ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەر، ئارام ئیبراهیمی یەکێکی تر لە مامۆستایانی شاری سنە و چالاکی پیشەیی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێنرا.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیم لە شاری سنە کاتژمێر ٢،٣٠خولەکەی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە و بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوک و دایکی ئارام ئیبراهیمی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
یەکێک لە نزیکانی ئارام ئیبراهیمی لەمبارەوە ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئارام ئیبراهیمی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل و کۆمپیوتەری ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئارام ئیبراهیمی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو بارە بێ ئاکام ماوەتەوە.