فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دزی و گەندەڵیی بەرین، یەکێک لە هۆکارەکانی هەژاری و گرانی
شەممە ۰۴-۰۴-۱۴۰۱   |  25-06-2022

ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەمیر حسێن قازی زادە، سەرۆکی “بۆنیادی شەهید”، بۆ یەکەم جار باسی لە ئیختلاسی پێنج هەزار ملیارد تمەنی لە یەکێک لە دەیان شیرکەتی ژێر شاخەی ئەم بۆنیادە کرد و وتی: “لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبەری بانکی “دەی” لای من بووە و وتوویەتی کە (تەنیا لە یەکێک لە شیرکەتەکان، نزیک بە پێنج هەزار ملیارد تمەن ئیختلاس کراوە). سەرۆکی ئەم بۆنیادە کە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دیاری دەکرێت، دانی بەوە دانا کە “ئەم مەسائیلە لە ناوەندی کەوسەر و لە ناوەندی سندووقی پاشکەتی شاهید و شوێنەکانی تریش لەئارا دان و هەواڵەکانیان جاروبارە دەبیسترێن. بەڵام هێستا لە قەبارەی ئەو ئیختلاسانە و خەساراتێک کە لێیان کەوتووەتەوە ئاگادار نین و ئەمە تەنیا یەک نموونە بووە کە لە بانکی “دەی”دا ڕوویداوە”. بەڵام سەرۆکی “بۆنیادی شەهید” ناوی ئەو شیرکەت و کەسانەی نەهێنا کە ئەم دزییانەیان کردووە. چونکە ئەگەر ناوی ئەم ئیختلاسگەرە گەورانە بێنێت، پای باندەکانی سەرەوەی دەسەڵاتیش دەکێشرێتەوە وەسەت. جێگەی ئاماژەیە کە مەجلیسی شۆرا لە دەورەی نۆهەمیشدا لە ڕەقابەتە جەناحییەکاندا هەیئەتێکی لێکۆڵینەوە و حیسابڕەسیی بۆ “بۆنیادی شەهید” پێکهێنا. بەڵام سەرۆکی ئەو هەیئەتە ئەوکات ئیجازەی ئەوەی نەبوو کە ڕاپۆرتی کاری خۆی بە ئاگاداریی مەجلییس بگەیەنێت. بەڵام یەک ساڵ لەمەوبەر لە کێشمەکێشی جەناحیدا دانی بەوە دانا کە لە دزیی “بانکی دەی” و “بانکی ئێران”دا ٣١ کەس لە بەڕێوەبەرانی گەورەی حکوومەت بەشداربوون و هەر ئەوانیش لە ئیختلاس و دزیی بانکی “سەرمایە”دا دەستیان بووە.
“بۆنیادی شەهید” و باقیی بۆنیادە هاوشێوەکان لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی خامنەیی دان و کەس ناتوانێت لێکۆڵینەوە و حیسابڕەسییان لێ بکات و بە کەس وڵامدەرەوە نین. ئەم ناوەندە پان و بەرینە کە لە ساڵی ١٣٥٨دا گۆیا بۆ پێڕاگەیشتن بە “کاروباری جانبازان، ئەسیران و بنەماڵەی کوژراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق” پێکهات، لەئێستادا بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی مافیای ئابووری و دزی و ئیختلاسی ڕێبەران و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی و دەیان شیرکەت و دامەزراوە لەخۆدەگرێت. بۆ نموونە مەجمووعەی ئابووریی “کەوسەر” کە خۆی دەیان شیرکەت و بانک و سازمانی ئەملاک و ئەمواڵی لە ئیختیار دایە و شیرکەتی سەرمایەگوزاریی “شاهید”، “بانکی ئێران” و “بانکی دەی” لە ژێر شاخەکانی بەحیساب دێن. پێویستە بوترێت کە “سندووقی پاشەکەوتی شاهید”یش خۆی خاوەنی دەیان شیرکەتە لە بوارەکانی بیناسازی، بازرگانیی وزە، عومران، کەشاوەرزی و هیتر. هەروەها بانکی دەی کە یەکێک لە بانکەکانی ژێر شاخەی سندووقی پاشەکەوتی شاهیدە، لە دەوڵەمەندترین بانکە خسووسییەکانی ئێران بەحیساب دێت و ژمارەیەکی زۆری شیرکەت لە ئیختیار دایە. بۆ نموونە خاوەنی وزەخانەی دەماوەند، کوێستان پارکی مەشهەد، زەویی مێترۆی سادقییە و ناوەندی سەیرانی “چشم”ی تاران و چەندین شوێنی ترە. ڕێکخراوی ئابووریی کەوسەریش کە دەوڵەتییە و سەربە بۆنیادی شەهید و ئوموری ئیسارگەرانە، زیاتر لە ٤٠ شیرکەتی هەیە و خاوەنی گەورەترین کارخانەی سەنعەتی نەوت و گاز، کەرەستەی پزیشکی و دەرمان، بەرق و ئیلێکترۆنیک، خزمەتگوزاریی ماڵی و بازرگانی، خۆراکی باڵندە و ئاژەڵ، زەوی و باغی بێ ئەژمارە لە سەرتاسەری ئێران.
بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم ڕفێن ڕفێن و دزێییە بەرینانەی ڕێبەران و بەرپرسانی پلە بەرزی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە، کرێکاران و دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی زەحمەتکێشی وەک موعەلیمان، خانەنشینکراوان، کارمەندان، پەرستاران، دەستفرۆشان و توێژەکانی خوارەوەوی بازاڕیان، لەژێر باری گرانی و هەژاریدا پشتیان هەڵنایەتەوە. ئەوان سەرەڕای کاری سەخت و تاقەت پڕووکێن بۆ دابینکردنی هەزینەکانی ژیانیان، لە هەژاری و دەست تەنگیدا بەسەر دەبەن. دزی و ئیختلاسی بەرینی ڕێبەران و کارگێڕانی ڕژیمی ئیسلامی لەحاڵێکدایە کە سەدان هەزار لاوی خوێندەوار لە کوردستان و بەلووچستان خەریکی کۆڵبەری و سووختبەرین و ڕۆژانە دەکەونە بەر تەقە و توندوتیژیی هێزە سەرکوتگەرەکانەوە و گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم گەندەڵییانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێن کە ڕۆژی چوارشەممە ئەوڵی مانگی پووشپەڕ ڕاگەیەندرا کە بێدادگاکانی ڕژیم بێشەرمانە حوکمی قرتاندنی ئەنگوستی دەستی ٨ کەسیان بە تۆمەتی دزی دەرکردووە و بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئامادەکارییان کردووە. ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە لە حاڵێکدا دەرکراوە کە بەپێی ڕاپۆرتی نوێی وەزارەتی کاری ڕژیم، زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لە “هەژاریی موتڵەق”دا دەژین و ئەگەر دزییەکیش ڕووی دا بێت، بۆ تێرکردنی زگی خۆیان بووە.
دزی و ئیختلاسی ڕۆژانە لە باروودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نان ٥٠ لەسەد و باقیی خۆراکەکان ٨٥ لەسەد چوونەتە سەرێ و خەڵک توانای کڕینی نەماوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕژیم، کە زۆرجار ڕێژەی تەوەرۆم و گرانی یان بڵاوناکەنەوە و یان کەمتر لە ڕێژەی واقعیی نیشانی دەدات، تەوەرۆمی مانگانە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا باڵاترین ئاستی لە ماوەی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بووە. ڕێژەی تەوەرۆمی نوقتە بە نوقتە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ بنەماڵەکانی ئێران ٥٢ و ٥ دەهومی لەسەد بووە. واتە بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی هەژار بۆ دابینکردنی هەزینەی هەمان ئاست لە مەعیشەتی ساڵی ڕابردوو، مەجبوو بوون نیسبەت بە مانگی جۆزەردانی پارەکە، ٥٢ و ٥ دەهومی لەسەد زیاتر پووڵ بدەن، تا بخرێتە گیرفانی ئیختلاسگەران و دزانی دەسەڵاتدارەوە. ئەوەش بەمانای هاتنەخوارەوەی توانای کڕین و نەمانی زۆرێک لە خۆراکییەکانە لەسەر سفرەی خەڵک. چوونەسەرەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا ئەساسییەکان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا تا ڕادەیەک بەهۆی لابردنی دراوی تەرجیحی واتە دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بووە کە نیشانەی داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە. بەرپرسانی ڕژیم دەیانزانی بەم پەسندکراوەی مەجلیس، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش دژوارتر دەبێتەوە و لەگەڵ ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و مانگرتنی زیاتر لە ناوەندەکانی کار بەرەوڕوو دەبنەوە. بەڵام چارەیەکی تریان نەبوو. ڕژیم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نەفرەت و ناڕەزایەتی و ئاخێزی خەڵکی برسی و وەگیان هاتوو، پێشتر بەهێزی سەرکوت و کوشتار و زیندانەوە خۆی ئارایش دابوو. بەڵام بێگومان لەم نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، زۆر ناخایەنێ کە بەچۆک دادێن و بەساتی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەیان کە بێجگەلە ماڵوێرانی هیچی تری بۆ خەڵک نەبووە، تێکەوە دەێپچرێت.