فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەوڵەت و خاوەنکاران بەرپرسی پاراستنی گیانی کرێکارانن
یەکشەممە ۱۵-۰۳-۱۴۰۱   |  05-06-2022

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هرانا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردان، بەهۆی تەقینەوەی کوورەی زەوبی فوولاد لە یەکێک لە کارخانەکانی شارەکی فوولادی شارستانی “ئەشکێزەر” لە ئۆستانی یەزد، چوار کرێکار بە سەختی بریندار بوون. وتەبێژی سازمانی ئورژانسی ئۆستانی یەزد ڕایگەیاند کە بەهۆی قووڵ بوونی برینی ئەم چوار کرێکارە، دوای ئیقداماتی ئەوەڵییەی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی “میحرابی یەزد” کراون. بەپێی ڕاپۆرتی هرانا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردانیش لە ڕووداوێکی دیکەدا لە دوورگەی قیشم، بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی شوێنی کار، کرێکارێک لە کاتی دامەزراندنی کەرەستەی فیلمبەرداری لە یەکێک لە ناوچە تووریستییەکان، بەسەختی بریندار بوو. ئەم کرێکارە ٣١ ساڵەیە دوای بەربوونەوە لە بەرزایی، لەگەنی شکا و تووشی خوێنڕێزیی داخڵی بوو.
بەپێی ئاماری ڕەسمیی وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامی، لە ئێران ساڵانە بەشێوەی مامناوەند ١٣ هەزار ڕووداو بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی شوێنی کار ڕوو دەدات کە لە ٧٠٠ تا ٨٠٠ حاڵەتدا گیان لەدەستدانی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە. هەڵبەت ئەم ئامارە تەنیا ئەو ڕووداوانەن کە تۆمار دەکرێت و دیارە زۆر ڕووداوی¬تر لەخۆناگرێت. ئەگەر ئەو ڕووداوانە بەحیساب بێنین کە خاوەنکاران بەتایبەت لە کارگاکانی کەمتر لە ٢٠ کرێکاردا حاشای لێ دەکەن و هەروەها ئەگەر زەریبی ئاماری درۆیینی کۆماری ئیسلامی بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئیزافە بکەین، ژمارەی ڕووداوەکانی شوێنی کار لە ئێران یەکجار زیاتر لەم ئامارەیە. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی جیهانیی کار، ئێران لە بواری ئیمەنیی شوێنی کار لە ناو وڵاتانی جیهاندا خاوەنی پلەی ١٠٢یە. کە پێگەیەکی یەکجار نزم و سەرشۆڕانەیە بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ماددەی ٩١ی قانوونی کاری کەزایی ڕژیم “چاوەدێریی بەردەواوم لەبواری ئیمەنی وەئەستۆی خاوەنکارە و خاوەنکار پێویستە بەوردی چاوەدێری ئیمەنی شوێنی کار بێت و کرێکاران بپارێزێت”. کەوابوو خاوەنکارەکان لە هەموو کارگا و کارخانە و ناوەندێکی کاردا بەرامبەر بە پاراستنی سڵامەتی و تەندرووستیی کرێکارن بەرپرسن.
بەداخەوە هەموو ڕۆژێ ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە لە گۆشە و کەناری ئێران دەبیسترێن. ئەم مەرگە ناخهەژێنانە تەنیا ڕەنگدانەوەی گۆشەیەکن لە کارەساتی نەبوونی ئیمەنیی شوێنی کار لە ئێران. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی چەوساندندنەوەی کرێکاران و چوونەسەرەوەی کێشەی مەعیشەتی و نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی، ڕووداوەکانی شوێنی کار زیادیان کردووە. ژمارەی ڕووداوەکانی شوێنی کار زۆرتر بەهۆی بەربوونەوە و هەڵخلیسکانەوە ڕوو دەدەن و بەپێی جۆری چالاکییەکان، کاری پێوەندیدار بە بیناسازیی زۆرترین زەرەر و زیانی لێ کەوتووەتەوە.
