بەپێی زانیارییەکان، دیسان کۆمەڵێک لاوی شاری سەردەشت خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بەرەو وڵاتانی ئورووپایی کۆچ بکەن. بەردەوامیی کۆچی لاوان، نیگەرانیی خەڵکی ئەم شارەی بەدواوە بووە و دەڵێن بەو شێوەیە بێت شارەکەمان گەنج و لاوی تێدا نامێنێ و چۆڵ دەبێت.
شاری “سەردەشت” یەکەمین قوربانی چەکی کیمیاییە و پۆتانسیێلی زۆری بۆ درووستکردنی هەلی کار هەیە. کەرتەکانی کەشتوکاڵ و گەشتیاری لەو کەرتە گرینگانەن کە گرینگییان پێ نادرێت. بەهۆی نەبوونی ساردخانە و شوێنی تایبەت بۆ هەڵگرتن، ساڵانە ڕێژییەکی زۆر ترێی هەرمێی جۆراوجۆر بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێت، لە لایەکی تریشەوە کەڵکی پێویست لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەرناگیراوە. سەردەشت سێ بازاڕچەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بەڕووی خەڵکی ئەو شارەدا داخراون.
بێکاری و نەبوونی کار و پیشە و خزمەتگوزاریی گشتی و گووشاری سیاسی و ئەمنییەتی بەشێوەی سیستماتیک کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی کە لاوەکانی ئەو شارە زێدەکەیان چۆڵ بکەن و ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی بکەن.