


زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین تێپەڕیوە و دواهاتە کارەساتبارەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە و پەرە دستێنێت. سەرەڕای درێژەی کوشتاری هەزاران ئینسان، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئۆکراین و وێرانیی قەرەبوونەکراوە، پانتایی ئەم شەڕە بەردەوام پەرە دەستێنێت. شەڕ و کێشمەکێشی نێوان دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری توندتر بووەتەوە و مەیل بۆ ڕیزبەندییەکی نێودەوڵەتی و چڕکردنەوەی هێزی نیزامی یەکجار زیاتر بووە. زۆر بەدوور نییە کە شەرخوازیی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، جیهان لە سەدەی بیست و یەکدا بەرەو “شەڕی جیهانیی سێهەم” بەرێت.
یەکەمین ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم شەڕە پەرەسەندنی بلۆکبەندیی بەینی دەوڵەتی و ئیمپریالیستی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دا بووە. هێستاش لەبیرمانە کە ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کاردانەوە بە بێسەرەوبەرەیی و ناهەماهەنگیی نێوان دەوڵەتانی ئەندامی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ)، ڕایگەیاند کە ناتۆ تووشی “مەرگی مەغزی” بووە. لە ئاکامەکانی شەڕی ئۆکراین، بووژانەوەی دووبارەی سازمانی ناتۆیە و لە سەروویانوە ئیمپریالیسمی ئەمریکا دووبارە هێژمۆیی خۆی لەناو ئەم بلۆکە ئیمپریالیستییەدا سەقامگیر کرد. دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوای بەرەی ناتۆ جۆرێکیان تەبلیغاتی جەنگی و کێبەرکێیی تەسلیحاتی لەم شەرەدا ڕێکخست تا دەوڵەتانی غەیرە ئەندامی ناتۆ ناچار بکەن کە ئەگەر دەیانهەوێ لە چنگ هێرشی نیزامی و زێدەخوازیی بلۆکی ڕووسیە و چین لە ئەماندا بن، ڕێگایەکیان بێجگەلە پەیوەست بوون بە سازمانی ناتۆ نییە. لە ئاکامی ئەم باروودۆخەدا، دوو وڵاتی فینلاند و سۆئێد کە ماوەیەکی زۆر بوو لە کێشمەکێشە نێودەوڵەتییەکاندا “بێ لایەن” بوون و خۆیان لە چوونە ناو پەیمانە نیزامییەکان بەدوور دەگرت، سەرەنجام خواستی فەرمیی خۆیان بۆ ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی ناتۆ ڕاگەیاند و بەمجۆرە لە ڕەقابەتەکانی نێوان بلۆکە ئیمپریالیستییەکاندا، بە بەرەی ناتۆ پەیوەست بوون.
دەوڵەتی ڕووسیە لە ئەکەمین کاردانەوەی خۆی بەم مەسەلەیە، ڕایگەیاند کە ١٢ پایەگای نیزامیی تازە لە سنوورەکانی ڕۆژاوای ڕووسیە دادەمەزرێنێت. سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی شۆرای فیدراسیۆنی ڕووسیەش لە کاردانەوە بەم بابەتە وتی: “هەرجۆرە تەقوییەتێکی حزووری ناتۆ لە فێنلاند و سۆئێد دوای نیهایی بوونەوەی پەیوەست بوونی ئەم دەوڵەتانە بەم هاوپەیمانییە نیزامییە، لەلایەن ڕووسیەوە وڵامی گونجاوی پێدەدرێتەوە.” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیەش ڕایگەیاند کە ئەم کارە “ئاکامی نیزامی و سیاسیی جیددیی دەبێت”. کاردانەوەی کردەوەیی هەتا ئێستای ڕووسیە ئەوە بووە کە سەرەتا لە ١٤ی مەیدا ڕایگەیاند کە ناردنی بەرق بۆ فینلاند ڕادەگرێت و دواتریش ڕایگەیاند کە شەممە ٢١ی مەی، هەناردەی گازی ڕووسیە بۆ فینلاند ڕادەگیرێت.
سەرەڕای هەمووی ئەمانە، ناردنی دەیان و سەدان ملیارد دۆلار تەسلیحاتی نیزامی لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواوە بۆ ئۆکراین هەروا بەردەوامە. بەمجۆرە ئۆکراین بووەتە مەیدانی شەڕی نیابەتیی نێوان ئیمپریالیسمی ڕووسیە و ئیمپریالیسمی ڕۆژاوای بلۆکی ناتۆ. هەوڵی ناتۆ بە ڕێبەریی دەوڵەتی ئەمریکا ئەوەیە کە لەڕێگەی ناردنی یارمەتیی بەرینی ماڵی و تەسلیحاتی بۆ دەوڵەتی ئۆکراین، ئەم شەڕە تا جێگەیەک کە ڕێی هەیە دوورودرێژ و فەرسایشی و پڕهەزینە بکات، بەجۆرێک کە ڕووسیە لەناو باتڵاقی ئەم شەڕەدا بەچۆک دابێنێت. لەڕاستیدا ئەمریکا و دەوڵەتانی سەرەکیی یەکیەتیی ئەورووپا دەیانهەوێ هێزە نیزامییەکانی ئۆکراین تا دوایین کەسیان لەگەڵ ئەرتەشی ڕووسیە بەشەر بێن و بۆ دەسڕاگەیشتنیان بەم ئامانجە، هەوڵ دەدەن تا هەرجۆرە ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بە بنبەست بگەیەنن. هەربۆیە میلیتاریزە کردنی ئەورووپا زیاتر پەرەی پێدەدرێت.
