فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەوڵەتی بێلژیک هاوکاری تیرۆریسمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
یەکشەممە ۰۲-۰۵-۱۴۰۱   |  24-07-2022

سەرەنجام پارلەمانی بێلژیک شەوی چوارشەممە ٢٩ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی ژووئیەی ٢٠٢٢ بە زۆرینەی دەنگەوە پەیماننامەی جەنجاڵیی نێوان دەوڵەتی بێلژیک و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی پەسند کرد. بەپێی ئەم پەیماننامەیە مەحکوومکراوانی بە ڕەگەز خەڵکی ئەم دوو وڵاتە، دەگۆڕدرێنەوە و ڕێگەیان پێ دەدرێت تا بەناو دەورانی مەحکوومییەت و زیندانییەکەیان لە وڵاتی خۆیان تێپەڕێنن. گومان لەوەدا نییە کە بەپێی ئەم پەیماننامە قیزەونە، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتی تیرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هاودۆسیەکانی لە زیندان ئازاد دەکرێن و ڕەوانەی ئێران دەکرێنەوە تا لەوێ بەخاتری قەبووڵکردنی مەئموورییەتی تیرۆریستی، لەلایەن ڕێژیمەوە خەڵاتیان پێ بدرێت. لەبەر ئەوەیکە بەپێی ئەم پەسندکراوە، دەوڵەتێک کە زیندانییەکە تەحویل وەردەگرێت دەتوانێ سزاکەی کەم بکاتەوە و بەپێی یاسای ناوخۆیی بیبەخشێت و لە زیندان ئازادی بکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەسەدوڵڵا ئەسەدی بەپێی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بەتاوانی هەوڵ بۆ بۆمبڕێژکردنی کۆبوونەوەی سازمانی موجاهیدینی خەلق لە فەڕانسە بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەی ئەم دۆسیەیەش کە ئەوانیش ئێرانین وێڕای لێ وەرگرتنەوەی تابعییەتی بێلژیک، بە زیندان مەحکووم کراون.
ئەم پەیماننامە نەنگینە ئەگەرچی لەگەڵ کاردانەوەی توندی ئەحزاب و چالاکانی سیاسی و نزیکەی یەک لەسەر سێی نوێنەرانی پارلەمان، قازی و کەسایەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی بەرەوڕوو بووەوە، بەڵام دەوڵەتی بێلژیک بە فێڵ و فریوکاریی جۆراوجۆر، بە پارلەمانی پەسند کرد. سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پارلەمانی بێلژیک لە دژایەتیی لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە، ڕایگەیاند کە ئەمە تەنیا بۆ گەڕاندنەوەی تیرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێرانە و هۆشداری دا کە: “کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تیرۆریستە و ئەم گەڵاڵەیە دژی ئەو بایەخانەیە کە دەوڵەتی ئێمە لەسەر بینا کراوە”. لەم پێوەندەدا پێشتر ٩ قازی، دادستان و بەرپرسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئەورووپا لە نامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی بێلژیک کردبوو کە ئەم “پەیماننامە غەیرە ئەخلاقی”یە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵوەشێننەوە و لەگەڵ تەحویل دانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دژایەتییان کردبوو. هەروەها ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی بەرلە پەسندکرانی ئەم پەیماننامەیە بە دەرکردنی بەیانییەیەک هۆشداری دابوو کە: “ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرەنگاری چالاکیی نایاسایی و توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات نەبێتەوە، هەڕەشەکان دژبە گیان و ئەمنییەتی ڕۆژنامەوانان، جیابیران و چالاکانی سیاسیی نەیاری کۆماری ئیسلامی و مافی مرۆڤی ئێرانی کە لە دەرەوە دەژین، پەرە دەستێنێت”.
بەم حاڵەوە کاربەدەستانی بێلژیک لەوپەڕی بێشەرمیدا لەم پەیماننامە نەنگینە دیفاع دەکەن. بێگومان ئەمە بە مانای سازان لەگەڵ بارمتە گرتن و چاوپۆشی کردن لە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی ڕیاکاری و ئیدیعای درۆیینی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئەورووپاییە لە پشتیوانی کردنیان لە “دیموکراسی” و مافی مرۆڤ و ئازادی. سات و سەودا لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی بەمانای پێشێلکردنی یاسای بنەڕەتیی مەملەکەتی خۆیانە لەپێوەند لەگەڵ سەربەخۆیی سیستەمی قەزایی و نیشانەی داسەپاندنی ئیرادەی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکانە بەسەر دەزگای قەزاییدا. هەڵسووکەوتی موعامەلەگەرانەی بێلژیک و باقیی دەوڵەتانی ئەورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وەک چۆن زۆر جار بیندراوە، ئەم ڕێژیمە دژە ئینسانییەی لە دەستبردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی، ڕفاندنی مرۆڤ و بارمتەگیری جیددیتر کردووەتەوە. ئەم پەیماننامەیە دەبێتە هاندەری ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ بەدیلگرتنی خەڵکی بێ تاوان بە ئامانجی بەکارهێنانیان وەک ئامرازی موعامەلە لەگەڵ دەوڵەتانی تر. بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی، گەلێگ بەڵگە و نیشانە بوونیان هەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەحمەدڕەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەری ئێرانی – سۆئێدیی بەتۆمەتی سیخۆڕی بە “بارمتە” گرتووە و بەنیازە بۆ گوشار خستنە سەر دەوڵەتانی بێلژیک و سۆئێد بەئامانجی ئازاد کردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی و حەمید نووری، یەکێکی تر لە مەحکوومکراوانی کۆماری ئیسلامی، کەڵکی لێ وەربگرێت.
تیرۆر و ڕفاندن و هەڕەشە لە دەرەوەی وڵات یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ درێژەی دەسەڵاتە نگریسەکەی. هەڵبەت هەتا ئێستا زۆرێک لە عەمەلیاتە تیرۆریستییەکانی شکستیان خواردووە و مۆرە بەکرێگیراو و تیرۆریستەکانی ڕێژیم دستگیر و دادگایی و بە زیندان مەحکووم کراون. حکوومەتی ئیسلامی بە کردەوەی دژەئینسانیی بەبارمتەگرتنی کەسانی بێ تاوان و پەروەندەسازی بە تۆمەتی ساختە و بێبنەمای وەک سیخوڕی، هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی وڵات، تەبلیغ دژبە نیزام، سووکایەتی بە ڕێبەر و هیتر، ئەوان دەخاتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و لە دادگا فرمایشییەکاندا بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە مەحکوومیان دەکات. بەڵام وەک بارمتە ڕایاندەگرێت تا لە سەری وەختی خۆیدا لەگەڵ تیرۆریستە لەداوکەوتووەکانی خۆی لە وڵاتانی تر بیانگۆڕێتەوە و نموونەکەشی دوو چالاکی کرێکاریی فەڕانسەوییە کە دوو مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی “هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی وڵات” لە ئێران دەستبەسەرکران. بەبارمتەگرتن و ڕفاندنی مرۆڤ، کردەوەیەکی جەنایەتکارانەی دیکەی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە ئینسانە بێ تاوانەکان، کە دەکرێنە ئامرازی موعامەلەی ڕێژیمی ئیسلامی و ماوەیەکی زۆر لە تەمەن و ژیانیان لەناو زیندانەکانی ڕێژیم و لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بەفیرۆ دەچێت.