فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپەڕینی بێبەشانی سریلانکا دژبە فەلاکەتی ئابووری و گەندەڵیی دەسەڵات
سێشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۱   |  12-07-2022

لە باروودۆخێکدا کە وڵاتی سریلانکا لە بەرینترین قەیرانی ئابووری و سیاسیی مێژوویدا نوقم بووە، هەزاران کەس لە خەڵکی تووڕە و وەگیانهاتوو دوای چەندین مانگ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژبە باروودۆخی فەلاکەتباری ئابووری و گەندەڵیی جێکەوتوو لەناو دەسەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە، سەرەنجام ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی ژووئیە هێرشیان کردە سەر کۆشک و بارەگای سەرۆک کۆمار و ئاگریان تێبەردا. دوای ئەم ڕووداوە “گۆتابا راجاپاسکا” سەرۆک کۆمار و هەروەها “رانیل ویکرماسینگه”، سەرۆک وەزیرانی سریلانکا ڕایانگەیاند کە ڕۆژی ١٣ی ژووئیه (بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕ) واز لە پۆستەکانیان دێنن. هێزی خۆڕاگریی بەکۆمەڵی کرێکاران و بێبەشانی ئەم وڵاتە سەرەنجام سەرکەوتنێکی شکۆداریان بەدەست هێنا.

ئەم سەرکەوتنە لە باروودۆخێکدا دەستەبەر بوو کە وڵاتی سریلانکای هەڵکەوتوو لە باشووری ئاسیا، لەگەڵ قووڵترین قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە. کەمبوونی بێ وێنەی ماددەی خۆراکی و دەرمان و هەروەها تەوەرۆمی بێ وێنە و قەتعبوونی بەردەوامی بەرق، سریلانکای بەرەوڕووی بەرینترین ڕکوودی ئابووری کردووەتەوە و لە کاتی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە لە بریتانیا واتە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە وێنەی نەبووە. لە کاردانەوە دژبەم باروودۆخە، لە مانگی مارسەوە، ناڕەزایەتیی بەرین لەدژی باروودۆخی فەلاکەتباری ئابووری و گەندەڵی و تاڵانکاریی حکوومەت دەستی پێکرد. ناڕازیان لەم وڵاتە درێژەیان بە موقامەت و ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا و خوازیاری لەسەرکارلاچوونی سەرۆک کۆمار و کەنارەگیریی بنەماڵەی گەندەڵی راجاپاسکا لە دەسەڵاتی سیاسی بوون.

ئابووریی ئەم وڵاتە داڕماوە و دەوڵەت توانای دانی هەزینەی خۆراک و سووتەمەنی  و دەرمانی هاوردەکراوی نییە. فرۆشی بێنزین بە تەواوی ڕاگیراوە. مەدرەسەکان داخراون و کاری پزیشکی و نەشتەرگەری بەهۆی کەمبوونی دەرمان و کەرەستەی پێویست وەدوا دەخرێت و ئەنجام نادرێت. لە مانگی ئاوریلدا، یەکیەتیی ئەفسەرانی پزیشکیی دەوڵەت “باری نائاسایی تەندرووستیی نەتەوەیی”یان ڕاگەیاند. هەمووی ئەمانەش لە باروودۆخێکدان کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دوایانەدا هۆشداری داوە کە ئەم وڵاتە لەگەڵ قەیرانێکی مرۆیی بەرەوڕووە. ڕێژەی تەوەرۆم ڕێکۆردی مێژوویی تێپەڕاند و گەیشتە سەرووی ٥٠ لەسەد و نرخی خۆراک پێنج بەرابەر چووەتە سەرێ. ئەمەش بەو مانایەیە کە دوو لەسەر سێی کرێکاران و بێبەشانی  ئەم وڵاتە لەگەڵ کێشەی جیددیی دابینکردنی خۆراک بەرەوڕوون. بڵاوبوونەوەی ڤایرووسی کۆرۆنا  لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی خۆراک و سووتەمەنی بەهۆی شەڕی ئۆکراین، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سریلانکاشی پەرەپێداوە.

