فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی ژینگە، ڕۆڵی سەرمایەداری و ئاڵتێرناتیڤەکان
سێشەممە ۱۷-۰۳-۱۴۰۱   |  07-06-2022

٥ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە. مێژووی ئەم ڕۆژە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٢ لە ستۆکهۆڵم دەگەڕێتەوە. ئەم کۆنفڕانسە لە ئاکامی نیگەرانیی بەرین سەبارەت بە پەیوەندی مرۆڤ و ژینگە و قەیرانی جیددیی کەشوهەوا بەڕێوەچوو. بەم بۆنەوە بەکورتی سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی پێوەندیدار بە قەیرانی کەشوهەوا لەئاستی جیهانیدا دەدەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
یەکێک لە گەورەترین هەڕەشە مێژووییەکان کە ژیان لەسەر گۆی زەوی (واتە ئێمە مرۆڤەکان و باقیی بوونەوەرەکان) لە هەزارەی سێهەمدا لەگەڵی بەرەوڕووین، گۆڕانکاریی کارەساتباری کەشوهەوا و قەیرانی ژینگە و دواهاتە مەترسیدارەکاانیەتی. بیرمەندان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر گۆڕانکاریی کەشوهەوا هەر بەم خێراییە بڕواتە پێش، زەوی چیتر بۆ ژیان نابێت. واتە مرۆڤایەتی بەم هۆکارانە دەکەوێتە مەترسییەوە: گەرمای بەرین، کەمبوونی خۆراک و ئاو، بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندە، لەناوچوونی باڵندە و بوونەوەرەکان، لەناوچوونی دارستان و گیا، هەوای پیس و ژەهراوی، شەڕی بەردەوام، ڕووبار و کانیی ویشکبوو و ئۆقیانووسی مەسمووم و گەلێک هۆکاری تر. لەڕاستیدا، داهاتووی ژیانی مرۆڤ بەجۆرێک کەوتووەتە مەترسییەوە کە ئەم ئەسڵە بنەڕەتییە، واتە نیزامی ئابووریی سەرمایەداری سەرچاوە و هۆکاری سەرەکیی وەها قەیرانێکی ژینگەییە، ئێستا بووەتە وشیارییەکی گشتیتر.
ئاشکرایە کە ئەنگیزەی سەرەکیی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەر میحوەری بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە و سرووشت بۆ ئەم نیزامە “دیارییەکی خۆڕایی”یە و هەر بەم مەنتقەیەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ لەناوبردنی ژینگە و بەهرەکەشی لە زەوی و سرووشت دەریغ ناکات. سەرمایەداران، کۆمپانیا گەورە و مۆڵتی نەشناڵیتییەکان و دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی سەرمایەداری هیچ مەیلێکیان بە پاراستنی ژینگە نییە و هیچ سازوکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لەناوبردنی ژینگە ناخەنە دەستووری کارەوە. بە قەولی کارڵ مارکس، جیهانی ئێستا لەگەڵ “بۆشایی مێتابۆلیک” بەرەوڕوویە. واتە بۆشاییەک کە پەیوەندیی مێتابۆلیکی مرۆڤی لەگەڵ سرووشت و زەوی زیاتر لە هەموو کاتێک تێک داوە.
لە ئاکامی وەها باروودۆخێکدایە کە جیهان شایەدی ڕەوتی بەردەوامی توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری گۆی زەوی، پەرەسەندنی بەرینی بیابان و ویشکەساڵی، تۆفانی گەردیلەکان، برسییەتی، قاتی و نەبوونی، کەمبوونی لەڕادەبەدەری ئاوی خواردنەوە، ئاوارەیی و مەرگی ملیۆنیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە. هاوکات لاڤاو و سوونامی و باهۆزی ماڵوێرانکەر، ئاگرکەوتنەوەی بەرین لە دارستانەکان و گەلێک کارەساتی “سرووشتی” تر، ساڵانە هەزاران مرۆڤ و بوونەوەری دیکە بەرەوڕووی مەرگ دەکەنەوە و ژینگەیان وێران دەکەن و خۆیان لە قامەتی “تۆڵەی سرووشت” لە مرۆڤ نیشان دەدەن.
سەرەڕای ئەوەیکە سەرانی بیست دەوڵەتی گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە تا ساڵی ٢٠٥٠ ئاستی بڵاوبوونەوەی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن و گازی گۆڵخانەیی دەگەیەننە سفر، بەڵام بەرنامەیەکی دیاریکراویان بۆ بەکارنەهێنانی سووتەمەنیی بەردی خەڵووز و وزەی فۆسیلی لەوانە بەرهەمەکانی نەوت و ئامادەکردنی جێنشینی پایەدار بۆ هێنانەخوارەوەی ئاستی ئەم گازانە و ڕێگری لە چوونەسەرەوەی پلەکانی گەرمای زەوی نییە. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بەپێی پێشبینییەکانی کارناسانی شارەزای بواری ژینگە، ئەگەر لەئێستاوە ڕێکاری بە سفر گەیاندنی گازە گوڵخانەییەکان بەکردەوە دەرنەیەت، جیهان لەگەڵ کارەساتێکی گەورە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
لە کاردانەوە بەم ئاستە لە کەمتەرخەمیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری نیسبەت بە پاراستنی ژینگە و نابەرپرس بوونیان لەئاست ئەو مەترسییانەی کە هەر لەئێستاوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لەگەڵی بەرەوڕووە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بزووتنەوەی مەزنی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ دژبە دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکانی وێرانکەری ژینگە کەوتووەتە ڕێ. سەدان هەزار ناڕازی لە سەرانسەری جیهان لە ناڕەزایەتی دژبەم مەترسییانە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و خوازیاری کردەوەی جیددین بۆ ڕێگریکردن لە وێرانبوونی گۆی زەوی.
