
یەکگرتوویی و هاوپشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرانسەری ئێران پێویستە!

لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی گوڵانی ١٤٠١ەوە شۆفیرانی بی ئار تی و کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شیرکەتی واحید لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان لەوانە بردنەسەرەوەی لانیکەمی حەقدەستی ٥٧ لەسەدیی پەسندکراوی شۆرای باڵای کار دەستیان دایە مانگرتن. دەوڵەت و خاوەنکاری شیرکەتی واحید بە ئامانجی دزی لە سفرەی کرێکاران بە بردنەسەرەوەی تەنیا دە لەسەدی حەقدەستەکان ڕەزایەتی داوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە شۆرای دژەکرێکایی کار سەرەتای ساڵ ڕایگەیاند کە لانیکەمی حەقدەستەکان بۆ ئەمساڵ ٥٧ لەسەد زیاد دەکرێت. بەڵام سەرەڕای گونجاو نەبوونی ئەم حەقدەستە لەگەڵ نرخی تەوەرۆم و گرانی و کەمبوونی لەچاو داخوازیی کرێکاران واتە حەقدەستی مانگانە ١٦ ملیۆن تمەن، تەنانەت بەڕێوەبەری دژەکرێکاریی شیرکەتی واحید بڕیاری ئۆرگانی دژەکرێکاریی باڵادەستی خۆشی بەڕێوە نەبردووە.
بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت بۆ بردنەسەرەوەی تەنیا ١٠ لەسەدی حەقدەست نیشانەی توندتربوونەوەی سیاسەتی دژەکرێکاریی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەتی واحیدە کە بە درووستی لەلایەن کرێکارانەوە کەوتە بەر ناڕەزایەتی. کرێکاران وێڕای ڕاگەیاندنی مانگرتنیان، ڕێزێکی یەکگرتوویان بەرامبەر بە خاوەنکار و سیاسەتی دژەکرێکاری پێکهێنا. بەدوای وەها کردەوەیەکی یەکگرتووانە، شارەداری تاران وەک خاوەنکاری شیرکەتی واحید بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی مانگرتن هەوڵی دا تا بە دانی وادە و بەڵێنی بێناوەرۆک و قەولی بردنەسەرەوەی حەقدەست تا ٤٠ لەسەد، کرێکاران فریو بدات و کۆتایی بە مانگرتنیان بێنێت. بەڵام کرێکاران بە عەزمێکی ڕاسخەوە لەسەر درێژەدان بە مانگرتن تا گەیشتن بە هەموو خواستەکانیان پێداگرییان کرد. دوای ئەم بڕیارەی کرێکاران، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا ١٢ کەس لە شۆفیرەکانیان دەستبەسەر و ڕوانەی زیندانی ئێڤین کرد. بەڵام نە کردەوەی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات و نە هەوڵی ئاژاوەگێڕانەی بەڕێوەبەرایەتی نەیتوانیوە بەر بە ئیرادەی کرێکارانی مانگرتوو بگرێت. ئەوان سەرەڕای هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان تا گەیشتن بە خواستەکانیان درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.
خواستی کرێکارانی مانگرتووی شیرکەتی واحید لەوانە بردنەسەرەوەی حەقدەست لە جەرگەی گرانیی سەرسووڕهێنەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، خواستی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانە و پێویستە لەلایەن بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە پشتیوانیی لێ بکرێت.
مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی واحید لە باروودۆخێکدا دەستی پێکردووە کە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بە ناڕەزایەتیی گشتی دژبە گرانی و چوونەسەرەوەی چەند بەرابەریی قیمەتی کاڵا سەرەکییانی ژیان لەوانە نان، ڕۆن، قەند و شەکر لە شارە جۆراوجۆرەکان بەرەنگاری نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار بوونەتەوە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، بێکاران، جووتیاران، حاشیەنشینان و کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی سەنعەت، مەعدەن، گواستنەوە و هاتووچۆ، ژنان، لاوان و خوێندکاران بەشێوازی جۆراوجۆر لەئارا دایە و ڕژیم داماوانە هەوڵ دەدات بە تۆمەتبارکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی وڵات و ناوەندە سەربەخۆ سەندیکاییەکانی جیهان و درووستکردنی سێناریۆی ڕسوای سەدا و سیما، بۆ دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی پاساو بێنێتەوە و ستەمگەری و سەرکوتگەرییەکانی درێژە پێبدات. لە وەها باروودۆخێکدا هاوپشتیی بەشە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە و هاتووچۆ لەگەڵ کرێکارانی مانگرتووی شیرکەتی واحید و هەروەها هەوڵ بۆ یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵوێستی دژە سەرمایەداری، لە پێدایستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەیە دژبە ستەم و چەوسانەوە و زۆر و سەرکوتی نیزامی چەوسێنەرانەی زاڵ.
یەکگرتوویی سەرانسەریی بزووتنەوەی شۆرشگێڕانەی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و لاوانی بێکار دەتوانێ ئاسۆی ڕووخاندنی چینی دەسەڵاتدار و بەدەستەوەگرتنی چارەنووس لە ڕێگەی دامەزراندنی نیزامێکی شۆرایی، لە بەرامبەر خەباتەکانماندا بکاتەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پشتیوانی لە خواست و مانگرتنی شۆفیران و کرێکارانی شیرکەتی واحید، بۆ جارێکی دیکە کرێکارانی باقیی بەشە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە و هاتووچۆ بانگەشەی پەیوەست بوون بە مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی واحید و بەهێزکردنی ڕیزەکانیان دەکات و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی کرێکارانی دەستبەسەرکراوی شیرکەتی واحید و مامۆستایان و باقیی بەندکراوانی سیاسییە.
سەرکەوێ مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی واحید
گەشەدار بێت یەکگرتوویی و هاوپشتیی ڕیزەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و هەموو خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم
بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی
بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢٩ی گوڵانی ١٤٠١
١٩ی مەی ٢٠٢٢
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت