فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕیاکاریی دەوڵەتانی ڕۆژاوا و ملکەچکردنیان لەئاست تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی
شەممە ۱۸-۰۴-۱۴۰۱   |  09-07-2022

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی پووشپەڕ کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بێلژیک دوای دوو ڕۆژ گفتوگۆی جەنجاڵی، گەڵاڵەی بەپەلەی دەوڵەت سەبارەت بە “گواستنەوەی مەحکوومانی نێوان بێلژیک و کۆماری ئیسلامی”ی پەسند کرد. قەرارە ئەم گەڵاڵەیە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو (٢٣ی مانگی پووشپەڕ) بدرێتە پەرلەمان و دوای پەسندکرانی ببێتە یاسا، کە بەلەبەرچاورتنی پێکهاتەی نوێنەران ئەگەری زۆرە دەنگ بێنێتەوە. بەڵام ئەمە نەک یاسا بەڵکوو موعامەلەیەکی سەرشۆڕانە و نەنگینە کە دەوڵەتی بێلژیک بە ڕەزایەتی ناڕاشکاوانەی هێندێک لە دەوڵەتانی ئەورووپایی لەوانە فەڕانسە و ئاڵمان، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەنجامی داوە. دەستپێکی ئەم موعامەلە قیزەونە بۆ “پەیمانی دوو لایەنەی گەڕاندنەوەی تاوانباران” دەگەڕێتەوە کە بیستی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە نێوان وەزارەتی دادی بێلژێک و نێردراوی ڕێژیمی ئیسلامی لەم وڵاتە واژۆ کرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم موعامەلە دژەئینسانییە، ئازادیی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتی تیرۆریست و کۆنسوولی وەختی کۆماری ئیسلامی لە ئۆتریشە کە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٧دا لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە هاوکارانی بە ماددەی تەقەمەنییەوە دەستگیر کران. ئەسەدی و هاوکارانی دوای موحاکمەکرانیان لە لایەن دادگایەکەوە لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ کە لە شاری “ئانتوێرپ”ی بێلژیک بەڕێوەچوو، بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن دادگوستەریی بێلژیکەوە تا چەند ڕۆژ بەرلە ڕەوانەکرانی بۆ کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان بە نهێنی ڕاگیرابوو. بەڵام لەگەڵ ئاشکرابوونی بڕیاری وەزیری دادگوستەریی بێلژیک و دیفاع کردن لێی لە کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەستبەجێ لەگەڵ دژایەتی و کاردانەوەی توندی ئەحزاب و چالاکانی سیاسی و ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمان، قازی و کەسایەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەەوەیی و پارتە نەیارەکانی بێلژیک بەرەوڕوو بۆوە. سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی بێلژیک لە دژایەتی لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە، وەک ئامرازی گواستنەوەی تیرۆریستانی ڕێژیمی ئێران ناوی لێبرد و هۆشداری دا کە: “کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تیرۆریستە و ئەم گەڵاڵەیە دژی ئەو بایەخانەیە کە دەوڵەتی ئێمە لەسەری بەنا کراوە. لەم پێوەندەدا ٩ کەس لە قازی و دادستان و بەرپرسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئەورووپا لەڕێگەی نووسینی بۆ دەوڵەتی بێلژیک، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی “پەیمانە غەیرە ئەخلاقییەکەیان” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوون و لەگەڵ ڕادەستکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دژایەتییان کرد.
ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی مانگی پووشپەڕ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هۆشداری دا کە: “ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرەنگاری چالاکیی نایاسایی و توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات نەبێتەوە، هەڕەشەکان دژبە گیان و ئەمنییەتی ڕۆژنامەوانان، جیابیران و چالاکانی سیاسیی نەیاری کۆماری ئیسلامی و مافی مرۆڤی ئێرانی کە لە دەرەوە دەژین، پەرە دەستێنێت”. ئەم ڕێکخراوە لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە: “ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت دەوڵەتی بێلژیک و باقیی وڵاتانی ئەورووپایی لەئاست سزادانی دەست و پێوەندەکانی حکوومەتی ئێران کە لە سەرکوتی نەیاران لە دەرەوەی ئەم وڵاتە دەوروونەخشیان بووە، پێبەند نەبن، مەترسیی هێرش و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە نەیارانی زیاتر دەبێت.”