ئەم گۆڕانکارییانە بەستێنە بابەتییەکانی تووڕەیی و ڕاپەڕینی گشتیی خەڵکی تەنگدەستی لێ کەوتەوە و دەیان کەسی ناڕازی و وەگیان هاتووی هێنایە سەر شەقامەکانی کۆلۆمبۆ، گەورەترین شاری سریلانکا. سەرەڕای کەمبوونی سووتەمەنی، هەزاران کەس لە سەرانسەری وڵات بەیانیی ڕۆژی شەممە بە کامیۆن و ئۆتۆبووس هاتنە ناوەندی شاری کۆلۆمبۆ تا لە گەورەترین خۆپیشاندان دژبە سەرۆک کۆماری بەشداری بکەن. لە حاڵێکدا کە بەردەوام بە ژمارەی خۆپیشاندەران زیاد دەبوو و فشاریان زیاتر دێنا، پۆلیس دەستی کرد بە هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ. بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی ناڕازییانی تووڕە کە بەرەو بینای سەرۆک کۆماری حەرەکەتیان دەکرد، مەهار بکەن. ناڕازیان سەرەتا بەربەستەکانی پۆلیسیان تێکشکاند و پاشان هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەرۆک کۆمار. یەکێک لە خۆپیشاندەران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێرییەکاندا وتی: بۆیە هاتووە لەم خۆپیشاندانەدا بەشداری بکات چونکە دوو منداڵی ساوای هەیە و “هیچ خواردنێکی لە ماڵێدا نییە.” ئەو کە بەخاتری دیتنی ماڵی سەرۆک کۆمار سەری سووڕمابوو و لە حاڵێکدا کە دەیبینی خەڵکی سریلانکا لە چ ڕەنج و مەینەتدا بەسەر دەبەن، وتی: حاکمان و کاربەدەستانی حکوومەت “هیچیان کەم نەبوو. دیوی لوکس، حەوزی مەلێ و گازی ئاشپەزییەکەیانم بینی. ئەوان تەنانەت ژمارەیەکی زۆریشیان ئاژەڵی ماڵی هەیە.” بەشداربوویەکی دیکە وتی: “من لە ماڵی سەرۆک کۆمار  دیتم کە چۆن بە پارەی ماڵییاتدەران چێژی لە ژیانی وەردەگرت، بەڵام ئێستا وەک سەگی ترسنۆک خۆی شاردووەتەوە. سەرۆک کۆمار هەڵاتووە، چونکە دزە.”

هەواڵنێریی فەڕانسە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بەرلە هێرشی خۆپیشاندەران، “گوتابایا راجاپاسکا”یان بۆ شوێنی ئەمن گواستووەتەوە. بەپێی ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە ناوبراو دوای هەڵاتن لە شوێنی مانەوەی، ڕەوانەی کەشتییەک کراوە کە بەرەو ئاوەکانی ناوچەیەکی باشووری سریلانکا لە حەرەکەتدا بووە. لەم باروودۆخەدا، سەرۆک کۆمار لەڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە ڕایگەیاند کە لە ١٣ی ژووئیەدا واز لە پۆستەکەی دێنێت تا “ئینتقالی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات” زەمانەت بکات. راجاپاسکا پێشتر کەسێکی نیزامی بووە و لە سەردەمێکدا کە وەزیری بەرگری بووە بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ تۆمەتبار کراوە. ئەو چەندین مانگ بوو کە حازر نەبوو واز لە پۆستەکەی بێنێت. ڕاگەیاندنی دەست لەکار  کێشانەوەی ناوبراو کۆتایی بە دوو دەیە دەسەڵاتی تاڵانکەرانە و دیکتاتۆریی بنەماڵەی ڕاجاپاکسا بەسەر سریلانکادا دێنێت. ئەگەرچی خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتووی ئەم وڵاتە هێستاش لە گێژاوی قەیران و هەژاری و فەلاکەتدا گرفتارن و چارەنووسی داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی ناڕوونە، بەڵام ئەم ڕووداوە هەنگاوێک بەرەو پێشە و بۆ ناڕازییانێک کە چەندین مانگ بوو خوازیاری ئیستعفای سەرۆک کۆمار بوون، سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. ئەم خەبات و موقاومەتە جەماوەرییە دەتوانێ تا گەیشتن بە هەموو خواستە ڕەواکان و ڕزگاری لە قەیران و ناسەقامگیری درێژەی بێت.

لە جەرگەی شەڕی ئیمپریالیستی و کێبەرکێیی تەسلیحاتیی دەوڵەتانی سەرمایەداری لەئاستی جیهاندا کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونی سووتەمەنی و خۆراکی پێویستیی خەڵکی جیهان و گرانی و تەوەرۆمی هەوسارپچڕاوە، ناڕەزایەتی و موقاومەتی جەماوەری دژبە نابەرابەری و گرانی و بێسەرەوبەرەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەری هەڵداوە و مەسیری خەبات دژبە باروودۆخی ئێستا و بەربەرییەتی سەرمایەداریی گرتووەتە بەر. ناڕەزایەتی و ئاخێزی جەماوەری ڕێگای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە خوارەوەیە و شەپۆلە سەرەتاییەکانی لە گۆشە و کەناری جیهان وەڕێکەوتووە و بێگومان زیاتریش پەرە دەستێنێت. کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانیش کە لە زەلکاوی هەژاری و گرانی و تەوەرۆم، دیکتاتۆری و بێعەداڵەتی و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا گرفتارن، ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژە و پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان و موقاومەت و خەباتی جەماوەری لە شەقام و شوێنی کار و ژیانیان نییە.