فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

یاسای قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا، یاساییکردنی بێدەسەڵاتیی ژنە بەسەر جەستەیدا!
چوارشەممە ۰۸-۰۴-۱۴۰۱   |  29-06-2022

دووی مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ دوازدەی گوڵان هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕایگەیاند دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری داوە کە لەبابردنی منداڵ نایاسایی دەکات. ئەو کات هێستا شک و گومان لەناو زۆرێک لە دژبەرانی ئەم یاسایەدا بوو. بەڵام پێکهاتەی دادگای باڵا هیچ گومانێکی نەهێشتبۆوە کە ئەندامامانی ئەم دادگایە لەم بارەوە بڕیاری خۆیان داوە. دوای ئەوەیکە ترامپ سێ کەس لە لایەنگرانی خۆی خستە جێگای قازییەکانی پێشووی ئەم دادگایە، زۆر سەخت نەبوو تێگیشتن لەوەیکە باڵاترین ناوەندی قەزایی ئەمریکا بووەتە ئۆرگانێک بۆ قووڵتر کردنەوەی بۆشایی ناو کۆمەڵگە و کەوتووەتە خزمەت بەشێک لە کلیسای مەسیحییەت و “ئەنگلیکان”ەکان و ڕەوتە ڕاسیستییەکان و لە هەمان حاڵیشدا وڵامێک دەبێت بۆ داخوازیی پایەی کۆمەڵایەتیی ترامپ و تەنانەت گەڕاندنەوەی دووبارەی ناوبراو بۆسەر کورسیی دەسەڵات.
“سی ئێن ئێن” ماڵپەڕی میدیایی ئەمریکاش لە هەمان حاڵدا نووسیی: “بەپێی ئەم پێشنووسە، دادگا مافی لەباربردنی منداڵ ڕەت دەکاتەوە. ئەمە یەکێک بوو لە کاریگەرترین بڕیارەکانی چەند دەیەی ڕابردووی دادگای باڵای ئەمریکا کە دواهاتی بۆ سڵامەتیی ژنان و مافی لەباربردنی منداڵ لێ دەکەوێتەوە”. ڕاپرسیی سەنتەری توێژینەوەی “پیو” لە ساڵی ٢٠٢١دا نیشانی دا کە ٥٩٪ی گەورەکانی ئەمریکا پێیان وایە لەباربردنی منداڵ دەبێت لە هەموو حاڵەتەکان یان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا یاسایی بێت. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە تەنها ٣٩٪ پێیانوابوو لە زۆربەی حاڵەتەکان یان لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت نایاسایی بێت. سەرەنجام لە ڕۆژی هەینی سێی مانگی پووشپەڕ لە بڕیارێکی جەنجاڵیدا دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری لەبابردنی منداڵی دەرکرد و بەپێی ئەم یاسایە لانیکەم لە بیست و یک ئەیالەت لەباربردنی منداڵ نایاسایی و تاوان بەحیساب دێت و لە هەشت ئەیالەتی تریش یەکجار سنووردار دەکرێتەوە.
بەپێی تۆڕە هەواڵییە جیاوازەکان، ئەمریکاییەکان لە شار و ویلایەتەکانی وەک نیویۆرک، واشنتۆن، میامی، ئەتلەنتا، تەکساس، شیکاگۆ، سانفرانسیسکۆ، بۆستن، لۆس ئەنجلۆس، هیوستن ڕژانە سەر شەقامەکان؛ نەیاران ئەم بڕیارەی دادگای باڵا بە پێشێلکردنی مافی ژنان دەزانن و لایەنگرانی ئەو بڕیارەش بە سەرکەوتن و پاراستنی مافی ژیان پێناسەی دەکەن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەمان ڕۆژ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی دادگای باڵای بە “خاڵی وەرچەرخان” لە مێژووی ئەمریکادا ناولێبرد و ڕایگەیاند: “ملیۆنان کەس لە ئەمریکا بەرەوڕووی داهاتوویەکن کە تێیدا ناتوانن سەبارەت بە جەستە و ئایندە و ڕەفاهی بنەماڵەکەیان هەڵبژاردەی شەخسییان بێت. ئەم حوکمە لەسەر چارەنووسی تەک تەکی خەڵکی ئەمریکا کاریگەری دادەنێت و بایەخ بە توانای دووگیانبوونیان نادات. خەڵک بەهۆی ئەم حوکمەوە مەجبوور بە زایمان دەکرێن و ناچار دەبن بەشوێن لەباربردنی نائەمنەوە بن. ئەم حوکمەی ئەمڕۆ، ئاکامی چەند دەیە هەوڵ و تەقەلایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژنان و کچان و هەموو کەسانێک کە توانای دووگیانبوونیان هەیە. ئەم حوکمە ڕێگا بۆ دانانی یاسای ئەیالەتی بەئامانجی تاوان لەقەڵەمدانی لەباربردنی منداڵ و داڕشتنی یاسای دیکە بەئامانجی زەوتکردنی مافی مرۆڤ لە خەڵکی ئەمریکا هەموار دەکات. ئەمە لەو یاسایانەیە کە لەسەر ئیمکانی کۆنتڕۆڵی زاد و وەلەد و بەرابەری لە هاوسەرگیریدا کاریگەری دادەنێت. بەڵام بەدەر لەوەیکە دادگای باڵای ئەمریکا چی دەڵێت، لەباربردنی منداڵ یەکێک لە مافەکانی مرۆڤە و دەوڵەتەکان لە سەرانسەری جیهان ئەرکی سەرشانیانە لەم مافە پشتیوانی بکەن”.
