
دواهاتی شەڕی نێوان سەرمایەداران و جەمسەرە ئیمپریالیستییەکان دەمێکە سنوورەکانی جوگرافیای ئۆکراینی تێپەڕاندووە و بەشێکی بەرین لە جیهانی گرفتاری خۆی کردووە. شەڕی داگیرکەرانە لە ئەفغانستان، لیبی، عێراق، سووریە، سوودان، سوومالی و ئێتیۆپی ملیۆنان مرۆڤی کردووەتە قوربانی و ملیۆنانی مرۆڤی تریشی ئاوارە کردووە و بە کۆچبەرانی زیاد کردوون. هێستاش وێنەی ئەوانەی وا لە کەمپەکانی پەنابەریدا بەسەر دەبەن، یان لە بازاڕەکانی لیبی وەک کۆیلە موعامەلەیان پێ دەکرێت ویان هێزی کاریان لەلایەن بورژوازیی حەریسی تورکییەوە تاڵان دەکرێت، یان لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا نوقم دەبن، هەموو ڕۆژێ لە میدیاکانەوە دەردەکەون. ئەم شەڕانە تان و پۆی کۆمەڵگاکانیان لێکهەوەشاندووە و باروودۆخی سەرهەڵدانی ڕەوتە فاشیست و کۆنەپەرستە مەزهەبییەکانیان خوڵقاندووە. سەرەڕای هەموو شەڕێکی ناوچەیی و داگیرکەرانە و نیابەتی، هیچ کات تا ئەم ئاستە زمینە بۆ شەڕی یەکجار گەورەتر نەخوڵقاوە کە شەڕ لە ئۆکراین خوڵقاندوویەتی. هەر لەماوەی ئەم چەند مانگەدا پەیمانی جەنگیی ناتۆ بێدەریغ چەک و کەرەستەی نیزامی بۆ ئۆکراین ناردووە. ملیاردها دۆلار بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی نیزامی و لەسەرپێ ڕاگرتنی دامودەزگای دەوڵەتی ڕەوانەی ئۆکراین کراوە. وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بوودجەی نیزامیی خۆیان بەشێوەی بەرچاو بردووەتە سەرێ. ئەمریکا تەنیا لە یەک فەقەرەدا ناردنی چل ملیارد دۆلاری بۆ ئۆکراین پەسند کرد. دەوڵەتی ئاڵمان بە بردنەسەرەوەی بوودجەی نیزامی ساڵانەی بۆ حەفتا ملیارد و هاوکات پەسندکردنی سەد ملیارد بوودجەی تایبەت، خۆی بۆ شەڕی گەورەتر ئامادە کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی ئیمپریالیستیی ڕووسیە لەپێناو ئاواتی زیندوو کردنەوەی ئیمپراتووریی لەدەستچووی، بە تەوەحوشێکی بێوێنەوە، هەر ئامانجێک کە بەر بە پێشڕەویی لە ئۆکراین بگرێت، لە زەوی و ئاسمانەوە تێکی دەشکێنێت.
هیچ کەس لە ژمارەی واقعیی قوربانییانی ئەم شەڕە ئاگادار نییە. لەژێر کاریگەریی تەبلیغاتی میدیا فەرمییەکانی دوو لایەنی شەڕدا، هەموو واقعییەتەکان پەردەی ناڕوونییان بەسەردا کێشراوە. هەموو توانایەکیان بەکار دێنن تا یبروڕای گشتی بەوە ڕازی بکەن کە گۆیا بەرەیەکی ئەم شەڕە بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی ئۆکراین و بەرەیەکی تریش بۆ سڕینەوەی ئۆکراین لە فاشیستەکان بەشەڕ دێت. بەڵام لە جەرگەی ئەم هەراوهوریا و تەبلیغاتەدا دەبێت زمینەی سەرهەڵدانی شۆڤینیسمی نەتەوەیی و بەرگری لە نیشتیمان و ڕاسیسم بخوڵقێت. خەڵک دەبێت باوەڕ بکەن کە دواهاتەکانی ئەم شەڕە کە کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش داناوە، بابەتێکی چارەهەڵنەگر بووە.
