فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تەنیا بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرین و سەرانسەری، ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر دەکرێت
چوارشەممە ۲۹-۰۴-۱۴۰۱   |  20-07-2022

خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان دژبە زیادنەکرانی حقووقەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە، بۆ جارێکی دیکە ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕ، لە ٢٤ شاری ئێران کۆبوونەوە. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کەرەج، ئەهواز، ئیسفەهان، ئەراک، بابۆل، مەشهەد، تەورێز، زەنجان، کرمان، ئیلام، خوڕەمشار، تاران، خوڕەمئاباد، شوشتەر، سیرجان، ئەردەبیل، ڕەشت، ڕامهۆرموز، ساری، کرماشان، بیرجەند، هەمەدان، قەزوین و دێزفول بەڕێوەچوون و ئەم شارانە بوونە دیمەنی بەشداریی بەرینی خانەنشینکراوانی ناڕازی. ئەوان لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیاندا زیاتر لە یەک مانگە هەموو ڕۆژێ دەست دەدەنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. واقعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای بردنەسەرەوەی دوو ملیۆن و هەشتسەد هەزار تمەنیی حقووقەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، لانیکەمی حقووقی حەفتا و پێنج لەسەدی خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری و موستەمەریی خانەنشینکراوانی کشوەری دوو و نیو بەرابەر لەژێرهێڵی هەژاری دایە. ئێستاش لەگەڵ چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری تەوەرۆم و بەتایبەت لاچوونی دراوی تەرجیحی لەسەر دەرمان و پێداویستیی تەندرووستی و شەش قەڵەم لە کاڵا پێویستەکانی خەڵک لەوانە گەنم، گەنمەشانی، سۆیا، ڕۆن، دانەی ڕەوغەنی و چوونەسەرەوەی قیمەتی نان، هیچ سەیر نییە کە سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکی ڕێژیم لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا، بەردەوام خانەنشینکراوان بێنە سەر شەقامەکان. ئەوان زۆر جار لە ئاست کەمبوونی بوونی حەقدەست، بەتاڵانچوونی سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی و خانەنشینی و چوونەسەرەوەی بەردەوام و ڕۆژانەی هەزینەکانی ژیان، زیادنەکرانی حقووقەکانیان لە چەند نەوبەت لە ساڵدا بۆ جوبرانی تەوەرۆم، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری درێژەی خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی و پێویست و مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و ئازادن. لە هەمان حاڵدا خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی تەرحی بردنەسەرەوەی دە لەسەدی حقووقی غەیری حەدی ئەقەل بگیران و جێبەجێکردنی موسەوەبەی بردنەسەری ٥٧ لەسەدی حقووقەکانیان و هەروەها خوازیاری پەرداختی قەرزی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ملیارد تمەنیی دەوڵەتەکانی ئێران، لە نیوەی دەیەی ٥٠وە هەتا ئێستان.
لە کاتی بڕیاری دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیەوە بۆ بردنەسەرەەوەی دە لەسەدیی حقووقی خانەنشینکراوانی غەیری حەدی ئەقەل بگیر، حەفتەهایە کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرین لە شارەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت. ئەوان لە ناڕەزایەتییەکانیاندا بە درووست ڕایانگەیاندبوو کە “تەنیا لەسەر شەقامەکان دەگەین بە مافمان” و هەمیشە داخوازییەکانیان بێ وڵام مابۆوە، هەربۆیە بەم درووشمەیان پێبەند مانەوە و بیست و پێنجی مانگی پووشپەڕ بۆ جارێکی دیکە هاتنەوە سەر شەقامەکان. ئەوان لە پەنا خواستە هەمیشەکانیان کە لە وتاری نوێنەران و درووشمەکانیاندا بەردەوام ڕەنگی داوەتەوە، مەرگ و نەمان بۆ ڕەئیسییان وتەوە و بە دەنگی ڕەساوە هاواریان کرد کە “ئیسماعیل گرامی دەبێت ئازاد بکرێت”. خانەنشینکراوان فەرامۆشیان نەکردووە کە یەکێک لە هاوڕەزمەکانیان، کرێکاری خانەنشینکراوی شەست و حەوت ساڵەیە کە نزیکەی حەفدە مانگە بە بێ مەرەخەسی زیندانی کراوە و ئێستا حەفتەهایە کە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. بەڵام وڵامی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە ناردنی هێزی ئینتزامی بۆ سەرکوتی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بوو. تەنیا لە تاران دەیان کەس لە ناڕازیان دەستبەسەرکران. لە کەرەج مەئموورانی حکوومەت هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان و هەوڵیان دا چالاکان دەستگیر بکەن. بەڵام خانەنشینکراوان یەکدەست و یەکگرتوو لە دەستگیریی یارانیان ڕێگرییان کرد و پاشەکشەیان بە مەئموورەکان کرد.
هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە سیاسەتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و بە بەند کێشانی چالاکانی ئەم ناڕەزایەتییانە بەتایبەت لە دوای هاتنەسەر کاری ڕەئیسیی جەلاد، بووەتە هەڵوێستی سەرەکیی ڕێژیم. لانیکەم لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، یازدەی مانگی گوڵانی ئەمساڵەوە بەرەو ئەملا، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. ڕێژیم بە بەڕێوەبردنی سێناریۆیەکی قیزەونی ئەمنییەتی نە تەنیا دوو ئەندامی سەندیکای فەڕانسەی کە وەک تووریست هاتبوونە ئێران دەستگیر کرد، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی بزووتنەوەی موعەلیمان و دوو ڕێبەری سەندیکای شیرکەتی واحیدی بەتۆمەتی “شێواندنی ئەمنییەتی وڵات” زیندانی کرد. ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی لە ئەندامانی سەندیکای واحید ئێستا چەندین هەفتەیە کە مانیان لە خواردن گرتووە. بەتایبەت حاڵی ڕەزا شەهابی بەهۆی کاریگەریی دەستگیرییەکانی ڕابردوو جێگای نیگەرانییە. کانوونی سینفیی موعەلیمان لە ناڕەزایەتی بەم دستگیرییانە دووبارە موعەلیمانی بانگەشەی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی سەرانسەری کرد کە لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتییانەدا ژمارەیەکی زۆر لە موعەلیمان لە شارەکانی ئێران دەستبەسەر کران. بەڵام شەپۆلی دەستگیرییەکان لێرەدا نەوێستا و بەدوایدا دوو فیلمسازی بەناوبانگی سینەمای ئێران، محەممەد ڕەسووڵ ئۆف و مستەفا ئالی ئەحمەد دەستگیر کران. بەناو تاوانی ئەم دوو دەرهێنەرە، ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئابادان لە جەرەیانی ڕووخانی بینای مێترۆپۆلدا بوو. هەروەها جەعفەر پەناهی کە بۆ ئاگاداربوون لە وەزعییەتی ئەوان سەردانی دادگا دەکات، خۆشی دەستگیر و زیندانی دەکرێت. بۆ دیفاع لێیان زیاتر لە چوارسەد هونەرمەند و ناوەندی نووسەران بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک وێڕای مەحکوومکردنی ئەم دەستگیرییانە خوازیاری ئازادییان بوون. لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی مانگی پووشپەڕیشدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بە هاودەستی لەگەڵ خاوەنکار هێرشیان کردە سەر کرێکارانی مەعدەنی مسی سونگون وەرزەقان و حەوت کەسیان لێ دەستگیر کردن و لەگەڵ کۆتایی مانگرتنەکە بیست کەسی تر لە کرێکارانیش دەستگیر کران.
سابیر زەمانی برای والەی زەمانی چالاکی کرێکاری لە یادداشتێکدا ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی دەستگیرکرانی ئەم چالاکە کرێکارییە نزیکەی یەک مانگ و نیو تێپەڕ بووە و سەرەڕای ئەوەیکە تووشی نەخۆشیی هێپاتیتی حاد و نەخۆشیی گوارشی بووە، نەتەنیا هیچ مولاقاتێکی حزووریی لەگەڵ بنەماڵەی نەبووە، بەڵکوو لە دەستڕاگەیشتنی بە پزیشک و دەرمانیش بێبەری کراوە. ئەو لە دوایین پەیوەندیدا ڕایگەیاندووە کە تەنیا یەکجار بۆ تێستی پزیشکی توانیویەتی پزیشک ببینێت و ڕۆژانە چەندین سەعات دەخرێتە ژێر بازجووییەوە و ماوەی دەستبەسەرکرانی بەردەوام درێژ دەکرێتەوە. لە نموونەیەکی دیکەدا محەممەد عەلی زەحمەتکێش، چالاکی بزووتنەوەی موعەلیمان، کە لە زیندانی عادڵ ئابادی شیرازدا ڕاگیراوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندرووستیی بۆ بێهداریی زیندان ڕاگوێزرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی مانگی پووشپەڕەوە لە ناڕەزایەتی بە درێژەی دەستبەسەری و ڕەعایەت نەکرانی ئەسڵی جیاکردنەوەی تاوانەکان دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. بەپێی هەواڵنێریی هرانا چوار زیندانیی سیاسیی ژن بەناوەکانی پەرەستوو موعینی، زەهرا سەفایی، فرووغ تەقی پوور و مەرزییە فارسی کە دەورانی مەحکوومیەتی خۆیان لە زیندانی قەرچەکی وەرامیندا تێدەپەڕێنن، لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەری کراون و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مەرزییە فارسی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. لە ڕۆژی چوارشەممە بیست و دووی مانگی پووشپەڕەوە سێ هاووڵاتیی دانیشتووی شارەکانی شنۆ، و پیرانشار بەهۆکاری نەزانراو دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نامەعلووم کراون. هاوکات ژمارەیەک لە ژنان کە دژبە هەفتەی “حیجاب و عیفات”ی ڕێژیم بوێرانە هاتبوونە سەر شەقامەکان و بە لابردنی حیجاب نەفرەتی قووڵی خۆیان لە سیاسەتەکانی ڕژیم دەربڕیبوو دەستبەسەر کران. لە هەمان حاڵدا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەدوای بانگهێشت بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەئاست ویشک بوونی دەریاچەی ورمێ لەئاکامی سیاسەتی دژە ژینگەی ڕێژیم، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی دانیشتووی شاری ورمێ و تەورێز دەستبەسەرکران.
هەموو ئەم داتایانە نیشانی دەدات کە ڕێژیم سیاسەتی سەرکوت و ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگەی کردووەتە ستراتێژی سەرەکیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. بەڵام هەمووی ئەمانە نەک نیشانەی هێز و توانای ڕێژیم بەڵکوو دەرخەری ترسێکە کە ئەم دەسەڵاتە لە ڕاپەڕینی بێبەشان و خەباتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان و ژنان و چالاکانی ژینگەپارێز هەیەتی. ئەم ترسەی ڕێژیم واقعییە. لەبەر ئەوەیکە لە بەرامبەر بەستێنی سەرهەڵدانی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، یەکجار لاوازە.
بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستراتێژی سەرکوت و ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگە، بێجگەلە سەرانسەری کردنەوەی ئەم خەباتە و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری بۆ هاوئاراستەکردنی خەبات چارەیەکی تریان نییە. تەنیا و تەنیا لەم ڕێگەوە ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر دەکرێت.