فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڵێنی باشترکردنی ژیان دەدەن و سینگی کۆڵبەران وەبەر گولـلە دەدەن
یەکشەممە ۰۸-۰۳-۱۴۰۱   |  29-05-2022

لەم دوایانەدا “فەرزاد پیشکاری” بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعیی ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستان سەبارەت بە مەسەلەی دامەزراندن لە ئۆستانی کوردستان وتی: “پێکهێنانی پیشەی پایەدار و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی سێزدەهەمە”. ناوبراو باشترکردنی وەزعییەتی ژیانی کرێکاران و بردنەسەرەوەی ٥٧ لەسەدیی حەقدەستەکانیان و دانی حەقدەستی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی سیاسەتی دەوڵەتی سێزدەهەم ناولێبرد و وتی: “لەمساڵدا کە لەلایەن ڕێبەرەوەو بە ساڵی “بەرهەمهێنان، زانست بنەما، کارخوڵقێنی” ناودێر کراوە، دەوڵەت بایەخی تایبەتی داوە بە پاراستنی پیشە و پەرەسەندنیان لە ئۆستانی کوردستان و لەم بوارەدا ئۆستاندار و تیمی ئابووریی ئۆستانیش گرینگیەکی تایبەتیان بە گەشەی ئابووری داوە”. هەر لەم پێوەندەدا، دوای تەعتیلاتی نەورۆز، “ئیسماعیل زارعی کووشا” ئۆستانداری ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستان داوای لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئیداراتی گشتی و ژێر مەجمووعەکانی خۆیی کردبوو کە بۆ وەدی هاتنی ئەم درووشمە، هەرچی لە توانایان دایە بە کاری بێنن.”
بەرپرسانی ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا وادەی پەرەسەندن و باشترکردنی پیشە لە کوردستان دەدەن کە شارەکانی کوردستان لە بواری فاکتۆری گەشەی ئابوورییەوە لە زومرەی ناوچە بێبەشەکانی ئێران بەئەژمار دێن و لە بواری لەسەرێ بوونی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت ئۆستانی کوردستان، یەکێک لە پێنج ئۆستانەکانی ئەوەڵی ئێرانە و نزیکەی ٢٥ لەسەد لە لاوان لەم ئۆستانەدا بێکارن. لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری لە هەموو بوارەکان، نەبوونی بەرنامەی درێژماوە بۆ پێکهێنانی پیشەی پایەدار و هەڵاواردنی بەرین لە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ ئۆستانی کوردستان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و ڕێژەی باڵای بێکاری. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە نەتەنیا بۆشایی چینایەتیی نێوان هەژاری و سەروەت یەکجار قووڵتر بووەتەوە، بەڵکوو لە ناوچەکانی غەربی ئێران دیاردەی کۆڵبەری، کە لە بێکاری و نەبوونی پیشەی پایەدارەوە سەرچاوە دەگرێت، پەرەی سەندووە. بێجگەلە ستەمی چینایەتی، سیاسەتی سیستماتیک و پڕ لە جیاوازی و هەڵاواردنی حکوومەتی ئیسلامی دژبە خەڵکی کوردستان بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، و جەمعییەتێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بەتایبەت لە شارە سنوورییەکان بێجگەلە کۆڵبەری ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی لانیکەمی هەزینەی سەرسووڕهێنەری ژیان نییە.
خەڵکی کوردستان لەگەڵ وادە و بەڵێنی درۆیین و فریوکارانەی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ئاشنان. زیاتر لە چل ساڵە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە نیگایەکی ئەمنییەتییەوە دەڕوانێتە کوردستان و لە هیچ جەنایەتێک دەرحەق بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەریغی نەکردووە و خەڵک بەردەواوم لەپنێاو دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەهایەکی قورسیان داوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان کە بەشێکی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا، ڕێژی دستبەسەرکردن و تەقەکردن لە کۆڵبەران چووەتە سەرێ. لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنوور. هەر لەم مەودا زەمانییەدا، لانیکەم ٢١ هاووڵاتی کە ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. کاربەدەستانی جەنایەتکاری ڕێژیم لە کوردستان لەحاڵێکدا بەڵێنی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان دەدەن کە کۆڵبەرانی شەریف و زەحمەتکێش دەدەنە بەر گولـلە و یان دەستگیر و زیندانییان دەکەن. دیاردەی کۆڵبەری و کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە هەڵاواردنی سیستماتیکی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە دژبە خەڵکی کوردستان سەرچاوە دەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی باروودۆخی ئابووریی نالەباری ئۆستانی کوردستان بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکانەوە خەڵک بەشێوەی بەرین ڕوویان کردووەتە شارەکانی ئەم ئۆستانە و بەهۆیەوە جەمعییەتی حاشینەنشینان زیاد بووە. بەپێی ئاماری میدیاکانی دەوڵەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ١٧ گەڕەکی حاشیەنشین لە سنە بوونی هەیە و شارەکانی بانە، سەقز و مەریوانیش، جەمعییەتێکی بەرینیان لە حاشیەنشینانی ئۆستان لەخۆگرتووە. پەرەسەندنی حاشینەنشینی لە شارەکانی کوردستان تەنیا بەهۆی کۆچی خەڵکی گوندنشین بەرەو شارەکان نەبووە، بەڵکوو بەشێک لە شارنشینانیش بەهۆی تەوەرۆم و گرانی و هاتنەخوارەوەی توانای ئابوورییان ناچار بوون ڕوو بکەنە حاشیەی شارەکان و لەوێ بژین. حاشینەنشینی لە هێندێک لە ناوچەکانی ئۆستان لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتاوە دەستی پێکردووە و ئەم دیاردەیە ناوچەی جیاوازی لە شارەکاندا پێکهێناوە کە بریتین لە نایسەر، نەنەڵە، فەرەجە و حەسەن ئاوا لە سنە و ٣٤ گەڕەکی تر لە باقیی شارە گەورەکانی ئەم ئۆستانە. کێشەی ژێرخانی پەروەردە و تەندرووستی، نەبوونی فەزای سەوز، کێشەی ئاو، کووچەی ناڕێک و خاکی، شەقامی شلووغ و پڕ لە هاتووچۆ، لە زومرەی ئەو کێشانەن کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە لەگەڵی بەرەوڕوون.
پەرەسەندنی هەژاری، بێکاری و تەوەرۆم و گرانی، قووڵتربوونەوەی بۆشایی چینایەتی، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ناڕەزایەتی، مانگرتن و ئاخێزی سەر شەقامی ئەم دوایانەی خەڵکی ئێران هەیە و کێشەی ئابووریی تاقەت پڕووکێنی بەسەر ملیۆنان کرێکار و تووێژی هەژاری کۆمەڵگەدا سەپاندووە. بێگومان خەڵکی کوردستانیش وەک بێبەشانی باقیی شارەکانی ئێران لەگەڵ کێشەی کۆمەڵایەتیی بێکاری، هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی کاڵا ئەساسییەکان بەرەوڕوون.
لە باروودۆخێکدا کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و ئاخێزی بێبەشانی شار خەوی لە چاوی سەرانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی ئێران تاراندووە. بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دەستدرێژییە هەوسارپچڕاوە بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران، بۆ کۆتایی هێنان بە جەنایاتی ڕژیم دژبە کۆڵبەران، بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی سیستماتیک دژبە خەڵکی کوردستان و فەلاکەتی ئابووری، ڕێگایەک بێجگەلە پێکەوە پەیوەنددانی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لە سەرانسەری ئێران بوونی نییە.