فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چارەنووسی بووژاندنەوەی بەرجام، مانۆڕی کۆماری ئیسلامی لە کەلێنی نێوان ئیمپریالیستەکان
سێشەممە ۰۷-۰۴-۱۴۰۱   |  28-06-2022

ئاکامەکانی شەڕی ئۆکراین لەسەر ڕەوتی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام کاریگەریی بەرچاوی بووە و چارەنووسی خستووەتە تارماییەوە. تا بەرلە هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین لە فێوریەی ٢٠٢٢، لایەنەکانی دانوستانکار بە خوشبینیی فراوانەوە باسیان لە پێشکەوتنی وتووێژەکان دەکرد و هەیئەتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە “پاش چەندین هەفتە دانیشتنی چڕوپڕ، زیاتر لە هەموو کاتێک لە ڕێکەوتن نزیک بووینەتەوە.” بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆکراین زۆرێک لە موعادلاتی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا گۆڕی. کۆماری ئیسلامیش هەوڵی دا تا لەم “دەرفەتە” کەڵک وەربگرێت و ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بە قازانجی خۆی بەکار بێنێت. بەڵام مانۆڕەکانی هەتا ئێستای بێ حاسڵ ماوەتەوە و مەجبوور بووە دووبارە بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و ئەمریکا.
گەمارۆی بەرینی ئابووریی و سیاسیی ڕۆژاوا دژبە ڕووسیە، بوو بە هۆی ئەوەیکە لە هەنگاوی یەکەمدا، دەوڵەتی ڕووسیە لە دانوستانی بەرجام وەک بەرگی بەرەندە و کارتی فشار بۆ ئیمتیازوەرگرتن لە دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا کەڵک وەربگرێت. لەبیرمانە کە سێرگێی لاورۆف، وەزیری ڕووسیە داوای لە ئەمریکا کرد تا زەمانەتی کەتبی بدات کە تەحریمەکان دژبە مسکۆ بەخاتری هێرش بۆسەر ئۆکراین، لەسەر پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی ڕووسیە لەگەڵ ئێران لە دوای بەرجام کاریگەریی مەنفی دانەنێت. پاشان دەوڵەتی ڕووسیە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکاریی مسکۆ و تاران لە چوارچێوەی بەرجام تەزمینی داوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، دانوستانی ناوەکی لە ڤییەن کە لە ڕێکەوتنی نیهایی نزیک ببۆوە، بەکردەوە ڕاگیرا.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەشوێن ئەوەوە بووە تا لە ناکۆیی و گرژیی نێوان ڕووسیە و بلۆکی ناتۆ، بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە جەرەیانی دانوستانەکانی بەرجام کەڵک وەربگرێت. یەکێک لە کارەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا، هاوکاری و نزیکیی زیاتر لەگەڵ ڕووسیە لە بواری ئابووری، نیزامی و سیاسییەوە بووە. هەموو نیشانەکانی تا ئێستا دەخەری ئەو واقعییەتەن کە زۆرتربوونی هاوکاری لە نێوانیاندا بەرهەمێکی بێجگەلە حیقارەت بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدواوە نەبووە. هێستا سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ مسکۆ و دیداری لەگەڵ پووتین لەبیر کەس نەچووەتەوە کە تەنیا دەستکەوتی بەرچاوی، تەحقیری ڕەسمیی ئیبراهیم ڕەئیسی لەلایەن پووتین و ڕەنگدانەوەی بەرینی لە میدیاکاندا بوو. ئەم هەڵسووکەوتە تێکەڵ بە سووکایەتییانە لێرەدا کۆتایی پێ نەهات. بەڕیز بوونی وەزیری نەوت و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی، بۆ ڕێزگرتن لە سەفیری ڕووسیە لە تاران بەبۆنەی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نەتەوەیی ڕووسیە، گۆشەیەکی تر لە سووک و زەبوون کردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو لە جەرگەی مانۆڕەکانی لە نێوان دەسەڵاتە گەورەکاندا.
