فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی کارتۆن خەوی دەستکەوتی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران
سێشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۱   |  26-07-2022

یەکێک لەو دیاردە دڵتەزێنە کۆمەڵایەتییانەی کە زیاتر لە شارە گەورەکان دەبیندرێت، ئەو ئینسانە بێ سەرپەنایانەن کە لە خەیابانەکان دەخەون و پێیان دەوترێت کارتۆن خەو. مەسەلەی بێ سەرپەنایی و کارتۆن خەوی بەهۆی هەژارییەوە لە ئێران دیاردەیەکی تازە نییە. ئەم دیاردەیە بەتایبەت لە زستانی ساڵی ١٣٨٢دا، دوای مەرگی چەند کەس لە خەیابانەکانی تاران، وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرچاوەگرتوو لە بۆشایی چینایەتی، سەرەنجی گشت کۆمەڵگەی بەرەو خۆی ڕاکێشا. ژمارەیەکی بەرچاو لەم کەسانە سەردەمانێک لە زانکۆکان خوێندوویانە، بەڵام بەهۆی هەژاری و نەبوونی توانای دابینکردنی هەزینەی مەسکەن و یان بەهۆی کەوتنە ناو داوی بەڵای ماڵوێرانکەری ئیعتیاد لە شوێنی ژیانیان دوور خراونەتەوە. ئەگەرچی بە باسکردنی کارتۆن خەوی، کەسانی هەژارمان بیر دێتەوە کە لە سەرمای زستاندا سەرپەنایەکیان بۆ ژیان نییە و یان ڕەنگبێ دەستبەجێ، موعتادان، قوربانییانی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان و یان تەنانەت ژمارەیەک تاوانبارمان بێتە بەرچاو. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە بەشێکی بەرین لە کارتۆن خەوەکان نە تاوانبارن و نە موعتاد، بەڵکوو بەهۆی بێکاری، نەبوونی توانای دابینکردنی هەزینەی مەسکەن و هەژاری و برسییەتی بەناچار چوونەتە حاشیەی شارەکان و نیهایەتەن ڕوویان کردووەتە ژێر پردەکان، پارکەکان، وێستگەی ئۆتۆبووس و خەیابانەکان و لەو شوێنانە شەویان ڕۆژ دەکەنەوە. بەڕێوەبەری “ناوەندی کۆتایی هێنان کارتۆن خەوی” عەلی حەیدەری هۆشداری داوە کە: “ئەگەر وەزعییەتی ئابووریی وڵات باشتر نەبێت، بەزوویی شایەدی زۆرتربوونی بنەماڵە کارتۆن خەوەکان دەبین. ئەو لە وڵام بەم پرسیارەدا کە لە تاران چەندەی کارتۆن خەو لێیە؟ وتی: “ئامارێکی ڕوون لەبەردەستدا نییە. لە قۆناغێکدا “ناوەندی کۆتایی هێنان بە کارتۆن خەوی” بۆ ئەم کەسانە کارتی شوناسایی دەرکرد. ئەو کارەش بۆ ئەوە ئەنجام درا تا ژمارەی کارتۆن خەوەکان ڕوون بێتەوە. سێ ساڵ لەمەوبەر، لە تاران و لە مەنتەقەی ١٢، نزیکەی ١٥ هەزار کارتۆن خەومان شوناسایی کرد. ئەوکات ئەم ناوەندەی ئێمە بەراوردی کرد کە لە تاران نزیکەی ٣٥ هەزار کارتۆن خەوی لێیە”. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ئامارە ناڕەسمییەکان لە تاران، ژمارەی کارتۆن خەوەکانیان زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس ڕاگەیاندووە وتی: “هەروەها بەپێی ئاماری مەیدانی و غەیرە ڕەسمی، بیست لەسەدی ئەم ژمارەیە، خانمەکان و منداڵان پێکی دینن.”
