فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی لۆبنان، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و شکستی بلۆکی سەربە کۆماری ئیسلامی
سێشەممە ۰۳-۰۳-۱۴۰۱   |  24-05-2022

لە باروودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆییدا لەگەڵ تووڕەیی و ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و ستەملێکراو بەرەوڕووە  و هەیمەنە و ئیقتداری سیاسیی زیاتر لە ڕابردوو لە دەست داوە، پێگەی لەئاستی  ناوچەکەش تا دێت لاوازتر دەبێت. دوایین نموونەی شکستی گرووپە کۆنەپەرستەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لۆبنانە.

لە باروودۆخێکدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی  لۆبنان ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گوڵان بەرابەر لەگەڵ ١٥ی مەی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو کە وڵاتی لۆبنان لە قووڵترین قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی مێژووی خۆیدا بەسەر دەبات. سەرەڕای ڕەقابەتی فیرقەیی و مەزهەبی لە جەرەیانی هەڵبژاردنەکان، ناڕەزایەتیی گشتی زۆربەی کرێکاران  و بێبەشانی لۆبنان لەدژی وەزعیەتی فەلاکەتباری مەعیشەت، گەندەڵیی جێکەوتوو و ناسەقامگیریی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتە، لە بایکۆتی بەرینی ئەم هەڵبژاردنانەدا خۆی نیشان دا. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ڕێژەی بەشداری کردن لەم دەورەیەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە سەدا ٤١ بووە کە بە بەنیسبەت دەورەی پێشوو لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی لەسەدا ١٠ هاتووەتە خوارێ. بێجگەلە ئەمە، هێندێک سەرچاوەی ڕاستەوخۆ پەردەیان لەسەر ساختەکاریی بێ ئەژمار لە جەرەیانی هەڵبژاردنەکاندا لاداوە. بۆ نموونە کردەوەی ئیزایی حیزبۆڵڵای لۆبنان، گرووپی میلیشیای سەربە ڕژیم  دژبە کاندیداکانی ڕەقیب لە هێندێک لە ناوەندەکانی دەنگدان.

بە هەر حاڵ، ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە نیشان دەدات کە پێگەی کۆمای ئیسلامی لە بلۆکبەندییە سیاسییەکانی ئێستای لۆبناندا لاوازە. بەرەی کۆنەپەرستی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت” کە پێکهاتووە لە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانانی لەوانە گرووپی شیعەگەرای “بزووتنەوەی ئەمەل” و دوو گرووپی مەسیحی “بزووتنەوەی ئازادی نیشتمانی” و “ڕەوتی ئەلمەرەدە”، لە بەرامبەر ڕەوتە ڕەقیبەکاندا بەرەوڕووی شکست بوونەوە. ئەو هاوپەیمانییەی کە لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، ئەمجارەیان لە ١٢٨ کورسیی پەرلەمانی لۆبنان بەگشتی ٥٩ کورسیی بەدەست هێناوە و بەمجۆرە فراکسیۆنی یەکەمی پەرلەمانی لەدەست دا. بەڵام لە بەرامبەردا گرووپە نزیکەکان بە عەرەبستانی سعوودی پێگەی خۆیان لەم گرووپبەندییەدا بەهێز کردووە.

