سەفەری چوار ڕۆژەی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەرگەی باروودۆخی پڕلە ئاڵوگۆڕی جیهان و ناوچەکەدا ئەنجام درا. ئەم ئاڵوگۆڕانە هەم کاریگەریی بەرچاویان لەسەر باروودۆخی جیهان داناوە و هەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەناو کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری و سیاسی و گرژیی ژێئۆپولیتیکی و ڕەقابتی بەینی دەوڵەتیدا نوقم کردووە. بایدن لە سەفەری بۆ ئیسرائیل و پاشان بۆ عەرەبستان سعوودی و دیداری لەگەڵ سەرانی هێندێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بە شوێن سێ ئامانجەوەیە کە بە کورتی گرنگترین پێکهاتەکانی دەخەینەڕوو.
لە ناو ئەو ئامانجە ستراتیژیک و درێژخایەنانەی کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەدوایدا دەگەڕێت، مەسەلەی نەوت یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی گەشتەکەی بایدن بۆ عەرەبستان. لە جەرگەی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و باقیی سووتەمەنییەکان، هەم قەیرانی سەرمایەداری چڕتر بووەتەوە و هەم ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دژبە کەمبوون و گرانیی بێ سنووری سووتەمەنی، لە زۆر شوێنی جیهان سەریهەڵداوە و پێشبینی دەکرێت کە پانتایی ئەم ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییانە بەرینتر ببنەوە. لەم ڕووەوە، زیادکردنی بهرههمهێنانی نهوت بووهته نیگەرانیی سهرهكی ئهمریكا و زلهێزه گهورهكانی دیكهی سهرمایهداری. دیپلۆماتێکی باڵای پێشووی ئەمریکا لە ماڵپەڕی سی ئێن ئێندا نووسیی: “ڕوونە کە ئەگەر داگیرکارییەکانی ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی نەبوایە، ڕەنگە ئێستا بایدن ئەم گەشتەی ئەنجام نەدابوایە”. هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە یاداشتێکی شیکاریدا چوارشەممەی ڕابردوو نووسیی: “لە حاڵێکدا کە پێشبینی ناکرێت هیچ ڕێککەوتنێکی ڕوون لەسەر زیادکردنی بەرهەمی نەوتی سعودیە ڕابگەیەنرێت، بەرپرسان دەڵێن بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە یەک دوو مانگی داهاتوودا ڕووبدات”. ههروهها له كاتێكدا میدیاكانی حكوومهتی چین سهردانهكهی بایدنیان بۆ سعودیه به “سواڵكردنی نهوت” وهسف كردووه، نەشناڵ دیفێنس جورناڵ نوسیویهتی کە: “ئامانجی سەرەکی گەشتەکەی بایدن ئەوەیە کە سعودیە بتوانێت بەرهەمی نەوتی خۆی زیاد بکات بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بکات.”
ئامانجێکی دیکەی گەشتەکەی بایدن و سیاسەتێکی ستراتیژیکی دیکەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێنانی بلۆکی نوێیە لە نێوان هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا. شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کشانەوەی بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی لە ناوچەکە، جۆرێک لە “بۆشایی دەسەڵات”ی دروست کردووە و بەهۆیەوە زلهێزە گەورەکانی دیکەی جیهان و ناوچەکە و گرووپەکانی ئیسلامی سیاسیی چەکدار و ڕێکخراو، خەریکی پێکهێنانی بلۆکبەندییەکی نوێن. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، دیارترین نموونەی پێکهێنانی بلۆکی نوێیە کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی کەمڕەنگبوونەوەی حزووریی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بووە. بایدن لەم سەفەرەدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەشوێن ئەو ئامانجەوەیە تا ڕەوتی ئاساییکردنەوە و هاوپەیمانیەتی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەرزەفڕییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە ئاسان بکاتەوە و بەهێزی بکات. بناغەی ئەم هاوپەیمانییە لە قالبی “پەیمانی ئیبراهیم” لە سێپتامبری ٢٠٢٠دا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ترامپ وەک ڕێکەوتننامەی ئاشتیی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کۆشکی سپی داڕێژڕا. دواتر وڵاتانی بەحرەین، سوودان و مەراکش بەم پەیمانە پەیوەست بوون و ڕێکەوتننامەیان بە ئامانجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەبواری دیپلۆماسی، سیاسی، نیزامی و ئابووری لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل واژۆ کرد. ئەم ڕەوتە هەروا لە حاڵی پەرەسەندن دایە، بەجۆرێک کە پادشای ئۆردۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکا، باسی لە زەروورەتی پێکهێنانی یەکیەتیی ئەمنییەتی – نیزامیی “ناتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کرد. ئەگەرچی هەواڵی کۆبوونەوەی نهێنیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دزەی کردووەتە میدیاکانەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی بایدن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئیسرائیل و سعودیە هەوڵێک بووە بۆ ئەوەی سعودیە بچێتە پاڵ “رێککەوتنەکانی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل”. هەرچەندە باسکردن لە پێکهێنانی “ناتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” زۆر پێشبینیکراو نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا لە هەوڵی دروستکردنی جۆرێک لە هەماهەنگی و یەکگرتن لە نێوان هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دایە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییە درێژخایەنەکانی بەرامبەر بە ڕەقیبە ناوچەیی و جیهانییەکانی بپارێزێت و سەقامگیری بکات. گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بۆ قەبووڵکردنی بووژاندنەوەی ڕێکەوتنی بەرجام و هەوڵ بۆ سنووردارکردنی دەخاڵەتگەرییەکانی لە ناوچەکە، یەکێک لەم ئامانجانەیە.
