فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێگاچارەی کۆمەڵە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان
پێنجشەممە ۱۶-۰۴-۱۴۰۱   |  07-07-2022

یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە ئاگادارکردنەوە و هاوڕێکردنی هەرچی زیاتری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەگەڵ ڕێگاچارەی کۆمەڵە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستانە. پێویستە هەوڵ بدرێت کە ڕێگاچارەی واقعبینانە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان هەرچی زیاتر هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی بەدەست بێنێت.
هەروەک زۆر جار تەئکیدمان لەسەر کردووە، کۆمەڵە خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بەمانای مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆشە بۆ خەڵکی کوردستان . بەڵام دابینکردنی باروودۆخێک کە تێیدا خەڵکی کوردستان بتوانن بە بێ نیگەرانی لە هەڕەشە و داسەپاندنی گوشاری نیزامی، پۆلیسی، سیاسی و ئابووری و هیتر ئازادانە لەم مافەی خۆیان کەڵک وەرگرن، لە گرەوی خەبات بۆ سەرهەڵدانی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە کە بەشێوەی کردەوەیی گشت مافە دیموکراتیکەکانی خەڵک دابین بکات. هەربۆیە تەنیا ڕێگای واقعبینانەی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بەشداری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بەئامانجی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامی و دابینکردنی ئازادیی دیموکراتیک و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسییە.
بەڵام کۆمەڵە لە باردووۆخێکدا لەسەر ستراتێژی سۆسیالیستیی خۆی لەپێناو چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی پێداگری دەکات کە ناسیۆنالیسمیش کۆمەڵگای کوردستانی خستووەتە ژێر کاریگەریی سیاسەت و کردەوەی خۆیەوە. ئەگەرچی نوتفە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان لە قالبی کاردانەوەی فیۆدالی مەحەلی بەرامبەر بە دەستدرێژیی دەوڵەتی ناوەندی خۆی نیشان دا و لە لایەن هێندێک خان و شێخی سەرشناسەوە ڕێبەری دەکرا، بەڵام لەگەڵ زەواڵی نیزامی فیۆدالی و سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری لەم ناوچەیە، ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی ڕەخنەی کردە ناو چین و توێژە تازەسەرهەڵداو و خۆشبژێوەکان و بوو بە ئایدیۆلۆژی زاڵی بۆرژوازیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و توێژە مامناوەند و وردەبۆرژواییەکانی کوردستان. ناسیۆنالیسم ئایدیۆلۆژی و ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی دیاریکراوە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەروەک باقیی کۆمەڵگاکانی دیکە هاوزادی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری لەپەنا باقیی بزووتنەوە سیاسی و چینایەتییەکان، بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی. ئەحزابی سیاسی و کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسیی جۆراوجۆر بەپێی ئەم ئایدیۆلۆژییە و لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە دامەزراون و دارێژراون. ئەم ئایدیۆلۆژییە خاوەنی جیهانبینی، ستراتێژی سیاسی، کلتوور و سوننەتی تایبەت بە خۆیەتی. مێژووی گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری نیشانی داوە کە ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی ناسیۆنالیسم بەپێی پێویستیی سەرمایەداری بە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و پاوانکردنی ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سنوورە دیاریکراوەکان و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانە بەزەبری هێزی جەماوەری جێگیرکراو لەم ناوچانە، شکڵی گرتووە. ناسیۆنالیسم، کلتوور و ئەدەبیات و هونەر و سەمبۆلی تایبەت بەخۆی بۆ ئاسان کردنەوەی بابەتی هێنانە مەیدانی جەماوەر لە خزمەت وەدیهێنانی ئەم ئامانجە چینایەتییە خوڵقاندووە. بەڵام ئەمڕۆ کە لەگەڵ گەشەی بەرچاوی سەرمایەداری و جیهانی بوونەوەی ئەم سیستمە، هەموو سنوورێک بەرەوڕووی حەرەکەتی کاڵا و سەرمایە کراوەیە، پایە ئابوورییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە واتە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و نەتەوەیی لەناوچووە. سەرمایەدارانی کوردستانیش هەنگاو هەڵگرتن بەرەو تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی جیهانی، لەپێناو بەرژەوەندی چینایەتیی خۆیاندا دەبینن. لەئێستادا مانەوەی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان لە بێمافیی سیاسی و ئیداری، کلتووری، دواکەوتووڕاگرتنی کوردستان لەبواری ئابووری و پێکهاتەی لاوازی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی کە دووکەڵەی لە بنەڕەتدا دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی نیشان دەدات. ناسیۆنالیسم لە بوونی ئەم بێمافی و ستەمانە تەغزییە دەکات و حزووری خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا پاراستووە. بەڵام لەو جێگەوە کە بە حوکمی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، چینی سەرمایەدار و توێژە خۆشبژێوەکانی کۆمەڵگا هاندەرێکیان بۆ خەبات لەپێناو چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی نییە و حیزبە ناسیۆنالیستەکانیش بەحوکمی هەر ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر لە ڕابردوو لە ئاراستە و ئاواتەکانی پێگەی چینایەتیی خۆیان واتە سەرمایەداران و خاوەنانی سەروەت و توێژەکانی سەرەوەی چینی مامناوەند نزیک بوونەوە، لەجیات ئەوەیکە چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی بکەنە ئامانج، تەنیا بە وەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی خۆجێیی، لە هەر ڕێگەیەکەوە، ڕەزایەت دەدەن. کەوابوو ئەرکی مێژوویی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگادا کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە.
چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانن، و کۆتایی هاتنی ستەمی نەتەوایەتیش لە گرەوی پێشڕەویی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لەم خەباتەدایە. بەڵام سەرەڕای ئەوەیکە ئەمڕۆ لە کوردستان دووکەڵی ستەمی نەتەوەیی زیاتر لە هەمووان دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە، بەم حاڵەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تەنیا بۆ خواستی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی نەهاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کوردستان خواستی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕوونی خۆیان هەیە کە بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە ڕایدەگەیەنن. کۆمەڵە بەهەر ڕادەیەک کە بتوانێ بە حزووری لە خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و بە پێداگری لەسەر خواستەکانی، ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەشێوەی ڕێکخراو بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە، گشت ڕەوتی سۆسیالیستی بۆ ڕێبەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و وەدیهاتنی بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی دەخاتە پێگەیەکی باشترەوە.
لە گەڵاڵەی کرێکاران بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، کە لە یەکەمین ڕۆژی سەرکەوتنەوە هاوڕێ لەگەڵ بەرنامەی لانیکەم لەبواری دابینکردنی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان، بەڕەسمی ڕادەگەیەندرێت و بەکردەوەدەردێت، گشت ئۆرگان و ناوەندی نیزامی و ئەمنییەتی و هیتر کە ئامرازی داسەپاندنی ستەم و هەڵاواردنن، کۆدەکرێنەوە. هەموو یاسا و بەربەستە ئیدارییەکان کە بەپێی هەڵاواردن شکڵیان گرتووە هەڵدەوەشێنەوە. بەڕێوەبەری کاروباری کوردستان و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا بە شۆراکانی هەڵبژێردراوی خەڵک لەئاستە جۆراوجۆرەکان و شۆرای نوێنەرانی سەرتاسەریی کوردستان دەسپێردرێت، ئەم شۆرایانە هەم یاساداڕێژەرن و هەم بەڕێوەبەری یاساشن. بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ پەرەپێدانی ناوەندەکانی بەرهەمێهان و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئابووریی بەهۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە خەرجی دەوڵەتی ناوەندی بەکردەوەدەردێت. لەڕێگەی بردنەسەرەوەی ئاستی پەروەردەی بەخۆڕایی لەوانە فێرکاریی تێکنیکی و پیشەیی، بردنەسەرەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و گشتی و هیتر، ئیمکانی ڕاستەقینە بۆ بەهرەمەندبوون لە مافی بەرابەر بۆ خەڵکی کوردستان دەخوڵقێت. نوێنەرانی شۆرا سەرانسەرییەکانی کوردستان بەبێ هیچ جۆرە شەرت و مەرجێک لە ئۆرگانە سەرانسەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێراندا بەشداری دەکەن.
بە وەدیهێنانی ئەم باروودۆخە و بە گرتنەبەری سیاسەتی وشیارانەی پەروەردە و کلتووری، ئەگەری هەرجۆرە نابەرابەرییەک لەنێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەناو دەچێت و پێناسەی ئینسانیی کەسانی سەربە ئێتنیک و نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕێگای تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەکتر هەموار دەکرێت. وەها کۆمەڵگایەک لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی نامۆ دەبێت. لە وەها هەلومەرجێکدا کێشانی هەرجۆرە حەسارێک بەدەوری کوردستان بەمانای سپاردنی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگایە بە هاوسەنگیی هێزی سیاسی و چینایەتی، بە مانای بێبەری کردنی کرێکارانی کوردستان لە دەستکەوت و پشتیوانیی هاوچینەکانی خۆیان لەئاستی سەرتاسەرییە. بوونی ئاسۆیەکی سەرانسەری، هاوڕێ لەگەڵ کرێکاران و هەموو خەباتکارانی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست لە ئێران ئاسانترین و کەم دەردیسەرترین ڕێگای چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و وەدیهاتنی ئامانج و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە.
دیارە لەگەڵ پێکهاتنی وەها باروودۆخێکی دیموکراتیک ئەوە خەڵکی کوردستانن بڕیار دەدەن کە چۆن لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان کەڵک وەربگرن. لە وەها باروودۆخێکدا بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی جیهانی و کۆمەڵێک هۆکاری مەحەلی و ناوچەیی و باروودۆخی بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئێمە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و بەشداریی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرانسەری و شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان پێشنیار دەکەین.