هۆکاری سەرەکیی کارەساتی ڕووخانی بینای مێترۆپۆل لە ئابادان


یەک حەوتوو بەسەر ڕووخانی بینای گەورەی “مێترۆپۆل” لە شەقامی ئەمیریی ئابادان تێدەپەڕێت. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هەتا ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٠ کەسی تریش لەژێر ڕووخاوەکاندا ماون. خەڵکی ئابادان کە هێشتا لە غەم و ماتەمینی سەرکوتەکانی ئەم دوایانە و نیگەرانی لە چارەنووسی سەدان دەستبەسەرکراو لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو فەراغ نەببوون، ئەمجارەیان دەبووایە لەژێر وێرانەکانی بورجی ڕووخاوی مێترۆپۆلدا دەنگی کەسوکاریان بیستبایە کە لەژێر بەرد و ئاسندا دەفن بوون. لە حاڵێکدا کە خەڵک خۆیان لە فکری نەجاتی ئازیزانیاندا بوون، هێزە ئەمنییەکان تەنیا کارێک کە لە دەستیان دەهات، گەمارۆدانی شوێنی کارەستاتەکە و بەستنی ڕێگاکانی ئەم شوێنە بوو. حزووری شارەداری ئابادان لە شوێنی کارەساتەکە بوو بەهۆی تووڕەیی زیاتری ئەو خەڵکەی کە شایەدی زیندەبەگۆڕبوونی کەسوکاریان بوون. ئەوان لە قامەتی ئەودا نوێنەری ڕاستەوخۆی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی گەندەڵیان دەبینی کە هۆکاری واقعیی ئەم کارەساتەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە دەیان جار لەلایەن شارەزایانی ئەم بوارەوە، بە بەڵگە و مەدرەکەوە، هۆشدار درابوو کە بینای مێترۆپۆلی ئابادان دەڕووخێت، بەڵام هۆڵدینگی بیناسازیی عەبدولباقی بە دانی بەرتیل بە شارەداری و باقیی بەرپرسانی حکوومەت، ئەم پڕۆژەیەیان درێژە پێدا. ئەمڕۆ خەڵکی ئابادان بە لەدەستدانی ئازیزانیان، تاوانی گەندەڵی و بەرتیلخۆریی دەزگای دەسەڵاتدار دەدەنەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە خاوەنانی سەرمایە بە ئیختلاسگەری و بە دانی بەرتیلی کەڵان بە بەرپرسانی دەوڵەتی، کایە بە گیان و ماڵی خەڵک دەکەن. هەر لەم سێ چوار ساڵەی ڕابردوودا ڕووخانی دەیان بینای مەسکەنی میهر ڕاگەیەندراوە. واتە پڕۆژەیەک کە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا بە تام و چێژەوە باسیان لێ دەکرد و بە تەرخانکردنی هەزاران ملیارد تمەن و ئیختلاسی نجوومی، بەڕێوەچوو. بە دەیان جار هەواڵ و وێنەی ڕووخانی بینا چەند تەبەقەییەکانی مەسکەنی مێهر بەسەر دانیشتووانی لە تەورێزەوە تا سەرپۆلی زەهاب، لە ئەهوازەوە تا گیلان، لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە. ڕووخانی بینای پلاسکۆ، یەکێک لە ناوەندە بازرگانییەکانی تاران دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ هێستا لەبیر کەس نەچووەتەوە. ڕووداوێک کە لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی بەفرانباری ٩٥دا لەبەرچاوی ملیۆنان خەڵک ڕووی دا. ئەو سەردەمیش سەبارەت بە مەترسیی ڕووخانی بینای پلاسکۆ پێشتر شارەزایان هۆشداریان دابوو. بەڵام دەمێکە چاوی بەرپرسانی گەندەڵی حکوومەت کوێر و گوێیان کەڕ بووە.
خەڵک بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێگایەک بێجگەلە شۆڕش و ناڕەزایەتی دژبە وەزعییەتی ئێستا بوونی نییە. هەموو ئەو ڕاپۆرت و ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆژێک دوای ئەم کارەساتە بڵابوونەتەوە، تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی ئابادان لە جەرەیانی ڕێپێوانەکانی سەرشەقام بە تەسویر دەکێشن. خەڵکێک کە ڕێژیمی ئیسلامی بە هۆکاری ئەم کارەساتە دەزانن هاتنە سەر شەقامەکان. ئەمجارەشیان وەک ڕابردوو و لە جەرەیانی ئاخێزەکانی ئەم دوایانەدا درووشمەکان دژبە “عەبدولباقی” خاوەن بورجی مێترۆپۆل و بەرپرسانی مەحەلی، دەستبەجێ سەرانی ڕێژیمیان کردە ئامانج. “باقی جەنایەت دەکات، بەرپرس پشتیوانیی دەکات”، “دەکووژم دەکووژم، ئەوەی براکەمی کوشت”، “نەمێنێ ئاخوند”، “مەترسن مەترسن ئێمە هەموو پێکەوەین”. ناڕەزایەتیی خەڵکی داغدار و تووڕەی ئابادان لە ڕۆژانی دواتردا دەیان شاری تریشی گرتەوە. تەنیا لە ڕۆژی ٦ی جۆزەرداندا لە ئابادان هەزاران کەس بە درووشمی “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی” شاریان کردە مەیدانی شۆڕشی گشتی دژبە ڕێژیم. بەکرێگیراوان و هێزە دژەشۆڕشەکانی ڕێژیم بە هاویشتی گازی فرمێسکڕێژ و بە تەقەکردن بەرەو خەڵک هەوڵیان دا بڵاوەیان پێ بکەن. ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا و بە تەواو مانایان لە نێوان خەڵک و سەرکوتگەراندا نیشان دەدا. هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدران لە هەموو شوێنێک هێرشیان کردە سەر ڕیزی ناڕازیانێک کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئابادان هاتبوونە سەر شەقامەکان.