ئەم کێشمەکێشانە لە حاڵێکدا لە ئارا دان کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی و هێندێک لە وڵاتانی حەوزەی کەندئاوی فارس لەگەڵ دەوڵەتی لۆبنان، باروودۆخی سیاسیی ئەم وڵاتە  قەیراناویتر کردووە. ئەم گرژییانە سەرەتا بووە هۆی دەرکردنی باڵوێزەکانی لوبنان لە ڕیاز و مەنامە و کوەیت و بانگهێشتکردنیان بۆ دوبەی. ئەم کێشمەکێشانە لە باروودۆخێکدا توند بووەنەتەوە کە نیگەرانی سەبارەت بە چوونەسەرەوی نفووزی میلیشیای حیزبوڵڵا، هێزی وابەستە و نیابەتیی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتە زیاتر بووە. وڵاتانی حەوزەی کەندئاو، بەرپرسانی دەوڵەت و حیزبە سیاسییەکانی لۆبنانیش حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری پێکهاتنی قەیران و ناسەقامگیریی لۆبنان و تەنانەت یەمەن پێناسە دەکەن و خوازیاری چوونەدەرەوەی ڕێژیمی ئێرانن لە لۆبنان. ئەم گرژییانە ئەساسەن نیشانەی هەوڵ بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی لۆبناندا. سەرەنجام، ئاکامی ئەم هەڵبژاردنانەدا نیشانی دا کە لە مەیدانی کێشمەکێشی ژێئۆپۆلیتیک و بلۆکبەندییە نێودەوڵەتییەکان  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بلۆکی عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانانی براوەی ئەم کێبەرکێیانە بووە و توانیویەتی نفووزی خۆی بەسەر سیاسەتی لۆبناندا زیاد بکات و لەبەرامبەردا، بلۆکی نزیک بە کۆماری ئیسلامی مەیدانی کایەی بە ڕەقیبەکانی دۆڕاندووە. ئەم ڕەوتە دەکرێ بەئاشکرا لە دوایین دەورەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیشدا ببیندرێت کە چۆن هێزەکانی سەربە ڕێژیمی ئیسلامی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا شکستێکی سەختیان خوارد.

دوو مەسەلەی گرینگی دیکەش لەم هەڵبژاردنەدا بەرچاو بوو. یەکەم، بلۆکی “هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی” کە خۆیان نوێنەری ئاخێزی ناڕەزایەتی ساڵی ٢٠١٩ دژبە ئەحزابی دەسەڵاتدار و فیرقەیی و گەندەڵی حکوومەتی پێناسە دەکەن، پشتیوانیی زۆربەی لاوانی بەدوای خۆیدا هێنا و کورسییەکانی خۆی لە یەک بۆ ١٣ بردە سەرێ. دووهەم، بایکۆتی بەرینی ئەم هەڵبژاردنانە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی وەگیانهاتوو و ناڕازیی لۆبنان نیشانەی وشیاریی گشتی خەڵک و نەبوونی متمانە و تووڕەیی بەرینی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە بە نیسبەت پێکهاتەی سیاسیی گەندەڵ و داڕمانی ئابووری و حیزبە دەسەڵاتدارەکانە. هەموو ئەمانە لە جەرگەی باروودۆخێکی نالەبار و قەیرانێکی بێ وێنەدا ڕوویان داوە.

لەڕاستیدا بێ سەرەوبەرەیی و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ڕیزبەندی و گرژییە سیاسییەکانی نێوان حیزب و گرووپە دەرگیرەکانی بواری سیاسەت، هەروەها دەخاڵەتگەریی هێزە جیهانییەکان و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە لە کاروباری ناوخۆیی، بەگشتی لۆبنانی خستووەتە ناو زەلکاوی قەیران و ناسەقامگیری. پێکهاتەی ئابووری  و سیاسییی لۆبنان لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەسەر دوو میحوەر چەرخاوە: لەلایەکەوە، مۆدێلی نێئۆلیبرالیسم کە لەسەر بنەمای ئازادکردنی یاسای تەجاری، دەورلێدانەوەی یاسا، خسووسی سازیی ئەمواڵ و شیرکەتە دەوڵەتییەکان، وەرگرتنی وامی بەرین بۆ گۆڕینی پێکهاتەکان، بەفیڕۆدانی خزمەتگوزاری و دابینکردنی کۆمەڵایەتی و داڕمانی پێکهاتە ئەساسییەکان بووە. لەلایەکی دیکەشەوە کێشمەکێشی ژێئۆپۆلیتیکیی دەوڵەتەکان و گرووپە بیانییەکان لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی لەسەر بنەمای بەش وەرگرتن لە سەرچاوەی ئابووری و سیاسی بووە و هەموو ئەم هۆکارانە پێکەوە بێکاری، هەژاری، بێسەرەوبەرەیی، داڕمانی ئابووری و قەیرانی سیاسیی بەردەوامیان پێکهێناوە.

