لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز و مەریوان لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی بانە بریندار بوون کە ٣ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئیسلامی بریندار کراون.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی دەورە قەڵا سەر بە شاری سەقز بە ناوی بارام شامحەممەدی تەمەن کە باوکی دوو منداڵیشە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری کێلێی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕ و لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی تەمووغە سەر بە شاری سەقز بە ناوی سەعدی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری ڕژیم لە بەشی شانیەوە بە سەختی بریندار بوو .
هەمان ڕۆژ، ڕەشید جامخانە خەڵکی گوندی گوێڵە سەر بە شاری مەریوان لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەرتەزێنی شاری بانە بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە دەست و لاقی بە سەختی بریندار بووە و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەقز کراوە.
هەروەها، لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ و لە سنووری کێلێی بانە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئاکۆ تەڵایی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیم بریندار بوو و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی ئەیووب جەوانپوور بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بە توندی بریندار بووە.