ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕ بەرابەر لەگەڵ ١٤ی ژووئیه، دادگای ستۆکهۆڵم لە سۆئێد، بڕیاری سەرەتایی حەمید نووری، دادیاری پێشووی زیندانی گوهەردەشت و یەکێک لە بەکرێگیراوانی جەنایەتکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند. ئەم دادگایە حەمیدی نووریی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد. بەپێی حوکمی ئەم دادگایە حەمیدی نووری بێجگەلە زیندان، بە دانی غەرامەت بە بنەماڵەی گیان بەختکردووانی ساڵی ٦٧ مەحکووم کراوە و دوای کۆتایی دەورانی زیندانەکەی لە وڵاتی سۆئێد دەردەکرێت و ڕێگەی پێ نادرێت بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە.
حەمید نووری بە ناسناوی “حەمید عەباسی” لە جەرەیانی سەفەر بۆ وڵاتی سۆئێد، لە ڕۆژی شەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بەرابەر لەگەڵ ٩ی نوامبری ٢٠١٩ لە فڕۆکەخانەی ئارلاندای ستۆکهۆڵم بە حوکمی دادسەرای ئەمشارە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. دادستانی سۆئێد ٥ی مانگی گەلاوێژ لە ڕاگەیەندراوێکدا لەژێرناوی “بەدواداچوونی تاوانەکانی شەڕ لە ئێران” هەواڵی ڕادەستکرانی کەیفەرخواستی حەمید نووریی بۆ دادگای ستۆکهۆڵم بەڕەسمی ڕاگەیاند. بەپێی ئەم کەیفەرخواستە حەمید نووری بەهۆی هاودەستبوونی لە کوشتاری بەندکراوانی سیاسیی دەیەی شەست و ساڵەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، بە تاوانی شەڕ و پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی و قەتڵ تۆمەتبار کرابوو. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی یەکێک لە بێوێنەترین موحاکمەکانی مێژووی وڵاتی سۆئێد لە یەکێک لە دادگاکانی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەم وڵاتە دەستی پێکرد. دۆسیەی دە هەزار لاپەڕەیی کوشتاری زیندانییانی سیاسی لەلایەن خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی کە حەمید نووری تێیدا دەستی بووە، لەلایەن تیمێک لە شارەزایان و کارناسانی مافی نێونەتەوەیی، کۆمەڵناس، دەروون ناس و ئسلام ناس درایە بەر لێکۆڵینەوە. دادگای ستۆکهۆڵم دوای زیاتر لە ٩٠ دانیشتن بە ئامادەبوونی دەیان سکاڵاکار و لێکدانەوەی وردی بەڵگەکان کە ٩ مانگی خایاند، هیچ کام لە دیفاعییاتی حەمید نووری و پارێزەرەکانی قەبووڵ نەکرد و هەوڵ و کارشکێنێکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە سووک و نزم لە قەڵەم دا و سەرەنجام دەنگی بە مەحکووم کردنی حەمیدی نووری دا.
دادگای حەمیدی نووری وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی قەتڵوعامی زیندانییانی سیاسیی دەیەی شەست، لەڕاستیدا دادگایی کردنی غیابیی سەران و دامەزرێنەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو کە بڕیاردەر و ڕێکخەری سەرەکیی کوشتن و دەفنی قوربانییان بوون لە گۆڕە بەکۆمەڵە بێ ناو و نیشانەکاندا. بەڵگەکانی ئەم دادگایە بە وردی نیشانیان دەدا کە کوشتاری زیندانییانی سیاسی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی و لەلایەن هەیئەتێکی تایبەت کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناوبانگی دەرکرد ئەنجام دراوە. ئەم هەیئەتەش لە مورتەزا ئەشراقی (دادستانی ئەوکات)، ئیبراهیم ڕەئیسی (جێگری ئەوکاتی دادستان)، حسێنعەلی نیری (حاکمی شەرعی ئەوکات) و مستەفا پوور محەممەدی (نوێنەری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین) پێکهاتبوو.
