چوار مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕ لە ئۆکرایندا تێپەڕیوە. بەدەر لە ئامانجی لایەنەکانی ئەم شەڕە، دواهاتە مەترسیدارەکانی کاریگەرییان خستووەتە سەر هەموو جیهان. ئەوانەی کە لە کۆشکی کرێملین یان لە کۆشکی سپی و ناوەندەکانی بڕیاردانی ناتۆ دان و ساڵەهایە خەریکی ئامادەکردنی زەمینەکانی دەستپێکی ئەم شەڕەن، هۆکارە ڕاستەقینەکانی هەموو ئەو دواهاتانەن کە ژیانی ملیۆنان کەسیان خستووەتە مەترسییەوە. ڕەنگبێ لەسەرەتادا ڕووسیە لای وابوو کە بە هێرشێکی برووسکەئاسا لە زەوی ئاسمانەوە کیێڤ پایتەختتی ئۆکراین داگیر دەکات و دەوڵەتی دەستنیشاندەی خۆی دادەنێت و یان لانیکەم دەوڵەتێکی هاوئاراستە لەگەڵ ئیمپریالیسمی ڕووس دەخاتە سەر کورسیی دەسەڵات. ڕەنگبێ ئیمپریالیسمی ئەمریکا و سەرانی دیکەی ناتۆ هەروەک زۆر جار ڕایانگەیاندووە بەو هیوایە بوون کە “ئابووریی ڕووسیە نابوود بکەن” یان “دەسەڵاتی نیزامیی ڕووسیە هێندە لاواز بێتەوە کە توانای ڕەقابەتی لە بواری نێونەتەوەییدا نەمێنێت. بەڵام بەدەر لە هەر ئامانجێک کە دەستپێکەران و درێژەدەرانی شەڕ هەیانە، لە دنیای واقعیدا هەتا ئێستا ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئۆکراین ئاوارە بوون و ماڵ و شوێنی ژیانیان جێ هێشتووە. بەشێکی بەرین لە ژێرخانەکانی ئۆکراین لەناوچووە و لە زۆرێک لە شار و گوندەکانی ئەم وڵاتە ماڵەکانی خەڵک بەسەریاندا ڕووخاون و هەزاران کەس لەژێر بێتۆن و ئاسندا گیانیان لەدەست داوە. بەڵام ئەگەر لە ئۆکراینیش دوور کەوینەوە و چاوێک بەسەر شوێنەکانی دیکەی جیهاندا بگێڕین، تەنانەت ئەوانەی وا هەزاران کیلۆمیتر لە مەیدانی داغی ئەم شەڕە دوورن، دواهاتەکانیان بە گۆشت و پێستی خۆیان هەست پێ کردووە. چەند حەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی ئەم ڕێکخراوەدا سەبارەت بە ئەمنییەتی خۆراک وتی: “لە سەرانسەری جیهان چل و نۆ ملیۆن کەس لە چل و سێ وڵاتی جیهان برسین و پێویستییان بە یارمەتیی خێرا هەیە و ئێستاش شەڕی ئۆکراین لەئاستی جیهاندا بەشێوەیەکی مەترسیدار برسییەتیی پەرە پێداوە”. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ لە ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی خۆراک لە سەرانسەری جیهان بگاتە باڵاترین ئاستی خۆی. یەک ملیارد و حەوسەد ملیۆن کەس لە جیهاندا کە یەک لەسەر سێیان لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر دەبەن، لەگەڵ کەمبوون و قەتع بوونی خۆراک و سووتەمەنی بەرەوڕوون و بێگومان ئەوەش هەژاری و برسییەتیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. سەرەتای ساڵی زایینی نزیکەی دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەوڕووی برسییەتی بوون، بەڵام لە ئەگەری درێژەی شەڕی ئۆکرایندا چاوەڕوان دەکرێت کە چل و حەوت و ملیۆن کەسی تر بەتایبەت لە وڵاتانی باشووری سەحرای ئەفریقا بەم ژمارەیە زیاد بێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هیچ دوورنمایەک بۆ کۆتایی ئەم شەڕە نابیندرێت و لایەنەکانی شەڕ هەروا لەسەر درێژەدانی پێداگرن. براوەکانی ئەم شەڕە، بەردەوام بە سەروەتی ملیاردیی خۆیان زیاد دەکەن. چەرخی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی چەک بەخێرایی دەسووڕێن تا چەک کەمی نەهێنێت. سەربازەکان لە هەموو شوێنێک بەڕیز دەبن تا لەژێرناوی دیفاع لە میهەن، دیفاع لە دیموکراسی، خەبات دژبە دیکتاتۆری، سینگی یەکتر بکەنە نیشانە، و هێندە لە هەراوهوریای تەبلیغاتی شەڕدا نوقم بن تا بۆ ساتێکیش نەتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە دەبێت چەکەکانیان بەرەو ئەوانە بگرن کە بە ناوی جۆراوجۆرەوە ڕەوانەی مەیدانەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەیان دەکەن.
بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە نابێ لامان وابێت کە ئەوە تەنیا سیمانی واقعیی دنیای ئەمڕۆیە. لەو دیوی دیکەی ئەم وێنەیە، دەنگی هاواری کەسانێک دەبیسترێت کە خوازیاری کۆتایی ئەم شەڕەن و هیچ بەرژەوەندێک نە بۆ خۆیان و نە بۆ ملیۆنان ئینسان لەم شەڕە سەرمایەدارانەیەدا نابینن. لەم وێنەیەدا برسییەکانی جیهان هیچ جیاوازییەکیان نییە، لە سوودان بن یان لە یەمەن، لە سوماڵ بن یان لە ئیتیۆپی، لە ئەفغانستان بن یان لە هێند، لە سریلانکا بن یان لیبی. بەڵام ئەم وێنەیە زۆر بە دەگمەن لە میدیاکانی دەسەڵاتداراندا دەردەکەوێت. بۆ ئەوەی نەکا تەنانەت بۆ ساتێکیش دەوڵەتانی سەرمایەداری و ئەوانەی وا شەو و ڕۆژ تەپڵی ئیدامەی شەڕ دەکوتن، بڕەنجن.
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی جیهان لەژێر باری گرانیی هەوسارپچڕاوی سووتەمەنی و کاڵا ئەساسییەکان، بەتایبەت دوای ئاکامەکانی پەتای کۆرۆنا، لەژێر زەخت و گوشار دان. هەڵبەت ئەم جەماوەرە هیچکات نایانهەوێ خامۆشی بگرنە بەر و بەردەوام دەست دەدەنە خەبات و خۆڕاگری. ئەم خەباتە بەگشتی ئەگەرچی دژبە کارگێڕانی دەوڵەتی ناوخۆیە بەڵام بێگومان بەشێکی ئاکامی ئەم شەڕە وەحشیانەیە کە ئەوانی هێناوەتە گۆڕەپانی خەباتەوە. لێرەدا تەنیا ئاماژەدان بە چەند نموونە کیفایەت دەکات. لە سریلانکا ناڕازیان کۆشکی سەرۆک کۆماری ئاگر تێبەردەدەن و سەرەڕای ئەوەیکە لەناو مەجلیسدا، نوێنەرانی سەرۆک وەزیران دەکەنە جێنشینی بەڵام لە دەرەوەی مەجلیس ناڕازییان کە لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵەوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان، هەروا درێژە بە خەباتیان دەدەن. یەکێک لە ڕێبەرانی ناڕازیان بە هەواڵنێریی ئەلجەزیرەی وت: “ئێمە بۆ ڕێکخستنی دووبارە و ستراتێژی خۆمان خەریکی باس و لێکدانەوەین و بێگومان تا دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک کۆماری نوێ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانمان درێژە پێ دەدەین”. هەروەها وتیشی: “خەڵک ئیتر بەم هەوڵانە چاوترسێن نابن. سریلانکا شایستەی ڕێبەرییەکە کە بەڕاستی گرینگی بەخەڵک بدات، نەک کەسێک کە تەنیا بیر لە داهاتووی سیاسیی خۆی دەکاتەوە”. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە جەمعییەتی نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەسیی سریلانکا، بۆ ئیدامەی ژیانیان پێویستیان بە یارمەتیی خێرا هەیە و لە هەر پێنج کەس، چوار کەس بەهۆی چوونەسەرەوەی قیمەتەکان، ژەمی خواردنیان کەم کردووەتەوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاریی بەپەلەی بردنەسەرەوەی ٤٧ ملیۆن دۆلاریی یارمەتیی ماڵیی بۆ جەمعییەتی هەژاری ئەم وڵاتە ڕاگەیاندووە.
هەروەها چوار حەفتە لەمەوبەر لە بریتانیا زیاتر لە چل هەزار کەس لە کرێکارانی ڕێگەی ئاسن بەئامانجی بردنەسەرەوەی حەقدەست و باشترکردنی باروودۆخی کار و لە ناڕەزایەتی دژبە دەرکردنی کرێکاران، دەستیان دایە مانگرتن. سی ساڵ بەسەر دوایین مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسندا تێپەڕ بووە. ڕێبەرانی یەکیەتییە کرێکارییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە چوونەسەرەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا ئەساسییەکان، زۆرێک لە خەڵک دێنێتە سەر شەقامەکان. لە پڕجەمعییەتترین ئەیالەتی ئاڵمان زیاتر لە نەوەد ڕۆژ کرێکارانی کلینیکی زانکۆکان بەمەبەستی بردنەسەرەوەی حەقدەست و باشترکردنی وەزعییەتی کار مانیان گرت. لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ١٤ و ١٥ی ژووئیە بەرابەر لەگەڵ ٢٣ و ٢٤ی مانگی پووشپەڕ، کرێکارانی سێ بەندەری گەورەی ئاڵمان بۆ ماوەی چل و هەشت کاتژمێر دەستیان دایە مانگرتن و بارداگرتنیان ڕاگرت. ئەوانیش دوای چل ساڵ دەستیان دابووە درێژترین مانگرتنی خۆیان. ئەم کرێکارانە خوازیاری چوونەسەرەوەی چواردە لەسەدیی حەقدەستەکانیان بوون. لەبەرامبەر کرێکارانی مانگرتوودا پۆلیس هێرشی کردە سەریان و دادگاش حوکمی ڕاگرتنی مانگرتنەکەی دەرکرد. هەڵبەت لەوەش ئاشکراتر نەدەکرا بەناو سەربەخۆیی دادگاکان نیشان بدرێت.
واقعییەت ئەوەیە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دواهاتەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە لە سەرانسەری جیهان هیچ ڕێگایەک بێجگەلە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و ستەملێکراوان، کە لەژێر گوشاری تەوەرۆم و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری دان، نەماوەتەوە.