ئامارەکانی “سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، و ناوەندی ئاماری ئێران” باس لەوە دەکەن کە لە هەر سێ کرێکاری بیناسازی، تەنیا یەک کەسیان دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و دوو کەسەکەی تر ئەگەر شانس بێنن و لە مەرگ دەربازیان بێت، کەم ئەندام دەبن و لە کار دەکەون. پێویستە بوترێ کە ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەم ڕشتەیە بۆ وەرگرتنی حەقی بیمە، و یان دابین کردنی کەرەستەی ئیمەنی، بەهۆیی پڕژوبڵاوبوون، ڕێگری لە ڕێکخراوبوونیان لە ڕێکخراوە سەربەخۆ و چینایەتییەکان، و هەروەها بەرنەکەوتنی یاسای کاری دژەکرێکاریی ڕژیمی ئیسلامی، هەتا ئێتا دەستکەوتێکی بەرچاوی نەبووە. ئەوەیکە دیارە، نەتەنیا لە بەشی کاری بیناسازی بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنانی ئێران ئاستی ستانداردە ئیمەنییەکان لەخوارێن و بەردەوام مەترسیی مەرگ، بەریندار و کەمئەندام بوون و یان تووش بوون بە نەخۆشیی مەترسیدار و کوشندە هەڕەشە لە گیانی کرێکاران دەکات. بەڵام بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پێوەندیدار هەموو ڕووداوەکانی ناو کارگا و کارخانە و شوێنەکانی تر بۆ کەمتەرخەمیی کرێکاران دەگەڕێننەوە، نەک بۆ نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی و ناساتانداردربوونی شوێنی کار و گوشاری چەند بەرابەری کار کە دەبێتە هۆی ماندوویەتی و تێکچوونی تەعادولی فیکریی کرێکاران.
بەڵام هەڵسەنگاندنێکی کارناسانە و بێ غەرەز لەم ڕووداوانە، ئەم حەقیقەتە دەسەلمێنێت کە هەموو ئەم قوربانییانە هۆکارەکەیان قازانجپەرستی و تەماعی خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیانە. خاوەنکاران حازر نین بەشێک لەو قازانجەی کە لەڕێگەی چەوساندنەوەی کرێکارانەوە بەدەستیان هێناوە بکەنە هەزینەی دابینکردنی ئیمەنیی شوێنی کار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش درێژەی چەوساندنەوەی کرێکارانی لەم باروودۆخە کۆیلەئاسایەدا بۆ ئەوان زەمانەت کردووە. کەوابوو کرێکاران پێویستە خاوەنکار و دەوڵەت بەهۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی شوێنی کار بزانن. هەر ڕووداوێک بەهۆی نائەمنیی شوێنی کار، پێویستە وەک تاوانێکی گەورە لەقەڵەم بدرێت و خاوەنکاران و ئۆرگانە دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.
له‌ ڕاستیدا خاوه‌نكاران له‌به‌ر قازانج په‌ره‌ستی و ته‌ماعی خۆیان، نه‌ ده‌یانهه‌وێ ئیمه‌نی شوێنی كار باشتر بكه‌ن و نه‌ نیگه‌رانی له‌ده‌ستدان و قوربانی بوونی كرێكارانن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ئه‌وه‌ نین كه‌ كرێكار له‌ ترسی گیانی خۆی واز له‌ كار بێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ ده‌زانن كه‌ له‌شكری بێكاران، له‌ مه‌یدانه‌كانی كار و له‌به‌ر ده‌رگای كارخانه‌ و كارگاكانیان به‌ڕیز بوون و هه‌ركات مه‌یلیان بێت، ده‌توانن كرێكارانی دیكه‌ به‌دیل بگرن و له‌ هه‌مان شوێنی ناستاندارد و نائه‌منی كار، هه‌موو جۆره‌ كارێكی سه‌خت و زیانباریان پێ بكه‌ن. كه‌وابوو تا کاتێک کە خرۆشی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بارگەوبنەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری تێکەونەپێچێت ئەوە خودی كرێكاراننن كه‌ ده‌بێ بیر له‌خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ خه‌باتی ڕێكخراو و وشیارانه‌ی خۆیان، خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت ناچار به‌ دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار بكه‌ن. بێگومان، دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كاریش وه‌ك هه‌موو خواسته‌كانی دیكه‌، ته‌نیا به‌ زه‌بری خه‌بات، به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان دا ده‌سه‌پێت.