بەم حاڵەوە بەرپرسانی دەوڵەتی بێلژیک، لە سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە بگرە تا وەزیری دادگوستەری، لەوپەڕی بێشەرمیدا، بە پاساوی بێ بنەما و دوور لە مەنتق لە بڕیارەکەیان دیفاع دەکەن. لەلایەکەوە بە درۆی ئاشکرا موعامەلەکردنی ئەسەدی لەگەڵ هێندێک لە مەحکوومانی زیندانەکانی ئێران ڕەواندنی تۆمەت ناولێدەنێن و لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری دادگوستەری لە وڵام بە ڕەخنەی نوێنەران لەئاست گۆڕینەوەی مەحکوومانی نێوان بێلژیک و ئێران زەبوونانە دەڵێت: “ئەم گەڵاڵەیە بۆ دیفاع لە ئەمنییەتی وڵاتە، چونکە دەزگا ئەمنییەکان ڕاشکاوانە وتوویانە کە ئەگەر ئەم پەیمانە بەڕێوە نەچێت، ژمارەیەکی زیاتر لە داهاتوودا بەبارمتە دەگرن. ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە خێرا پەسند نەکرێت، مەترسییەکان دژبە هاووڵاتییانی بێلژیک زیاتر دەبن”. ئەو بەرپرسە دان بەوە دادەنێت کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ٤٩ شارومەندی ئەورووپایی لە ئێران دەستگیر کراون کە ١٨ کەسیان لەوانە دوو بێلژیکی هێستاش هەروا لە زینداندا ڕاگیراون”. بێگومان ئەمە بە مانای سازان لەگەڵ بارمتە گرتن و چاوپۆشی کردن لە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی ڕیاکاری و ئیدیعای درۆیینی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئەورووپاییە لە پشتیوانی کردنیان لە “دیموکراسی” و مافی مرۆڤ و ئازادی. سات و سەودا لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی بەمانای پێشێلکردنی یاسای بنەڕەتیی مەملەکەتی خۆیانە لەپێوەند لەگەڵ سەربەخۆیی سیستەمی قەزایی و نیشانەی داسەپاندنی ئیرادەی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکانە بەسەر دەزگای قەزاییدا.
هەڵسووکەوتی موعامەلەگەرانەی بێلژیک و باقیی دەوڵەتانی ئەورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وەک چۆن زۆر جار بیندراوە، ئەم ڕێژیمە دژە ئینسانییەی لە دەستبردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی، ڕفاندنی مرۆڤ و بارمتەگیری جیددیتر کردووەتەوە. بەپێچەوانەشەوە هەرکات بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی دەوڵەتەکان بەرامبەر بە جەنایاتی تیرۆریستیی ڕێژیم کاردانەوەی جیددییان نیشان داوە و کۆماری ئیسلامییان خستووەتە ژێر گوشارەوە، ڕێژیم تا ماوەیەک لە دەستبردن بۆ جەنایاتی تیرۆریستی موحتات بووە. نموونەکەشی بانگهێشتی کۆمەڵێک لە سەفیرانی وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا بەدوای کردەوەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستوورانی میکۆنووس بوو. هەڵبەت ئەوکاتیش دەوڵەتی ئاڵمان و تەنانەت دەفتەری ڕاوێژکاری ئاڵمان هەوڵێکی زۆریان دا تا دادگاکە لە ڕێگەی دزینی بەڵگەی دادستانی کەیسی میکۆنووس بەرەو شکست بەرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. دادگای کەیسی میکۆنووس کە شەش ساڵی خایاند، هەموو کاربەدەستانی باڵای حکوومەتی ئیسلامی لەوانە خامنەیی، ڕەفسەنجانی، وێلایەتی، فەلاحیان و موحسین ڕەزایی وەک هۆکار و بڕیاردەرانی ئەو جەنایەتە مەحکووم کرد.
تیرۆر و ڕفاندن و هەڕەشە لە دەرەوەی وڵات یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ درێژەی دەسەڵاتە نگریسەکەی. هەڵبەت هەتا ئێستا زۆرێک لە عەمەلیاتە تیرۆریستییەکانی شکستیان خواردووە و مۆرە بەکرێگیراو و تیرۆریستەکانی ڕێژیم دستگیر و دادگایی و بە زیندان مەحکووم کراون. حکوومەتی ئیسلامی بە کردەوەی دژەئینسانیی بەبارمتەگرتنی کەسانی بێ تاوان و پەروەندەسازی بە تۆمەتی ساختە و بێبنەمای وەک سیخوڕی، هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی وڵات، تەبلیغ دژبە نیزام، سووکایەتی بە ڕێبەر و هیتر، ئەوان دەخاتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و لە دادگا فرمایشییەکاندا بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە مەحکوومیان دەکات. بەڵام وەک بارمتە ڕایاندەگرێت تا لە سەری وەختی خۆیدا لەگەڵ تیرۆریستە لەداوکەوتووەکانی خۆی لە وڵاتانی تر بیانگۆڕێتەوە و نموونەکەشی دوو چالاکی کرێکاریی فەڕانسەوییە کە دوو مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی “هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی وڵات” لە ئێران دەستبەسەرکران. بەبارمتەگرتن و ڕفاندنی مرۆڤ، کردەوەیەکی جەنایەتکارانەی دیکەی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە ئینسانە بێ تاوانەکان، کە دەکرێنە ئامرازی موعامەلەی ڕێژیمی ئیسلامی و ماوەیەکی زۆر لە تەمەن و ژیانیان لەناو زیندانەکانی ڕێژیم و لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بەفیرۆ دەچێت.