شکستی کۆماری ئیسلامی لە ساحەی سیاسی و نێونەتەوەیی، لەسەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان لە چوارچێوەی ئابووریشدا کاریگەریی داناوە. هاوکات لەگەڵ دانوستانی بووژاندنەوەی بەرجام، تەجارەتی دوو لایەنەی ئێران و چین تا ئاستێکی زۆر چووە سەرێ کە ئەمەش ئاکامی ڕاستەوخۆی چاوپۆشیی دەوڵەتی ئەمریکا لەم پەیوەندییانە بوو تا زمینە بۆ بووژاندنەوەی بەرجام ئامادە بکات. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕوویتێرز، شەڕ لە ئۆکراین هەناردەی نەوتی ئێرانی بۆ چین هێناوەتە خوارێ، بەجۆرێک کە ئەم ڕێژەیە لە مانگی ئاوریلدا ٣٤ لەسەد کەم بووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بەرچاوە، هەناردەی نەوتی هەرزانی ڕووسیە بۆ چینە. گەمارۆی بەرینی ڕۆژاوا دژبە ڕووسیە بووەتە هۆی ئەوەیکە مسکۆ بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ٣٠ دۆلار بۆ چین و هێند دابشکێنێت. بەمجۆرە ڕووسیە بەخێرایی لە بازاڕی نەوتی چیندا خەریکە جێگای ئێران و ڤێنێزۆیلا دەگرێتەوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئیسنا و ڕۆژنامە “شەرق”، ڕووسیە دوای نەوت، بازاڕی هەناردەی پۆڵای ئێرانیشی داگیر کردووە. بەهۆی داشکانی ١٥ تا ٢٠ لەسەدیی نرخی پۆڵای ڕووسیە، قیمەتی پۆڵای هەناردەی ئەم وڵاتە نیسبەت بە ئێران هەرزانتر بووەتەوە و هەر بەم دەلیلە چین، ئەفغانستان، تایلەند و کۆرەی باشوور کە مشتەریی گەورەی پۆڵای ئێران بوون، ئەمجار پۆڵای پێویستیان لە ڕووسیە دەکڕن. خولاسە، ڕووسیە مشتەرییە گەورەکانینەتی ئێران لەوانە چین و هێندی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە و بازاری پۆڵاشی لە چنگ ئێران دەرهێناوە.
بەمجۆرە، ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا تا لە ڕێگەی ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان دەست بداتە مانۆڕ و لە کارتی “نیگا بە ڕۆژهەڵات” بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە ڕۆژاوا کەڵک وەربگرێت، یان بەم خەیاڵەوە کە بردنەسەرەوەی قیمەتی نەوت دەتوانێ کرانەوەیەک لە وەزعییەتی ئابوورییەکەیدا پێک بێنێت، بەڵام لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبووە و هەموو ئەم ماجەراجووییانەی هەتا ئێستای بێ ئاکام ماوەتەوە. هۆکاری سەرەکیی شکستی ئەم مانۆڕە بێ سەمەرانە ئەوەیە کە دەوڵەتانی چین و ڕووسیەش لە موعادلاتی جیهانی و ناوچەییدا، لە ئێران وەک کارتی یاریی لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و لە سەروویانەوە ئەمریکا کەڵک وەردەگرن. کۆماری ئیسلامی خاوەنی هیچ ئامرازێیکی دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و نیزامیی نییە تا لەم موعادلاتەدا و لەسەر مێزی دانوستان پشتی پێ ببەستێت.
هەربۆیە کۆماری ئیسلامی لە ماجەراجووییەکانیدا هیچی بۆ نەکراوە و دووبارە گەڕاوەتەوە سەر مێزی دانوستانی بووژاندنەوەی بەرجام. بەوتەی “جوزێپ بۆرێل”، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا: “دانوستانەکان ڕاگیرابوون، هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دووبارەیان لەبەرچاو نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم گفتوگۆیانە، لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە لەڕێگەی پەیوەندیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، دانوستانەکان دەست پێدەکەنەوە.” ناوبراو هەروەها وتی “ئەمریکا و ئێران بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی من و تیمەکەمەوە کە کاری هەماهەنگی ئەنجام دەدەین، وتووێژ دەکەن.”
لە جەرگەی ئەم کێشمەکێش و ناکۆکییانە لەنێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بەرین دایە. لەڕاستیدا کێشەی سەرەکیی کۆمای ئیسلامی، پێشڕەویی هەنگاو بە هەنگاوی خەباتی بەهێزی کرێکاری و کۆمەڵایەتییە. لەم مەسیرە خەباتکارانەیەدا، ئەوەیکە پێشڕەویی کرێکاران و زەحمەتکێشان زەمانەت و موحکەم دەکات، یەکگرتوویی و تەشکیلات، پەرەپێدان بە وشیاریی چینایەتی و سۆسیالیستی، سازماندان و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان، و پەیوەندی سەرانسەری لەنێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتییە تا سەنگەرەکانی خەبات زیاتر بگرنەوە و سەرەنجام خۆیان بۆ ئاخێزێکی گشتی و هەنگاوێکی بەرزتر بەرەو ڕاپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئامادە بکەن.