ئازادی ٣ مامۆستای دەستبەسەرکراوی دیواندەرە
چوارشەممە ۰۵-۰۵-۱۴۰۱   |  27-07-2022
سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، ئەسعەد عەلەوی و کوروش بابامورادی کە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئینتزامییەوە دەستبەسەر کرابوون، هەمان ڕۆژ و دوای چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە دوای بانگهێشتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە پێش ساختمانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی درێژەی دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە و چەندین داواکاری دیکەی مامۆستایان بەڕێوە چوو.