ئێستا ئیتر هەموو داتاکان نیشانی دەدەن کە جیهان لەگەڵ مەترسیی شەڕێکی بەرینتر بەرەوڕووە. شەڕێک کە جیهانی سەرمایەداری لەگەڵ قەیرانی گەورەتر بەرەوڕوو دەکاتەوە. قەیرانی ماڵی، قەیرانی ڕکوودی ئابووری و کەڵەکەبوونی بەرهەمەکان و نەبوونی توانای کڕین، قەیرانی ژینگە، قەیرانی برسییەتی و چوونەسەرەوەی ملیۆنیی کۆچبەران و گەلێک قەیرانی هاوشێوەی تر. خودی زانایانی ئابووریی سەرمایەداری باس لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی جیهانیی دیکە دەکەن. قەیرانێک کە پانتاییەکەی یەکجار بەرینترلە قەیرانی ماڵیی ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دەبێت. هەموو ئەو ئامارانەی کە باسیان لە گەشەی ئابووری دەکرد، ئاسەواریان نەما. “ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشە” لە دوایین ڕاپۆرتی هەفتەی پێشوویدا، پێشبینیی خۆی لە گەشەی ئابووریی جیهان، لە چوار و نیو لەسەدەوە بۆ سێ لەسەد هێنایە خوارێ و باسی لەوە کرد کە لە ئەورووپا ڕێژەی هەڵاوسان هەشت لەسەد دەچێتە سەرێ. بانکی جیهانی وێڕای ئاماژە بە شەڕی ئۆکراین، قەدەغەکردانی هاتووچۆ لە چین و تێکچوونی گواستنەوەی بەرهەمەکان، لەئاست ڕکوود و وەرشکستەبوونی دەوڵەتەکان هۆشداری دا. ئێستا ئیتر ئەوە لاوازترین وڵاتی یەکیەتیی ئەورووپا واتە یونان نییە کە قەرارە وەرشکستە بێت بەڵکوو ئەوە وڵاتانێکی وەک ئیتالیا و و سپانیان کە باسی وەرشکستە بوونیان دەکرێت. ئەوە یەکێک لە ئاکامەکانی قەیرانی چەند لایەنەیە. چوونەسەرەوەی چەند بەرابەریی نرخی مەوادی خام، مەسکەن و کاڵای سەر سفرەی خەڵک لەلایەکەوە و بەرهەمهێنانی لەڕادەبەدەری کاڵا لە زۆرێک لە ناوەندەکان لەلایەکی دیکەوە، دەرخەری ئەم بابەتەن.
بەڵام دواهاتی ئەم باروودۆخە لە وڵاتانی دەرەوەی بازنەی ئەورووپا یەکجار کارەساتبارترە. هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی دەورەیی یەکیەتی ئەفریقا لە کۆوونەوەی سەرانی یەکیەتیی ئەورووپادا وتی: “گەمارۆکانی ئەورووپا دژبە ڕووسیە ئیمکانی دابینکردنی گرینگترین کاڵاکان و خۆراکی غەیری مومکین کردووە”. بەرنامەی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا نزیک بە هەشتا و دوو ملیۆن کەس لەگەڵ کەمبوونی خۆراک بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەڵام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش زیاتر لە هەمووان ئاکامەکانی تەوەرۆم و گرانی هەست پێ دەکەن. ئەگەر خەڵک لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە، ئەگەر لە ئێران خەڵک لە بەرامبەر پەلاماری بێبەزەیانەی ڕژیم بۆسەر بژێویان لە زۆرێک لە شارەکان دەستیان داوەتە ئاخێز و مەرگ بۆ خامنەیی و ڕەئیسی دەڵێنەوە، لە وڵاتانی سەرەکیی سەرمایەداری، واتە وڵاتانێک کە خەڵک لە ئاستێکی باڵاتردا ژیان بەسەر دەبەن، دواهاتەکانی قەیرانی چەند لایەنە بە ڕۆخساری ژیانیانەوە دەبینن. لەخۆڕا نییە کە شەپۆلێک کە مانگرتنی کرێکاری، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی داگرتووە. کرێکاران بە درووستی دەڵێن کە حەقدەستەکانیان لەگەڵ گرانیی هەوسارپچڕاو یەک ناگرێتەوە. لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم کرێکارانی سێ هێڵی ئاسمانی لە ئاڵمان دەستیان لە کار کێشایەوە. لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا یەکیەتیی فلێزکارانی ئاڵمان لە ژمارەیەک لە ناوەندە سەنعەتییەکان دەستیان لە کارکێشایەوە و مانیان گرت و هەڕەشەیان لە خاوەنکار کرد کە ئەگەر داخوازییەکانیان قەبووڵ نەکات، مانگرتنەکەیان بۆ سەرتاسەری ئاڵمان پەرە پێ دەدن. هەفتەی ڕابردوو کارمەندانی بەشی گشتی لە بێلژیک بە خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەست و فشاری کەمتری کار، دەستیان دایە مانگرن. ئۆتۆبووسەکانی شار لە کار کەوتن و قەتار و مێترۆکان مەجبوو بوون هاتووچۆکانیان کەم بکەنەوە. لە بریتانیا یەکیەتیی کرێکارانی بەشی گواستنەوە ڕایگەیاند کە لە بیست و یەک تا بیست و سێی مانگی ژووئییەدا لە بریتانیا، سکاتلەند و وەیڵز دەست دەدەنە مانگرن.
ئێستا ئیتر ڕوون بووەتەوە کە تێچووی شەڕی سەرمایەداران دەەبێت ملیۆنان کەس لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بیدەن و هەڵبەت هیچ دەلیلێکیش بوونی نییە کە ملیۆنان ئینسان تەسلیمی ئەم هێرشە ئاشکرایەی سەرمایەداری بن. کرێکاران لە زۆر شوێنی جیهان ڕایانگەیاندووە کە ئەم شەڕە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندیی ئێمەوە نییە و حازر نین ببینە گۆشتی بەردەم تۆپی شەڕی سەرمایەداران. ئەم ڕاگەیاندنی هەڵوێستە درووستە دژبە سەرمایەداران ئێستا دەبێت لە سەرتاسەری جیهان خۆی لە ڕاپەڕینی ملیۆنیی خەڵک و لە مانگرتنی بەرینی کرێکاریدا نیشان بدات.