داخوازی و درووشمی سەرەکیی “بزووتنەوەی ژینگە” لە سەرانسەری جیهان، ڕادیکاڵ و دژە سەرمایەدارییە. داسەپاندنی هەر ڕادەیەک لەم خواستانە لەوانە کەڵک وەرنەگرتن لە وزەی فۆسیلی، کۆنتڕۆڵ و سنووردارکردنی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری مەوادی پەلاستیکی، ڕێگری لە پیسکردنی دەریا و ئۆقیانووسەکان بە مەوادی شیمیایی و زایعات و پاشماوەی کارخانەکان، پەرەپێدانی بەکارهێنانی بەرینی وزەی پایەدار و “سەوز” و هەروەها ڕێگری لە وێرانکردنی ژینگە، هەر کامیان بە نۆبەی خۆی بەرینایی چالاکییەکانی سەرمایە سنووردار دەکات و مەترسیی لەناوچوونی کامڵی جۆرەکانی ئاژەڵ و گیا، کە بۆ سووخت و سازی سرووشتی جیهان پێویستن، دێنێتە خوارێ. ئەمڕۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ وێرانکاریی نیزامی سەرمایەداری، بووەتە زەروورەتێکی مێژوویی و بابەتی خەبات بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی و گۆی زەوی.
قەیرانی ژینگەیی لە ئێران پانتاییەکی یەکجار مەترسیداری بەخۆی گرتووە. قەیرانی قووڵی کەشوهەوا و لەناوچوون و زیانی قەرەبوونەکراوەی ژینگەی ئێرانیش لە سیاسەتی وێرانگەری ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگێرت و هەڕەشە لە هەستی و ئەمنییەت و ڕەفاهی ئینسانەکان دەکات. ئەم سیاسەتانە بەستێنی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەرییان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دژبە لەناوچوونی ژینگە خوڵقاندووە. بەشداریی چالاکانە لەم بزووتنەوە و حەرەکەتە ناڕەزایەتییانە بۆ دیفاع لە ژینگە و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ئەم خەباتە یەکێک لە بوارەکانی چالاکی و تێکۆشانی کۆمۆنیستەکانە لەپێناو ڕێبەریی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە خەباتی گشتی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی چینایەتیی دەسەڵاتدار. بزووتنەوەی ژینگەپارێزی یەکێک لە ستوونە بەهێزەکانی بزووتنەوەی دژە سەرمایەداری و یەکێک لە موتەحیدە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستییە لە سەرانسەری جیهان دژبە گشت نیزامی سەرمایەداری. بەشداریی چالاکانەی هێزە پێشڕەو و سۆسیالیستەکان لە وەها بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەک و هەوڵ بۆ ئاراستە دان بەم خەباتە دژە سەرمایەدارییە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی چالاکانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە.
بۆ هەمووان ئاشکرایە کە گۆڕینی ڕیشەیی سازوکاری مەنتقی سەرمایە و هەڵوێستە کەڵانەکانی نیزامی سەرمایەداری لەپێناو بوون بە نیزامێک کە گشت پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکات، بابەتێکی نامومکینە. کەوابوو بە پشت بەستن بە ئەزموونی مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو و واقعییەتی عەینیی ئێستای نیزامی سەرمایەداری، دەمێکە کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و چینایەتی بەگشتی و بزووتنەوەی ژینگەپارێزی بەتایبەتی، گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی گشت ئەم سیستمەی کردووەتە ئاسۆی خەباتی خۆی. بێگومان ئەم گۆڕنکارییە دەتوانێت مرۆڤایەتی لە مەترسیی حەتمیی کارەساتی ژینگەیی ڕزگار بکات. بەهۆی ئەم واقعییەتەوەیە کە ڕێگاچارەی نیهایی و ئەساسییی قەیرانی کەشوهەوا، نیزامی سۆسیالیستییە. نیزامێک کە دەتوانێ هاوسەنگیی مەنتقی لە نێوان سووخت و ساز و پێداویستییەکانی مرۆڤ و زەروورەتی بەرهەمهێنانەوەی مێتابۆلیسمی سرووشتی زەوی پێک بێنێت و تێیدا باقیی بوونەوەرەکانی تریش لە مەوهیبەتی سرووشت و ژینگەی سالم و سەرسەوز بەهرەمەند بن و مافی ژیانیان بێت.