لەم پێوەندییەدا، بایدن لە کۆتا ڕۆژی دیدارەکەیدا لە “جدە” لەگەڵ شەش وڵاتی کەنداوی فارس و هەروەها میسر، ئوردن و عێراق، ڕایگەیاند: “ئێمە ناکشێینەوە و ڕێگە نادەین بۆشایییەک بۆ (نفووزی) چین، ڕووسیا یان ئێران دروست بێت. ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڕاست وەک هاوبەشێکی چالاک هەروا دەمێنێتەوە.” بێجگە لە هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی دەستێوەردانی سەربازی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجێکی دیکەی سەفەری بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشگرتنە لە پەرەسەندنی کاریگەریی زلهێزە ڕەقیبەکانی چین و ڕووسیا لە ناوچەکەدا. بایدن پێش گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یاداشتێکدا لە ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” نووسیی: “پێویستە بەرەنگاری دەستدرێژییەکانی ڕووسیا ببینەوە و خۆمان بخەینە باشترین پێگەوە بۆ ئەوەی وەپێش چین بکەوین” و هەوەرها جەختیشی کردبۆوە کە ئەم سەفەرە بۆ ئەمنییەتی ئەمریکا و “ڕەقابەت لەگەڵ چین” “یەکجار گرینگ”ە. ئەم لێدوان و نیگەرانانییانە لەو واقعییەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، پێ بە پێی ئەوەیکە دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا بەردەوام سوڵتە و نفووزی سیاسی و ئابووریی خۆیان بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەپێداوە، چینیش وەک دەسەڵاتێکی تازەپێگەیشتوو هاتووەتە ناو هاوکێشەکانی ناوچەکەوە و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و ئەمریکای (بەتایبەت لەبواری ئابوورییەوە) بردووەتە ژێر پرسیارەوە و لە حاڵی پەرەپێدانی پەیوەندی و هێزی زیاتردایە. زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە (تەنانەت هاوپەیمانە ستراتیژیکەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا) ئێستا بوونەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین. وەبەرهێنانەکانی چین لەم ناوچەیەدا ڕەوتێکی تەساعودیی هەبووە و بەکردەوە بەشێکی گرنگی پڕۆژەی “ڕێگای ئاوریشمی نوێ”ی پێکدەهێنن. هەربۆیە ئەمریکا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بەرامبەر بە نفووزی “پڕۆژەی کەمەربەند و جادەی” چین بەهێز بکات و لە بەرامبەریدا “ستراتێژی هێند – ئوقیانووسی ئارامی” ئەمریکا پەرە پێ بدات. لە کاردانەوە بە پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئابووری و بەرەوپێشچوونی زیاتری چین، لە دوایین کۆبوونەوەی جی حەوتدا لە ئاڵمان، جۆ بایدن دەستپێکردنی پلانی “هاوبەشی بۆ ژێرخان و وەبەرهێنانی جیهانی” ڕاگەیاند، کە ئامانجی تەرخانکردنی ٦٠٠ ملیارد دۆلارە تا ساڵی ٢٠٢٧ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی نفووزی چین لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا.
لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتە ژێئۆپۆلیتیکیانە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە یەکێک لە گرنگترین و پڕ ڕەونەقترین بازاڕەکان بۆ فرۆشتنی تەسلیحاتی نیزامی و جەنگیی زلهێزە ئیمپریالیستەکان. ئەم ناوچەیە بەردەوام لەناو زەلکاوی شەڕ و ڕقابەتی نێوان دەوڵەت و گرووپە کۆنەپەرستەکان، کوشتار و نائەمنی و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نوقم بووە. بێگومان چارەنووسی کرێکاران و ستەملێکراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ و ململانێی نێوان حکوومەتە سەرمایەدار و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و جیهان دیاریی ناکات. خەباتی سەربەخۆ و ریشەیی بێبەشان بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆریی سیاسی و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت ئاسۆیەکی ڕوون و مێژوویەکی گەش بۆ ناوچەکە بەدیاری بێنێێت. گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە ئێران لەڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و زەحەمەتکێش و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆسیالیستی، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی هیوابەخش لە ئالوگۆڕە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.