فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاری لە ئورووپا بەهۆی دواهاتەکانی شەڕی ئۆکراین
دوشەممە ۰۶-۰۴-۱۴۰۱   |  27-06-2022

چوار مانگ دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکراین ئێستا دواهاتی خۆفناکی ئەم شەڕە، ڕوخساری ناحەزی خۆی لە گۆشە و کەناری جیهان وەدەر خستووە. دوو مانگ لەمەوبەر بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی ئەم ڕێکخراوەدا وتی: “لە سەرتاسەری جیهان چل و نۆ ملیۆن کەس لە چل و سێ وڵات لە برسییەتیدا بەسەر دەبەن و ئێستا شەڕی ئۆکراین پانتاییەکی مەترسیدارتری بە برسییەتیی جیهان داوە”. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕ لە ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی خۆراک لە سەرانسەری جیهان بگاتە باڵاترین ئاست و نزیک بە یەک ملیارد و حەوسەد ملیۆن ئینسان لە جیهاندا لەگەڵ برسییەتی، نەبوونی خۆراک، سووتەمەنی و سیستمی ماڵی بەرەوڕوون. لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بەرەوڕووی برسیەتی بوونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری درێژەی شەڕی ئۆکرایندا، چل و حەوت ملیۆن کەسی دیکەش بەتایبەت لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا بەم ژمارەیە زیاد بێت. بەڵام هەڵگیرسێنەرانی پێتەخت نشینی ئەم شەڕە ئیمپریایستییە تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن ئاگری ئەم شەڕە بگەشێننەوە. چۆن دەتوانن لەلایەکەوە شارەکانی ئۆکران بکەنە وێرانە و بەسەر سەری دانیشتووانی ئەم وڵاتەیدا بڕووخێنن، و کامە ئەندامی پەیمانی جەنگیی ناتۆ زیاتر لەوانی تر چەک بۆ ئۆکراین دەنێرێت. لایەنەکانی ئەم شەڕە بەردەوام هەوڵ دەدەن تا بیڕوڕای گشتیی لە وڵاتەکەیان قانع بکەن کە بۆ ئامانجی بەناو ئینسانی و بۆ دیفاع لە بەناو جیهانی ئازاد، ملیۆنان ئینسانیان ئاوارە کردووە و سەدان ملیۆن ئینسانیان خستووەتە بەردەم مەرگ و برسیەتییەوە.
ئەگەر بۆ ماوەیەک لە وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری، بە تەبلیغاتی شەووڕۆژی و ناردنی ئیمکاناتی زۆر کەم بۆ خەڵک دەیانهەویست بە خەڵک بڵێن کە سەرانی ئەم دەوڵەتانە گۆیا هاوکات لەگەڵ تەرخانکردنی ملیاردها دۆلار بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکراین، بیر لە دیتنەوەی ڕێگایەک دەکەنەوە تا فشاری ماڵی لەسەر خەڵک کەم بکەنەوە. بەڵام واقعییەت زۆر زووتر لەوەیکە سەرانی ئەم دەوڵەتانە تەسەوری بکەن، ڕوخساری ناحەزی خۆی نیشان دا. ئێستا ئیتر نەهامەتی، تەنیا جەستەی لاوازی ملیۆنان کەسی برسی لە وڵاتانی دەورووبەر نەبوو کە جاروبارە لە میدیاکانەوە دەردەکەوتن. ئێستا لە هەموو وڵاتانی مێترۆپۆل چوونەسەرەوەی قیمەتی سووتەمەنی و قیمەتی کاڵا ئەساسییەکان، مانای واقعیی ئاکامی شەڕی بە ملیۆنان مرۆڤی خوارەوەی ئەم کۆمەڵگایانە نیشان دا. ئەگەر لە ڕابردوودا تەنیا لە وڵاتانی دەورووبەر شایەدی ڕاپەڕینی برسییەکان بووین، ئییستا ئیتر لە بەهێزترین ئابوورییەکانی سەمایەداریی ڕۆژئاواش، خۆشباوەڕییەکان لەناوچوون و دەنگی ناڕەزایەتی بەرزتر بووەتەوە. ئەگەر لە دوو ساڵی ڕابردوودا خەڵکیان بە بیانووی پەتای کۆرۆنا دەعوەت بە ئارامش دەکرد، ئەگەر دەیانگوت گۆیا سەرمایەداران و خاوەنانی ئینحسارات توانای دانی حەقدەستی زیاتریان نییە و نابێ داوای زیاتر بکەن، ئێستا لە دەورانی دوای کۆرۆنادا خەڵک لەگەڵ دواتەکانی شەڕێک بەرەوڕوو بوونەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی ئەوانەوە نییە. چەند مانگێکی پێویست بوو تا چینی کرێکار لە وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری، سیمای واقعیی و ناحەزی ئەم شەڕە بەینی ئیمپریالیستییە ببینن و بزانن کە ئەوەی بەسەر زاری سەرانی ئەم دەوڵەتانەدا دێت، تەنیا وادە و بەڵێنی بێ ناوەرۆکە و هیچی تر. لە ئاکامی ئەم باروودۆخەدا شەپۆلێک لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە وڵاتانی مێترپۆلی سەرمایەداریش کەوتووەتە ڕێ و لە حاڵی پەرەسەندن دایە و بۆ دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان یەکجار جێگای نیگەرانییە.