ناوەندی ئاماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە ڕێژەی تەوەرومی نوقتەیی لە مانگی جۆزەرداندا گەیشتووەتە ٥ و ٥٢ دەهومی لەسەد کە لەچاو مانگی پێشتری ٢ و ١٣ لەسەد چووەتە سەرێ. مەبەست لە ڕێژەی تەوەرومی نوقتەیی، ڕێژەی گۆڕانی قیمەت لەچاو ساڵی پێشوو لە هەمان مانگ دایە. بەو پێیە بنەماڵە ئێرانییەکان بەشێوەی مامناوەند پەنجا لەسەد زیاتر لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ بۆ کڕینی مەجمووعەیەک کاڵا و خزمەتگوزاریی یەکسان، هەزینەیان کردووە. ئابووریی ئێران لە ڕکوودێکی تەوەرۆمیی تونددا بەسەر دەبات و بەردەوام ژمارەیەکی زیاتر لە بنەماڵەکان بەرەو ژێر هێڵی هەژاری دەبردرێن و ئەم ڕێژەیە لە هەژاریی کۆمەڵگە و کارتۆن خەوی پێکەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە. لە وەها باروودۆخێکدا چینی سەرمایەدار و خاوەنانی سەروەت و مڵک و واحیدە مەسکوونییەکان، بە بردنەسەرەوەی نرخی کاڵاکان بەم ڕەوتە پەیوەست دەبن و قیمەتی مەسکەن، کرێی ماڵ و مڵکەکانی خۆیان دەبەنە سەرێ. گەشەی ئابووریی نێگاتیڤ و ڕکوودی زاڵ بەسەر ئابووریی ئێران، پانتایی تازەی بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووریی بەخشیوە و دیاردەی کارتۆن خەویی بەشێوەیەکی بێوێنە پەرەپێداوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە سەروەت و داراییەکانی ئاستانی قودسی ڕەزەوی، ئاستانی حەزرەتی مەعسوومەی قوم و بونیادی شەهید و موستەزعەفان و ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، بەراورد ناکرێن. نە ئەم ناوەندانە و نە باقیی گرووپە ئابوورییەکانی سەربە بەیتی ڕێبەری و نە ئاغازادەکان، حازر نین چالاکیی ماڵی و تەنانەت شێوەی دانی ماڵییاتەکانیان ڕوون بکەنەوە. دیاردەی کارتۆن خەوی لە حاڵێکدا ڕوو لە زیادبوونە کە لەناو دەزگای ئیداریی ئەم ڕێژیمە دز و گەندەڵەدا، ساڵانە دەیان دزی و ئیختلاس و ڕانتخۆریی گەورە لەلایەن بەرپرسان و مۆرەکانی ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێت و ملیاردها دۆلار دەکرێتە خەرجی سیاسەتی زێدەخوازانەی ڕێژیم و یارمەتی بۆ جەرەیاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ناوچەکە.
لە وەها باروودۆخێکدا و لە سەردەمێکدا کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری، بێکاری و کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەوڕوون، نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییانە بەردەوام زیاد نەکەن. کاتێک کرێکاران و باقیی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە توانای بەکرێ گرتنی تەنانەت ژوورێکیان لە حاشیەی شارەکان نییە، لە نیهایەتدا بەهۆی بێکاری، هەژاری، تەوەرومی هەوسارپچڕاو و نەبوونی سەرپەنایەک بۆ ژیان، ڕوو دەکەنە کارتۆن خەوی.
لە باروودۆخێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی هەمەلایەنە بەرەوڕووە، و لە باروودۆخێکدا کە هەموو سەرچاوەکانی سەروەتی کۆمەڵگە و حاسڵی چەوسانەوەی کرێکاران لە خزمەت پان و بەرین کردنی دەزگای سەرکوت و بوروکراسیی گەندەڵی حکوومەتی و ئۆرگانەکانی دواخستنی جەماوەر دایە. نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێ گۆڕانێک لەم وەزعییەتە کارەساتبارەدا پێک بێنێت. بەڵام بێگومان کارتۆن خەوی چارەنووسی حەتمیی ئەو ئینسانانە نییە کە لەژێر گوشاری کەمەرشکێنی گرانیی مەسکەندا، سەرپەنای خۆیان لەدەست داوە. کۆتایی هێنان بە کێشەی کارتۆن خەوی و بێ خانە و لانەیی و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو، تەنیا دەتوانێت بەرهەمی خەباتی ڕێکخراو و بەهێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بێت. پێویستە لەڕێگەی خەباتی یەکگرتوو، ڕێکخراو و سەرانسەری، دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران مەجبوور بکرێت کە سەروەتی کۆمەڵگە و بەرهەمی زەحمەت و کار و کۆششی کرێکاران بخاتە خزمەت دابینکردنی ڕەفاه و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مەسکەنی گونجاو بۆ هەمووان. لە درێژە و ڕەوتی پێگەیشتنی ئەم خەباتە دایە کە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران دابین دەکرێت.