کێشمەکێشی ژێئۆپۆلیتیکی و شەڕ لەسەر هێژمۆنیی و زاڵبوونی دەوڵەت و بلۆکە ئیمپریایستییەکان بە جوگرافیای ئەورووپا سنووردا نابێتەوە، بەڵکوو یەکجار بەرینترە و لە پڕۆسەی سەقامگیرکردنی نەزمێکی “چەند جەمسەری”دا، جیهان دەباتە قۆناغێکی نوێ لە شەڕ و ڕەقابەت. ئەگەر بلۆکی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا لە سازمانی ناتۆدا گیانێکی تازەی گرتووە، لەوبەری ئەم کێشمەکێشانەوە، ئەم شەڕ و ناکۆکی و پرۆپاگەندە شەڕئەنگێزانەیە، وڵاتانی بەرەی چین و ڕووسیە ناچار بە کاردانەوە دەکات و ئەوانیش بەرەو هاوکاریی نیزامی و ئەمنییەتیی زیاتر پاڵ پێوەدەنێت و بەستێنی بابەتیی گرژیی نیزامی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش بەشێوەی بەرچاو دەخوڵقێنێت. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاوکات لەگەڵ سەفەری جۆو بایدێن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ژاپۆن، بۆمب هاوێژە ئەتۆمییەکانی چین و ڕووسیەش مانۆڕێکی هاوبەشیان بەسەر دەریای ژاپۆندا ئەنجام داوە. جۆو بایدێن لە کۆنفڕانسی هەواڵنێریی هاوبەشی خۆیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە تۆکیۆ زەمانەتی ئەوەی دا کە ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی نیزامیی چیندا، لە تایوان دیفاع دەکات. ئەو هەروەها وتیشی کە مانۆڕی نیزامی و فڕین لە چوارچێوەی هەوایی تایواندا “کایەکردن بە مەترسییە.” لە بەرامبەردا کاربەدەستانی پێکەن لە کاردانەوە بەم وتانەی جۆو بایدێن، هۆشداریان بە ئەمریکا دا و ڕایانگەیاند کە سەبارەت بە پرسی تایوان، “هیچ فەزایەک بۆ سازان یان کۆتا هاتن” ناهێڵێتەوە. هەروەها هاکات لەگەڵ سەفەری ڕانەگەیندراوی هەیئەتی ئەمریکایی بۆ تایوان، چین مانۆرێکی نیزامیی لە نزیک تایوان ئەنجام دا. ئەرتەشی چین لە بەیانییەیەکدا ئەم ئۆپراسیۆنەی “کاردانەوە بە پەیامە نادرووستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵوێستی تایوان” پێناسە کرد و هەڕەشەشی کرد کە “ئەوانەی وا کایە بە ئاگر دەکەن دەسووتێن.” وەزارەتی دەرەوەی چینیش ئەمریکای بە درێژەدەری گرژیی ژئێۆپلیتیکی لە ناوچەی ئۆقیانووسیە تۆمەتبار کرد و ئەم هەوڵانەی “هاندەرانە” وەسف کرد.
لە جەرگەی “شەڕی ساردی نوێ”ی نێوان ئەمریکا و چین، هەواڵنێریی ئاسۆشییەتد پرێس ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بەنیازە بلۆکی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕووسیە بکاتە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی بەرینتر تا بتوانێ بەربە هەڕەشەی جیددیتر و درێژماوەی چین دژبە نەزمی جیهانی بگرێت. ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە دۆستایەتیی نێوان چین و ڕووسیە و هاوکارییان لە شەڕی ئۆکراین، نیگەرانیی دەربڕی و وتی: ئەم سیاسەتەی پێکەن دەبێت بۆ هەموو ئێمە کە ناوچەی ئۆقیانووسی هێند و ئارام بە ماڵی خۆمان دزانین، زەنگی مەترسیی وەدەنگ بێنێت. ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی بایدێن بەرامبەر بە چین وتی: “تەنانەت سەرەڕای درێژەی شەڕی پووتین دژبە ئۆکراین، ئێمە هەروا لەسەر جیددیترین کێشەی درێژماوەی نێونەتەوەیی کە چین خوڵقاندوویەتی، موتەمەرکز دەمێنینەوە”.
بێگومان گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری قووڵتر بووەتەوە. هەرکات دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان نەتوانن بە ئاشتی و بە وتووێژ و دیپلۆماسی لەسەر دابەشکردنی بەرژەوەند و سەرچاوەی ئابووری و سیاسی بسازێن، ماشێنی شەڕ لە قامەتی ڕێگاچارە بۆ ناتەبایی و دوژمنایەتییەکان وەڕێ دەکەوێت و دابەشکردنی دووبارەی جیهان بە زەبری دەسەڵات و هێزی نیزامی بەڕێوەدەبەن. هەربۆیە لەم باروودۆخە تاریکەدا تەنیا ڕێگایەک کە دەمێنێتەوە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی ئاشتیخوازانەی جیهانییە. بزووتنەوەیەک کە ئامانجی نەمانی شەڕی ئیمپریالیسی بێت. بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئاشتیی جیهانی دەبێ ئامانجی بەرپاکردنی نیزامێکی یەکسانیخوازی سۆسیالیستی بێت کە ژیانی شایستەی ئینسان و ئاشتی و ئازادی زەمانەت دەکات و تێیدا شەڕی ئیمپریالیستی و گرژیی ژێئۆپۆلیتیکی هیچ جێگایەکی نییە. بەڵێ جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سۆسیالیسمە.