ئەم حوکمە بۆ جارێکی دیکە باروودۆخی بەژانی ساڵەکانی بەرلە هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵی لە ساڵی ١٩٧٣ وەبیر هەمووان هێناوەتەوە. سەردەمێک کە ژنان مەجبوور بوون بەنهێنی منداڵ لەباربەرن. هەڵبەت لە زۆر حاڵەتدا ئاکامەکانی ستاندارد نەبوونی ئەم لەباربردنانە بۆ ساڵانێکی زۆر کەسەکانی گرفتار دەکرد. بێگومان ئێستاش ملیۆنان ژنی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە زیاتر لە هەمووان زیانیان بەردەکەوێت. هەڵبەت بۆ ژنانی سەرەوەی هێرەمی کۆمەڵگە هیچ کێشەیەک پێش نایەت و بەئاسانی لە وڵاتانی تر هەموو کارێکیان بەڕێوەدەبەن. لە ڕاستیدا پێگەی چینایەتی، مافی دەسەڵاتداریەتیی ژن بەسەر جەستەیدا دیاری دەکات. کەوابوو دەردەکەوێت کە ستەمی چینایەتی، پیاوسالاری، ستەمی جنسییەتی، ڕاسیسم و تێکەڵ بوونی هەموویان لەگەڵ دین، پەسندکردنی ئەمجۆرە یاسایانەی لێ دەکەوێتەوە. ئێستا بۆ جارێکی دیکە بە زەبری یاسا ژنانی ئەمریکا لە هەبوونی ماف بەسەر جەستەی خۆیاندا بێبەش دەکرێن. ئەگەر لە جەرەیانی پەتای کۆرۆنادا، زۆربەی قوربانییان، توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بوون، یاسای قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵیش بەر لە هەمووان بەرۆکی بێبەشان، ڕەنگین پێستەکان، لاتینیۆکان و بێ خانە و لانەکان دەگرێت. بەگشتی بنەماڵەکانی توێژی خواروەی کۆمەڵگە منداڵیان زیاتر دەبێت و بێگومان بەهۆی قەدەغەبوونی مافی لەباربردنەوە، بەناچار منداڵی زیاتریشیان دبێت. ئەگەر منداڵان لە وڵاتانی دەورووبەر موعامەلەیان پێ دەکرێت و یان بە لەشکری ملیۆنیی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست دەبن، لە کۆمەڵگەی سەرمایەرداریی پێشکەتووی وەک ئەمریکاشدا تەنیا دەتوانن هێزی کاری هەرزانتر بن و هیچی تر. لە کۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا ئیمکانێک بۆ ئەم منداڵانە بوونی نییە کە مەهارەتی زیاتر فێر بن ، تەنیا دەتوانن هێزی کاری خۆیان بخەنە ئیختیار خاوەنانی سەرمایەوە و کاری سەختتر بە حەقدەستی کەمترەوە ئەنجام بدەن. ئەمە یەکێک لە فاکتۆرە گرینگەکانی تەمایولی سەرمایەدارانێکی وەک ترامپە بۆ پەسندکردنی یاسای مەنعی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا.
لە کۆمەڵگایەکدا کە سیستەمی دادوەری و پۆلیس لە بنەڕەتەوە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراون کە کەسانی ڕەنگین پێست زاتەن تاوانبارن و لەلایەن پۆلیسەوە دەکرێنە ئامانج. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕەنگین پێستان زۆرترین ژمارەی زیندانییان پێک دێنن لە حاڵێکدا کە جەمعییەتیان یەک پێنجومی ئەمریکایە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە قەتڵی لەئانقەستی ڕەەنگین پێستەکان و یان تەقەکردن لێیان لەلایەن پۆلیسەوە بووەتە بابەتێکی ئاسایی، دوور لە چاوەڕوانی نابێت کە قوربانییانی ئەم یاسا پەسندکراوەی دادگای باڵای ئەمریکاش، هەر ئەم توێژانەی خوارەوەی کۆمەڵگە بن. پاشەکشە پێکردن بەم یاسا کۆنەپەرستانە و دژەژنە لە بەهێزترین وڵاتی ئەمپریالیستیدا پێویستی بە هەڵمەتێکی بەرینی هاوپشتییە لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئەمریکا دژبەم یاسا کۆنەپەرستانەیە لە قەلبی نیزامی سەرمایەداریدا.