فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ستراتێژی توندکردنەوەی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی تێکبشکێنین
پێنجشەممە ۲۳-۰۴-۱۴۰۱   |  14-07-2022

لەگەڵ درێژەی مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینکراوان و موعەلیمان و ژنان و شەپۆلی تووڕەیی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە لە ناڕەزایەتی دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرکوتگەرییەکانی پەرەپێداوە. دەوڵەتی ڕەئیسی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران کە لە پێکەوە پەیوەست بوونی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە نیگەرانە و لە هەڵچوونی تووڕەیی جەماوەر و تێکەوەپێچرانی بارگە و بنەی دەسەڵاتی سەرمایەی ئیسلامی ترساوە، سیاسەتی توندکردنەوەی سەرکوتی هەم وەک تاکتیکت و هەم وەک ستراتێژ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتییەکان گرتووەتە بەر. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، بەیانیی ڕۆژی سێزدەی مانگی پووشپەڕ بە ئامانجی ترس وەبەرنان و ڕێگری لە مانگرتنی کرێکارانی ناوەندی مسی سونگون وەرزەقان، دوو کرێکارییان دەستبەسەرکرد. ڕۆژی هەینی ١٧ی مانگی پووشپەڕ، محەممەد ڕەسووڵ ئۆف و مستەفا ئالی ئەحمەد، دوو فیلمسازی ئێرانی و لە واژۆکارانی بەیاننامەی ناڕەزایەتیی “چەکەکەت دانێ”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران. ئەم دوو دەرهێنەرە بە تۆمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەیاننامەی “چەکەکەت دانێ” لە دوای ڕووخانی بورجی مێترۆپۆلی ئابادان، دەستبەسەرکران. دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕ هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی چەندین کەس لە دادخوازانی خەزەڵوەری ٩٨ و دەستگیریان کردن. ناهید شیرپیشە، دایکی پووپا بەختیاری لە کوژراوەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و سەعید داموەر، برای وەحید داموەر یەکێکی تر لە کوژراوەکانی خەزەڵوەری ٩٨یش لەناو دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایانەدان. هاوکات بەیانیی دووشەممە هەشت کەس لە هاووڵاتییانی دانیشتووی شاری بانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەمشارە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نامەعلووم کران.
پەرەسەندنی کەشوهەوای سەرکوت و شەپۆلی ئەم دوایانەی ڕەشبگیرییەکان لە باروودۆخێکدایە کە لەماوەی هەفتتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە سەندیکا و یەکیەتییە کرێکارییەکانی جیهان لە ناڕەزایەتی دژبە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران لەوانە وەزعییەتی ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی، جەعفەر ئیبراهیمی، ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، ڕەسووڵ بۆداقی، محەممەد حەبیبی، حەسەن سەعیدی، ئیسکەندەر لۆتفی، شەعبان محەممەدی، کەیوان مۆهتەدی و مەسعوود نیکخاه و والە زەمانی نیگەرانییان دەربڕیوە و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجیان بوون.
گومان لەوەدا نییە کە ئەم شەپۆلەی دەستبەسەرکردنە بەشێکی جیانەکراوەی ستراتیژی چڕکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوتگەری دەوڵەتی ڕەئیسی و سوپای پاسدارانە بۆ ڕێگری لە ڕەوتی پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران کە مانەوەی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە گرتن و زیندانی کردنی ڕێبەران و ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆمەندانەی کرێکاران و مامۆستایان و لە لایەکی دیکەوە بە دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ژنانی تێکۆشەر کە یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە، دەیەوێت خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتووی ئێران چاوترسێن بکات. ڕێژیم بەم ڕێوشوێنانە دەیەوێت پێش بە پەرەسەندنی هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی خەباتکارانە لە سەرانسەری ئێران و لە کوردستاندا بگرێت کە هەمیشە قەڵایەکی گرینگ بووە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان لە ئێران.
حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لەژێر گوشاری مانگرتنی بەردەوامی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا کە هاواری مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ ڕەئیسی بەردەوام دەڵێنەوە، هیچ ئۆتۆریتەیەکی نەماوە. ئەم ڕێژیمە بەجۆرێک متمانەبەخۆیی لەدەست داوە کە زمزمەی نەیارانی ناو ڕیزە یەکدەستکراوەکەی خۆشی تەحەمول ناکات. ئەم ڕێژیمە دەیەوێت لەوپەڕی داماویدا بە توندکردنەوەی فەزای ئەمنییەتی و دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بە ئێعدامی زیندانییانی بێدیفاع، توانای ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی خەڵکێک بکێشێت کە لە مەنگەنەی بێکاری و هەژاری و گرانی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گرفتارن. ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردن و پەرەپێدانی فەزای سەرکوت نەک نیشانەی توانا و هێزی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵکوو بەپێچەوانەوە کردەوەیەکی ڕەزیلانە و لە ڕووی داماوییەوەیە لە جەرگەی قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنەکدا کە تێیدا گرفتارە.
واقعییەت ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و دەوڵەتی ڕەئیسی و سپای پاسداران بە ستراتێژی سەرکوت و پەرەپێدانی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئێعدامی زیندانییان ناتوانن پاشەکشە بە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتیی جەماوەری بکەن. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ بزانێت کە ساڵەهاییە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەورانی ترس و وەحشەت لە ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییان وەپشت سەر ناوە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم ماشێنە سەرکوتە بەکردەوە زەمینگیر بکرێت و لەکار بخرێت. بێگومان تەنیا ڕێگایەک کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم لەکار بخات مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و پێکەوە پەیوەست بوونی شەپۆلە خرۆشانەکانی خەباتە. هەر لەسەر ئەم ئەساسە، چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاران، چالاکانی ژینگەپارێز و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران، دەتوانن بە دەرس وەگرتن لە ئەزموونی پێشووی خۆیان لە بواری ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری، بە دەورونەخشی خۆیان ستراتێژی سەرکوتی ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی ئێران تێکبشکێنن.