دادگاییکردن و سزادانی حەمید نووری بەڵگەی یەکێک لەو جەنایاتە خۆفناکانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام دراوە. ٣٤ ساڵ لەمەوبەر لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، ڕێژیمی ئیسلامی دەستی دایە جەنایەتێک کە هێستاش ئاسەوار و بەڵگەکانی سەلمێنەری قەساوەت و وەحشیگەریی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامین. خومەینی و ڕاوێژکارانی سەرەکیی واتە ڕەفسەنجانی، خامنەیی و ڕووحانی کە پاش شکستی زەبوونانەی ڕێژیم لە شەڕی کۆنەپەرەستانەی لەگەڵ عێراق، نیگەرانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری ئێران بوون، بە ئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵکی وەگیان هاتوو لە شەڕ و فەلاکەتی ئابووری، بۆ کوشتاری بەندکراوانی سیاسی بەرنامەڕێژییان کرد. پڕۆژەی قەتڵوعام و کوشتاری بەندکراوانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە ڕۆژی هەینی ٢٨ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ تەنیا یەک ڕۆژ پاش نۆشینی جامی ژەهر و قەبووڵ کردنی ئاگربەستی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، بە فەرمانی خومەینی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی دەستیپێکرد. هەیئەتی مەرگ بەرپرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی کوشتنی زیندانییانی سیاسی بوو. لەم ڕۆژەدا پەیوەندیی زیندانە سەرەکییەکانی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوە بە یەکجاری پچڕا و لە ماوەی دوو مانگدا جەنایەتێک ئەنجام درا کە کۆمەڵگەی ئێرانی تا ساڵانێکی زۆر نوقمی خەم و پەژارە کرد.
دوای ئەم جەنایەتە خۆفناکە، سەرانی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی بێڕەحمیدا جەستەی بێ گیانی ئەم ئازیزانەشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرد. دایکان و بنەماڵەی ئەم قوربانییانە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران ئەم وەحشیگەرییەی ڕێژیمی ئیسلامییان هیچکات فەرامۆش نەکرد و دەستیان لە دادخوازی هەڵنەگرت. بەم ئیعتبارە دادگایی و مەحکوومییەتی حەمیدی نووری دەستکەوتێکی مێژوویی و خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ بزووتنەوەی دادخوازیی خەڵکی ئێران لە خەباتی بەردەوامیاندا بۆ موحاکمەکردنی جەنایەتکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم دەستکەوتە پێویستە لە دایکان و بنەماڵەی گیان بەختکردووان و بزووتنەوەی دادخوازی پیرۆزبایی بکرێت و هەوڵ بدرێت بە مەحکوومکردنی حەمید نووری لە پڕۆسەیەکی شەفافی یاساییدا، دەنگی بزووتنەوەی دادخوازیی ئێران ڕەساتر لە هەر کاتێک بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەندرێت. مەحکوومییەتی حەمیدی نووری بۆ جارێکی دیکە داغی شەرمەزاری و ڕسوایی لە ناوچاوانی هەموو دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا واتە داکۆکیکارانی درۆیینی مافی مرۆڤ دا. مەحکوومییەتی حەمید نووری کە لاپەڕەیەک لە کارنامەی جەنایەتکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەئەژمار دێت، هەموو دەوڵەتانی ڕۆژاوای بەرەوڕووی ئەم پرسیارە کردەوە کە چۆن دەبێت ئیراهیم ڕەئیسی ئەندامی هەیئەتی مەرگ لە کوشتاری ٦٧ و لە بڕیاردەرانی تاوان دژبە مرۆڤایەتی، سزای بەرنەکەوێت و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا وەک سەرۆک کۆمار قەبووڵ بکرێت.
مەحکوومییەتی یەکێک لە بەکرێگیراوانی جەنایەتکاری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی ئێران لە باروودۆخێکدایە کە ڕێژیم لە قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست و پێ لێ دەدات و لە وڵامدانەوە بە خواستە سەرەتاییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بێتوانایە و لەژێر گوشاری مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەریدا کەوتووەتە مەنگەنەوە و یەکڕیزیی ناوخۆیی لەدەست داوە. بێگومان لە ڕەوتی پێشڕەویی و گەشەی خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئامادە دەکرێت و ئەم ڕێژیمە دەڕووخێندرێت و سەرکردە و مۆرە جەنایەتکارەکانی لە دادگای خەڵکدا بەپێی تاوانەکانیان سزا دەدرێن.