
شەڕی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لەسەر دابەشکردنی جیهان لە ئۆکراین هەروا لەئارا دایە. لەم شەڕ و کێشمەکێشەدا، ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی ئەورووپا دژبە بلۆکی بەرامبەر پێویستیان بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی توانای نیزامییە. لەم پێوەندەدا یەکێک لە کردەوەکانیان وەڕێخستنی شەپۆلی قورسی تەبلیغات دژبە مەترسییەکانی هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئەورووپا بووە. تا زەمینە بۆ پەیوەستبوونی دوو دەوڵەتی فینلاند و سۆئێد ئامادە بکەن و ئەوان بکەنە ئەندامی “ناتۆ”. داوایان لێ کردبوون کە هەرچی زووتر داواکاریی ئەندامیەتییان پێشکەشی ئەم پەیمانە جەنگییە بکەن. چوونی ڕەسمیی سۆئێد و فینلاند بۆ ناو ئەم پەیمانە ( کە گۆیا هەتا ئێستا بێ لایەن بوون)، بۆ ئەمریکا و ڕۆژاوا ئیلزامییە و بڕیارەکەی پێشتر دراوە. کەوابوو نە ئەو دوو دەوڵەتە و نە تورکییە ناتوانن لە پەیوەستبوونی ئەم دوو وڵاتە بە ناتۆ ڕێگری بکەن. لە کۆبوونەوەی هۆلەنددا کە بەرلە کۆبوونەوەی مادرید بەڕێوەچوو سەرۆک وەزیرانی هۆلەند ئاشکرای کرد کە فینلاند و سۆئێد سەرەڕای دژایەتیی تورکییە بە ناتۆ پەیوەست دەبن”. ئاشکرایە کە پەیوەست بوونی ئەم دوو دەوڵەتە بە “ناتۆ” دژایەتیی زۆرێک لە خەڵکی ئەم وڵاتانەی لێ دەکەوێتەوە لەبەر ئەوەیکە هەم لە بواری ماددی و هەم لە بواری سیاسییەوە بۆ خەڵکی ئەم دوو وڵاتە هەزینەبەردار دەبێت.
بێگومان وەها ڕێکەوتنێک پەیوەندی نێوان ئەم سێ دەوڵەتە لەگەڵ ڕووسیەش تیرەتر دەکات. ڕۆژی پێنجشەممە، دەسبەجێ بەدوای کۆبوونەوەی مادرید، پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی حاشیەی دەریای خەزەردا وتی ئەگەر ئەم وڵاتانە زمینەی ڕەوانەکردنی تەسلیحات و هێز بۆ وڵاتی خۆیان دابین بکەن، ڕووسیە هەوڵی پێویست لەم بارەوە ئەنجام دەدات.
بەپێی یاسای پێشووی “ناتۆ”، شەرتی وەرگرتنی هەر ئەندامێکی نوێ، ڕەزایەتی هەموو ئەندامانی ئەم پەیمانە جەنگییەیە. لەو جێگەوە کە تورکییەش یەکێک لە ئەندامانی ناتۆیە، پێویستە ئەویش ڕەزایەتی خۆی لەئاست پەیوەستبوونی ئەم دوووڵاتە بە ناتۆ دەرببڕێت. ئەم خاڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕاشکاوانە باس لێکرد تا “لە وەسەتی شەڕدا نرخ دیاری بکات” و لەو نێوەدا ئیمتیازێک بەدەست بێنێت. بەو هیوایە کە لەو ڕێگەوە بتوانێ پێگەی خۆی لە تورکییە باشتر بکات. مەشرووت کردنی زاهیریی تورکییە بە دەنگ دان بە ئەندامیەتیی سۆئێد و فینلاند هەر بەم ئامانجەوە بووە، ئەگینا ئەدۆغان لەوە ئاگادارە کە ناتوانێ لە پەیوەست بوونیان بە ناتۆ ڕێگری بکات.
کۆبوونەوەی سەرانی ٣٠ وڵاتی پەیمانی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ژۆئەن لە سپانیا کۆتایی هات. بەوتەی “جێنس ستوڵتنبێرگ” بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ قەرارە پێنجەمی مانگی ژووئیە، سۆئێد و فینلاند بەڵگەی پەیوەست بوونی خۆیان بە ناتۆ واژۆ بکەن. ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتنی نێوان خۆی و فینلاند و سۆئێدی سەرکەوتنی دیپلۆماسی بۆ خۆی ناولێنا و وتی:”ئەم ڕێکەوتنە دەبێ دەستبەجێ بەکردەوە دەربێت، سۆئێد قەولی داوە تا ٧٣ تیرۆریست تەحویلی تورکییە بدات”.
