لە سەروبەندی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، زیاتر لە ٢٠ مامۆستا و چالاکی پیشەیی لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیم دەستبەسەر کراون.
١٨ مامۆستا و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز- زێویە دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراون و تا ئێستا ناسنامەی ۱۷ کەسیان بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵایی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی، سەلاح سورخی ، محەممەد فەتاحی، لوقمان ئەڵڵامورادی، ئەحمەد قادری، کەیوان ئەحمەدی ، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەج زاده، سەلاح حوسێنی، تاهیر حامیدی، زاهید مورادی ، خاتوو ئاوات ڕەزەوی، مەرزیە تەڵایی، فاتح غەفاری و تاهیر قادرزاده ئاشکرا بووە و ناوی یەک کەسیتریان هەتا ئێستا ئاشکرا نەبووە.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم ١٨ مامۆستایەی سەقز لەبەردەستدا نییە.
هاوکات پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرەش بە ناوەکانی ئومێد شا محەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و راپێچی زیندان کران.
لە لایەکی دیکەوە، مریەم ئەحمەدی، ڕەزا ئەلیاسی، بەها مەلەکی، جەبار پاکزاد و فاتح ئەسەدی، مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە شاری سنە، کاتژمێر ٥،٣٠ خولەکی ئێوارە لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کران.
ئەو پێنج مامۆستایە دوای چوار کاتژمێر لێپرسینەوە و واژۆ کردنی بەڵێننامەیەکی نووسراو بۆ بەشداری نەکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەمرۆ پێنجشەممە ئازاد کراون.