تەنیا پێنج هەفتە دوای هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین و لە حاڵێکدا کە ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە پێگەی ڕێبەریی ناتۆدا بە تەواو مانا لە بەرامبەریدا بەڕیز ببوو، کرێکارانی یەکێک لە گەورەترین غوولەکانی تەجارەت و تێکنۆلۆژیی جیهان واتە “ئامازۆن”، ئەم کۆمپانییەیان ناچار کرد تا یەکەمین یەکیەتیی کرێکاریی ئامازۆن لە ئەمریکا بەڕەسمی بناسرێت. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە ئامازۆن ساڵەها بەسەر سەختییەوە لە بەرامبەر پێکهێنانی یەکیەتیی کرێکاریدا موقاونەتی دەکرد.
نموونەیەکی تر مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە سێشەممەی ڕابردوودا بوو کە حەرەکەتی زیاترلە هەشتا لەسەدی هێڵە ئاسنەکانی بریتانیای ڕاگرت و ڕۆژانی پێنجشەممە و شەممەش درێژەی بوو. ئەم حەرەکەتە دەوڵەتی شۆکە کرد. یەکیەتیی کرێکارانی گواستنەوەی بریتانیا هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر داخوازییەکانیان وەدی نەهێنن، لە هەفتەکانی داهاتووشدا دەست دەدەنەوە مانگرتن. شەوی بەر لە دەستپێکی مانگرتنەکە سەرۆکی ئەم یەکیەتییە کرێکارییە وێڕای ئاماژە بە گەڵاڵەی ڕیازەتی ئابووری یەکیەتیی ئورووپا لە جەرەیانی قەیرانی ماڵیی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ و بڕیاری دەوڵەت بۆ هێنانە خوارەوەی ٤ ملیارد پۆند لە بوودجەی شیرکەتی ڕێگەی ئاسن، دەوڵەتی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەکردەوەدەرهێنانی بەرنامەی “ڕیازەتی ئابووریی ڕێگەی ئاسن”ی گرتووەتە بەر. لەئاکامدا ژمارەیەک لە وێستگەکانی ڕێگەی ئاسن دادەخرپن و لانیکەم پەنجا لەسەدی کرێکارانی بەشی تێکنیکی کارەکەیان لەدەست دەدەن. ئەوان لە هەمان حاڵدا خوازیاری بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکانیشیانن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە یەکیەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەست لە کار دەکێشنەوە مان دەگرن.
لە ئاڵمان مانگرتنەکان لە کرێکارانی مەدرەسەکانەوە دەستی پێکرد. ئەوان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە جەرگەی پەتای کۆرۆنادا سەبارەت بە وەزعییەتی پاک و خاوێنیی مەدرەسەکان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هەروەها کاریگەریی دەروونی و ڕەوانیی تەعتیلکردنی مەدرەسەکان لەسەر خوێندکاران هۆشداریان داوە و هاوکات خوازیاری بردنەسەرەوەی حەقدەستەکانیان بوون. کاربەدەستانی دەوڵەت لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا بە بیانووی ڕکوودی ئابوورییەوە وڵامێکیان بە خواستەکانیان نەداوەتەوە. ئەوان لە ئێستادا دەڵێن: ئەگەر دەوڵەت دەتوانێ سەد ملیارد یۆرۆ بوودجەی تایبەت پەسند بکات تا ببێتە چوارەمین هێزی نیزامیی جیهان، بۆچی ناتوانێ خواستی کرێکاران و کارمەندانی بەشی پەروەردە جێبەجێ بکات. مانگرتنی کرێکارانی بەندەرەکانی باکووری ئاڵمان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و هاوکات مانگرتنی کرێکارانی فلێزکار لە ژمارەیەک لە شارەکان، بەشێکی تر لەو خەباتەمان پێ نیشان دەدات. میحوەری هەموو ئەم خەباتانە چ لە ئەمریکا، چ لە بریتانیا و چ لە ئاڵمان، بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستە. بێگومان ئێستا ئیتر کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە خەساراتی شەڕی ئیمپریالیستەکان دەبێ لە سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی جیهانەوە بدرێت.
ئەگەر دەوڵەتانی ئیمپریالیستی دەورێکی نوێ و مەرگباریان لە کێشمەکێش و بەرەنگاربوونەوە دەست پێکردووە، هیچ دەلێلێک بوونی نییە کە چینی کرێکاری جیهانیش ئیجازە بدات لەوە زیاتر لەژێر چەرخدەندەکانی ماشێنی ئەم نیزامە غەیرە ئینسانییەدا نابوود بێت.