هاوکات ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشت هاودەردیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئابادان دەربڕی. “ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئیسلام ئابادی غەرب” لە تەسلییەت نامەی خۆیدا نووسیی “تا کەی دەبێ ئەم خەڵکە نەجیب و ڕەنجدیتوویە، بە گیانی خۆیان تاوانی پەیوەندی و ڕانت و واستە و نابەرپرسایەتی بدەن، مەگەر ئیتر هێزێک لە جەستەیاندا ماوە تا دژبە بێداد دەنگی دادخوازی هەڵبڕن. ئێمە مامۆستایان خۆمان بە هاودەرد و هاوبەشی خەمی ناخهەژێنی کارەساتی ئابادان دەزانین و یاد و بیرەوەرییان بەتایبەت هاوکاری بەڕێزمان، مامۆستای سەربەرز جەنابی سەیداوی بەرز ڕادەگرین”.
شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت ” لە ڕاگەیاندنی خۆیدا بەم بۆنەوە نووسیی “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت تەسلییەت و هاودەردیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی گیان بەختکردووانی بینای مێترۆپۆل دەکات و خۆی بە پشتیوانی ناڕەزایەتیی خەڵکی تووڕەی ئەمشارە دژبە بەساتی مافیایی حاکم کە خوڵقێنەری ئەم کارەساتەیە دەزانێت. لە ڕوانگەی ئێمەی جەماوەری خەڵکەوە، بەساتی مافیایی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار و پشتیوانیی حکوومەت لە کەسانی وەک عەبدولباقی، خاوەنی بینای مێترۆپۆل، هۆکاری ئەمجۆرە کارەساتانەن. دەبێت هۆکارەکانی ئەم جەنایەتە ئاشکرایە موحاکەمە بکرێن”.
کرێکارانی پاڵاوگە و پێترۆشیمیی ئابادان بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێک ڕوو بە ” خەڵکی شەریف و داغدیتووی ئابادان، خوڕەمشار، شادگان و شارەکانی دەورووبەر” نووسییان کە “ئێمە کرێکارانی پاڵاوگە و پێترۆشیمیی ئابادان لەو باوەڕە داین کە لەجیاتی بەهرەمەندبوون لە سەروەتی بەرینی ئەم ئاو و خاکە تەنیا زوڵم، گەندەڵی، تەباهی و چارەڕەشی و مەرگ بەنەسیبی ئێمە دەبێت و لە حاسڵی کار و تێکۆشانی ئێمە ئارامی و ئاسایش بۆ زاڵمان و ڕانتخۆران و بێ کەفایەتان خوڵقاوە. ئێمە باش دەزانین کە بردنی سکاڵا دژبە دزان و تاڵانکەران بۆ لای پشتیوانانیان کارێکی بێهۆیە و تەنیا بەفیڕۆدانی کات و وزەی ئێمەیە و دەزانین کە لەڕێگەی دەزگاکانی پاڵپشتی دزانەوە بە مافمان ناگەین”. هەروەها لە درێژەدا نووسییان: “بۆ کورت کردنەوەی دەستی دزان و هۆکارەکانی ئەم کارەساتە و وەرگرتنی سەهمی شارەکەمان لەم بێ شەرەفانە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ وێڕای بەشداری لە مەراسیمی ئازیزانی لەدەستچوو و دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی گیان بەختکردووان، مانگرتنی خۆمان دەست پێ دەکەین”.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی ئاباداندا نووسیی: “ئەمجارەشیان شێواز و نومایشەکەیان جیاوازییەکی لەگەڵ ڕابردوو نەبوو. ئەمجارەشیان ئەکەمین کاردانەوەی دەسەڵات بەم کارەساتە، نەک ناردنی هێزی فریادڕەس، بەڵکوو ڕەوانە کردنی هێزی سەرکوتگەر بوو و هەواڵە ڕەسمییەکانی بە سانسۆڕی دەنگی ناڕازیان، قەتعی ئینتێرنێت و ساختەکارییەوە بڵاو دەکاتەوە. بەڵام دەنگی ناڕەزایەتی بەرزترە لە سەرکوت و سانسۆڕ و ڕاستییەکان لە زاری خەڵکی جەرگ سووتاوەوە هاوار دەکرێن. خەکێک کە لەژێر زەبری گولـلە و باتۆم و گازی فرمێسکڕێژدا، خۆیان هەم دەستیان داوەتە یارمەتی و هەم خرۆشاون و ڕاستییەکان لەقاو دەدەن”.
بێگومان باشترین هاودەردی لەگەڵ خەڵکی داغدیتووی ئابادان و خەڵکێک کە ئازیزانی خۆیان لە جەرەیانی ڕاپەڕینی ئەم دوایانەدا لەدەست داوە، پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی گشتی لە شارەکان و سازماندانی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانە. لەڕێگەی ئەم خەباتە گشتییە و مانگرتنی سەرانسەرییە کە دەکرێت عەزم و ئیرادەی خۆمان ڕێک بخەین و هێزی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکەین و باروودۆخی پێشڕەوی بەرەو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بخوڵقێنین.