فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئازاری جەستەیی و ڕۆحی مامۆستایان لە زیندانەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی
دوشەممە ۳۰-۰۳-۱۴۰۱   |  20-06-2022

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێکی دەسبەسەرکردنی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چووە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر مامۆستا لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون. تەنیا لە شاری سەقز ٢١ مامۆستا دەسبەسەر کراون و لە زینداندا بەرەوڕووی توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان بوونەتەوە.ئەو مامۆستایانە بەسەر چەندین گرووپدا دابەش کراون و بۆ لێپرسینەوە هەندێکیان بۆ ئیتلاعاتی سپا و هێندێکیشیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و گرووپێک ڕادەستی هێزی ئینتزامی کراون و دواتر گشتیان بۆ زیندانی ناوەندیی شار ڕاگوێزراون. ئەو ناوەندانەی ڕێژیم هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە دەبێ هاوکاریی ئەو ناوەندانە بکەن ئەگینا لە داهاتوودا چارەنووسی خۆیان و منداڵەکانیان خراپ دەبێت. هەروەها هەڕەشەی دەرکردنی خۆیان و منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان کردووە. هەروەها رژیم تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردوستانی لە مامۆستایان داوە و داوایان لێ کردوون کە دەبێ زانیاری لەسەر یەکتری بەو ناوەندانە بدەن. ئەو مامۆستایانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە و سووکایەتیی زۆر بوونەتەوە و زۆرێک لە کەلوپەلە شەخسیەکانیان وەکوو مۆبایل و لەبتاپ و زۆر کەرەستەی دیکەیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە زەوت کراوە و تا ئێستا پێیان نەدراونەتەوە.