بەڵام لەڕاستیدا ئەوەیکە لەنێوان تورکییە و دەوڵەتانی سۆئێد و فینلانددا واژۆ کراوە نەک “بەڵگەی ڕێکەوتن” بەڵکوو “یادداشتی تەفاهوم”ە کە لەبواری یاسای نێونەتەوەییەوە دەتوانێ ئیلزام ئاوەر نەبێت. ئەم یادداشتە لەو بەندانە پێکهاتووە کە بە شێوەی گشتی ئاماژەی بە خاڵی ئاسایی کردووە. بۆ نموونە ئەوەیکە “ئەم سێ وڵاتە مێکانیسمێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم و جەنایاتی سازماندراو پێک بێنن”. یان ئەوەیکە سۆئێد و فینلاند بەڵێنیان داوە تا مەسەلەی تیرۆریست بوونی کەسانێک کە تورکییە داوای کردووە هەڵسەنگێنن و هەڵوێستیان ڕاگەیەنن. لەپێوەند لەگەڵ ئیدیعای ئەدۆغان واتە تەحویلدانی چالاکانی سیاسی کە ناوبراو بە “تیرۆریست” ناویان دەبات سۆئێد و فینلاند خۆیان واژۆکار و پێبەندی پەیماننامەی ئەۆرووپایی گەڕاندنەوەی “گومان لێکراوان بە تیرۆریسم”ن و بە ئاسانی و بە بێ سەلماندنی تاوانی تیرۆریستی، ناتوانن کەس ڕادەستی دەوڵەتێکی تر بکەن. بەتایبەت بە دەوڵەتانێکی وەک تورکییە کە خۆیان پێیشەنەیەکی دوورودرێژیان لە کردەوەی تیرۆریستی و ئەشکەنجەی ئینسانەکان هەیە. سەرۆک وەزیرانی سۆئێد لەم بارەوە وتی: “ئەم پرسانە پەیوەندیان بە سیستمی قەزایی ئێمەوە هەیە و لەم پێوەندەدا بە درووستی کار دەکەن. بێگومان سۆئێد نابێتە پەناگای تیرۆریستەکان”.
هەڵبەت نابێ تەوەهومێکیش لە کار دابێت. سۆئێد و فینلاند وەک دەوڵەتانی سەرمایەداری و موحافزەکار بەخاتری بەرژەوەند و مەسلەحەتی خۆیان دەست دەدەنە هەر کارێک کە بەدوور لە ئەخلاق و پەرنسیپی ئینسانی بێت و زۆر جار پێشێلکەری ئازادی و دیمۆکراسی و مافی ئینسانەکان بوون. بەڵام بێگومان ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانە هەزینەیەکی قورسی بۆ ئەوان دەبێت. هەربۆیە ئەوەیکە ئەردۆغان لەو موعامەلە قیزەونەدا بەدەستی هێناوە، یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی تەحریمی فرۆشی تەسلیحات لەلایەن سۆئێد و فینلاندەوە بە تورکییەیە. هەڵبەت هەتا ئێستاش تورکییە وەک ئەندامی گرینگی ناتۆ لە پێوەند لەگەڵ کڕینی تەسلیحات تەنانەت لەم دوو دەوڵەتەش لە ڕێگای ترەوە بەرەوڕووی کێشە نەبووەتەوە. دووهەم پشتیوانی نەکردنی ئەوان لە (پەکەکە)، پارتی یەکیەتی دیمۆکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سیتسمی خۆبەڕێوەبەرایەتیی کوردستانی سووریە و پشتیوانی نەکردن لە فەتحوڵڵا گولێن، ڕەقیبی ئێستا و ڕێبەری پێش ئەردۆغانە. هەڵبەت لە یادداشتی تەفاهومی نێوان تورکییە و سۆئێد و فینلاند تەنانەت باسێک لەو نێوانەش نەکراوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا ئەردۆغان هەوڵی داوە کە بەڕەسمی لەلایەن ئەمریکا و باقیی دەوڵەتەکان لەوانە فینلاند و سۆئێد، بە تیرۆریست بناسرێن.
واقعییەت ئەوەیە کە تورکییە لەگەڵ قەیرانی بەرینی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوچەیی و جیهانی بەرەوڕووە. ڕکوودی ئابووری، باڵاترین ئاستی تەوەرۆم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو و بەردەوامیی هاتنە خوارەوەی بەهای پووڵی ئەم وڵاتە، بووەتە هۆی هەژاریی و بێکاری و هاتنە خوارەوەی زیاتری توانای کڕینی خەڵکی تورکییە و بۆشایی نێوان دەوڵەتی ئەرۆدغان و جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش قووڵتر بووەتەوە و ئەردۆغانی خستووەتە پێگەیەکی لاوازترەوە. کەوابوو وەڕێخستنی جاروجەنجاڵ لە دەوری ڕێکەوتن لەگەڵ سۆئێد و فینلاند و وەرگرتنی ئیمتیاز بە قەولی خۆی “ئەوەیکە دەمانهەویست بەدەستمان هێنا”، زیاتر هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی بیڕوڕای گشتیی خەڵکی تورکییە لەو کێشە و گرفتانەی کە خەڵکی ئەم وڵاتەی خستووەتە مەزیقەوە. ئەردۆغان دەیهەوێ لەم بابەتە وەک ئیمتیاێک بۆ خۆی لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ کەڵک وەربگرێت. بێ دەلیل نییە کە ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی جۆزەردان دەستبەجێ کاندیداتۆریی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ڕاگەیاند. بێگومان ئەردۆغان لەم بوارەشدا سەرکەوتنێک بە نەسیبی نابێت.