
ئەمڕۆ دوای تێپەڕینی سێزدە ساڵ بەسەر نومایشی مێژوویی هێزی خەڵک لەسەر شەقامەکان لە ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگەی ئێران چ هەنگاوگەلێکی گەورەی بەرەوپێش هەڵگرتووە. لەبیرمان نەچێتەوە کە ئەوکات پاش سی و یەک ساڵ، خەڵک لە پانتایی ملیۆنیدا وەحەرەکەت کەوتبوون تا هەم دەورێکی نوێ لە کێشمەکێشی نێوان خۆیان و دژە شۆڕشی دەسەڵاتدار دەست پێ بکەن و هەم لە جەرەیانی خەبات و ئەزموونێک کە بەدەستیان هێناوە، کۆتایی ڕێفۆرمخوازان و هێژمۆنیی وتاری ئەوان ڕاگەیەنن.
کێشمەکێشی نێوان باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیی دەسەڵاتدار، بەهۆی تاکتیکی جیاوازیان لەپێناو درێژەی تەمەنی نیزام، لە ڕۆژانی بەرلە هەڵبژاردنەکانی دەیەمین دەورەی سەرۆک کۆماری گەیشتە ئاستێک کە لایەنەکان دژبە یەکتر خۆ یەکلا بکەنەوە. لەگەڵ کۆدتای باڵێک لەدژی باڵێکی تر ئاشکرا بوو کە سپای پاسداران وەک حیزبێکی پادگانی، کە لە یەکەمین دەورەی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاددا هەنگاو بە هەنگاو هەموو پۆستە سەرەکییەکانی لە حەوزەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیدا زەوت کرد، سوورە لەسەر ئەوەیکە بۆ بەرەوپێش بردنی ستراتێژی خۆی، وجوودی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی تەحەمول نەکات و بیانخاتە پەراوێزەوە. باڵی کۆدتاچی بە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە مۆرە پلە دوو و سێیەکانی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی کە هێندێکیان میعماران و ڕێکخەرانی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی نیزامی ئیسلامی بوون و بە بەرپاکردنی دادگای نومایشی و ئیجبار، ئیعترافی وابەستەبوون بە بێگانە و ڕێبەریکردنی ڕاپەڕینی سەرشەقام و بە خەت و نیشان کێشان بۆ مووسەوی و کەڕووبی، دوایین هەنگاوەکانیان بۆ وەلانانی ڕەقیبەکانیان هەڵگرت.
ئەگەرچی بە ڕواڵەت وێدەچوو کە خەڵک لە ناڕەزایەتی بە کۆدتای هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی هاتوونەتە سەر شەقام، بەڵام ڕێپێوانی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس تەنیا لە تاران، بوو بە دەستپێکی خەباتێک کە لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا درووشم و داخوازییەکانی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی تێپەڕاند و بوو بە حەرەکەتێکی مەزن دژبە گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.
ئەگەرچی ڕژیم بەتەما بوو لە حزووری جەماوەری خەڵک لە پای سندووقەکانی دەنگدان بەئامانجی نیشاندانی نفووزی خۆی بەتایبەت لەبەرچاوی بیروڕای گشتیی جیهانی و لەسەر شاشەکانی تەلەڤیزیۆن بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت، بەڵام ئەوەیکە بەکردەوە ڕووی دا بەپێچەوانەی ئامانجەکانی ڕژیم بوو. نەتەنیا ئەم حزوورە بەرینە نەبوو بە نومایشی مەشرووعییەتی ڕژیم، بەڵکوو پەراوێزکەوتنی زیاتری ئەم ڕژیمەی لەئاستی ناوخۆییدا نیشان دا. ئەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییە کە پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە درووشمی “دەنگی من کوا؟” دەستی پێکردبوو، بەخێرایی بوو بە “مووسەویی دەنگەکەم پێ بدەوە” و پاشان بوو بە درووشمی “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی” و “مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی”. حەرەکەتێک کە لە ٢٥ی جۆزەردانەوە دەستی پێکرد، نیشانی دا کە خواست و داخوازیی خەڵک یەکجار بانتر لە دەنگی سووتاو و پشتیوانی لە مووسەوییە. کۆبوونەوەی بەرینی خەڵک لە ڕۆژانی دوای هەڵبژاردنەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنیی دواتری، بەتایبەت لە ڕۆژانی ١٣ی خەزەڵوەر، ١٦ی سەرماوەز و ڕۆژانی “قۆدس” و عاشوورا” نیشانی دا کە ئەم حەرەکەتە و ڕیشەی واقعیی ئەم ئیعتڕاز و تووڕەییەی خەڵک، نەک لە هەڵبژاردنەکانی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٨٨، بەڵکوو لە شکستی شۆڕشی ١٣٥٧ بەدەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم ئاخێزە نیشانی دا کە تەنیا چەند ڕۆژی پێویست بوو تا زەینییەتی زاڵ بەسەر خەباتی خەڵک خۆی لە چوارچێوەی داخوازیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێفۆرمخواز ڕەها بکات و لەئاستێکی بەریندا چرا سوورەکانی دیاریکراو لەلایەن باڵی کۆنەپەرستی دەسەڵاتدارەوە تێپەڕێنێت. لە حاڵێکدا کە ڕێفۆرمخوازان هەروا لە چوارچێوەی تەوەهوماتی خۆیاندا خەڵکیان بانگهێشتی بێدەنگبوون و یان کۆبوونەوە لە مزگەوتەکان دەکرد، خەڵک درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامییان دەهێنا گۆڕێ. ڕێک لەو کاتەدا بوو کە سەرانی ڕێفۆرمخواز خەتی خۆیان لەو خەڵکەی کە درووشمی ڕووخانی ڕژیمیان دەوتەوە و لەو بەناو “ساختار شکێن”انە دوورییان کرد و تەنانەت داوایان لە لایەنگرانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات کرد کە ڕیزەکانیان لە ڕیزی نەیارانی نیزام جیا بکەنەوە. بەڵام بەپێچەوانەی لێکدانەوەکانیان، خەباتی جەماوەری خەڵک لەسەر شەقامەکان، بە بێ ئەوەیکە ئەوان حزووریان بێت لە جەرەیان دابوو. ئەگەرچی بەهۆی هێرشی بەرین و وەحشیانەی ڕژیم بۆسەر خەڵکی ناڕازی و بەهۆی وەڕێخستنی شەپۆلی دەسبەسەرکردن و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان و قەتڵ و کوشتاری خەڵک لەسەر شەقامەکان، بەرینایی خۆپیشاندانەکان بەرە بەرە کەم بۆوە، بەڵام هیچکات خەڵکی ناڕازی تەسلیم نەبوون و دەستیان لە خەبات نەکێشاوە. ئەم خەڵکە پێویستییان بەوە بوو کە لە ئەزموونی خەباتکارانەی خۆیاندا، هەڵبەت بە هەزینەیەک کە هەموو جارێ لە جەرەیانی ئاخێزەکاندا دەیدەن، هەم درووشمەکانی خۆیان بدۆزنەوە و هەم بیر لە پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسی و چینایەتیی خۆیان بکەنەوە.
بێگومان ئەوەیکە خەڵک لە ساڵی هەشتا و هەشتدا تەجرووبەیان کرد، تەجروبەگەلێکی بەبایەخ بوون کە بە پشت بەستن پێیان، ناڕەزایەتیی بەهێزی کرێکاری، ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و سەرەنجام ئاخێزەکانی حەوتووەکانی ڕابردوویان سازمان دا. لەم ماوەیەدا دەسەڵات ناچار بوو تەنانەت سەرۆک کۆمارێک کە لە ساڵی ٨٨دا بە کۆدتا هێنایە سەرکار، ساڵی ڕابردوو لایبەرێت و قاتڵێکی لەجیاتی دابنێت تا بە یەکڕیزییەکی زیاترەوە بەرەنگاری خەڵک بێتەوە. بەڵام بینیمان کە هێشتا دوو ڕۆژ لەو جەڕاحییە گەورەیەی سەر جەستەی لاوازی ڕژیم تێنەپەڕیبوو کە کرێکارانی قەراردایی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە زیاتر لە سەد و پازدە شوێن، دەستیان دایە مانگرتن و هێستاش هەروا بەردەوامن لە بەدواداچوونی خواستەکانیان.
بێگومان ئەم ئاخێز و ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کە لەماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا لە جەرەیاندا بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە حاڵی گەشە دان، نیشانەی کۆمەڵگەیەکە کە دانیشتووانی ئیتر لە سیاسەتی سەرکوت و ئیرعابی ڕژیم ناترسێن و لە هەموو دەرفەتێکدا دێنە سەر شەقامەکان و تووڕەیی بەرینی سیاسی و چینایەتیی خۆیان دژبە ڕژیم دەردەبڕن و بە هەنگاوی هەڵسەنگێندراوەوە بەرەو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە دەڕۆن و بۆ نەبەردی نیهایی لەگەڵ ڕژیم خۆیان ئامادە دەکەن.