سەرەڕای ئەم فاکتۆرانە، نیزامی سیاسی – ئابووری  و پێکهاتەیی دەسەڵات لە لۆبنان کە ساڵەهایە لەسەر ئەساسی مەزهەب لەنێوان حیزب  گرووپەکانی سوننی، شیعە و مەسیحی دابەش کراوە، لە گەندەڵی و دزیدا نوقم بووە و لەگەڵ بنبەستی هەمەلایەنە بەرەوڕوویە. لە کاتی دەستپێکی قەیرانی ئابووری لە لۆبنان پاشکەوتی دراوی ئەم وڵاتە لەناوچووە و بەهای پارەی باوی ئەم وڵاتەش لەسەدا ٩٠ دابەزیوە. توانای کڕینی خەڵک هێندە هاتووەتە خوارێ کە هەژاری  و برسییەتی و زبڵگەڕی بۆ لەناو زۆربەی خەڵکی دەستکورت و هەژاری لۆبنان پەرەی سەندووە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی یارمەتی نێونەتەوەیی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی لەسەدا ٥٠ی خەڵکی لۆبنان خواردەمەنیی پێویستیان بۆ خواردن نییە و ئەم هەلومەرجە باروودۆخی ئابووری و قەیرانی بێ وێنەی برسییەتیی توندتر کردووەتەوە.

ناسەقامگیریی سیاسی و درێژەی قەیرانە قووڵە ئابوورییەکان، زۆربەی خەڵکی کرێکار و بێبەشی کۆمەڵگەی وەتەنگ هێناوە و لە کاردانەوە بەم وەزعییەتە، ئاخێزی جەماوەی و شۆڕشگێڕانە لە ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بۆ جارێکی دیکە دەسەڵاتی سیاسیی خستە لەرزە. کۆمەڵگەی لۆبنان شایەدی خەبات و پەیکاری چینایەتی و کۆمەڵایەتی ستەمێکراوان لەسەر شەقام دژبە سیاسەتی نێئۆلیبرالی، فیرقەگەرایی و دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانکەر بووە. خەڵکی برسی  تووڕە لە ناڕەزایەتی دژبە درێژەی قەیرانی قووڵی ئابووری و بێکەفایەتیی دەوڵەت و بێتوانایی لە چارەسەرکردنی نابەسامانیی ئابووری بۆ جارێکی دیکە لە ژانویەی ٢٠٢٢دا دەستیان دایە مانگرتنی سەرتاسەری و بەهێز و ئەمجارەیان فەلەجبوونی زۆرێک لە شارەکانی لێ کەوتەوە. بەسەرەنجدان بەوەیکە سیاسەتەکانی دەوڵەتی دەسەڵاتدار بەردەوام درێژەدان بە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری و داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەتی زیاتر بەسەر زۆرینەی خەڵکی لۆبنان بووە و حیزبە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن کۆمەڵگەی لۆبنان لە قەیرانی ئابووری، ناسەقامگیریی سیاسی و بێسەرەوبەرەیی کۆمەڵایەتیی بێننە دەر، خەباتی کۆمەڵایەتی و ئاخێزی شۆڕشگێڕانە هەرچەند وەخت جارێک سەرهەڵدەدات.

ئەگەرچی پێگەی ڕژیمی ئیسلامی و نفووزی لە لۆبنان لاواز بووە، بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە دەخاڵەتگەرییەکانی ڕژیم لە کاروباری ناوخۆیی لۆبنان لەڕێگەی گرووپی میلیشیای حیزبوڵڵا و هاوپەیمانانی بۆ درێژەی قەیران نانەوە لەم وڵاتە بەردەوام هەروا لە ئارا دان. لەم ڕووەوە خەباتی یەکپارچە و سەراسەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بۆ پێکهێنانی سەقامگیری و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتییەکی شیاو دەبێت و بەشوێنیدا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخواز و ئاڵۆگۆڕی هیوابەخش لە گشت ناوچەکە.