تاران بۆ جارێکی تر لەڕووی کەشوهەواوە بوو بە پیسترین شاری جیهان. بەپێی ڕاپۆرتی وێبسایتی نێونەتەوەیی “ئای کیو ئەیر” کە ڕیزبەندیی کوالیتیی هەوای شارەکانی جیهان نیشان دەدات، شەوی یەکشەممە ٢ی مانگی گەلاوێژ و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی گەلاوێژ تارانی وەک پیسترین شاری جیهان پێناسەکرد. بەپێ ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی پیسبوونی هەوای تاران گەیشتووەتە ڕەقەمی ٣٢٧، کە ئەم وەزعییەتە بۆ هەموو گرووپەکان مەترسیدار وەسف کراوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسداران، ڕێژەی پیسبوونی هەوای تاران لە ڕۆژی دووشەممەدا توندتر بۆوە و بەهۆیەوە پایتەخت کەوتە دۆخی “بنەوش”ەوە و ناوەندە دەرمانییەکان و نەخۆشخانەکان لە حاڵەتی ئامادەباشدا بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تاران لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە پێنج جار کەوتووەتە وەزعییەتی قەیراناوییەوە و بووەتە یەکێک لە ئالودەترین شارەکانی جیهان.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بێجگەلە گەردیلەکان کە ئۆستانەکانی غەرب و تارانیان خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، زەڕاتی ئالایەندەی موعەلەق هۆکاری سەرەکیی پیسکردنی هەوای پایتەخت بوون. بەپێی لێکۆڵینەوەانی ناوەندەکانی کۆنترۆڵی کوالیتیی هەوا، ڕێژەی ئالایەندەکان لە شاری تاران لەحاڵەتی قەیراناویدا، زیاتر لە ٥٠ بەرابەری ستانداردی جیهانییە. بەپێی توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان، پیسبوونی هەوا یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی چوونەسەرەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەدانە. زەڕاتی ئالایەندەی ناو هەوا و بێنزین، مەترسیی تووش بوون بە نەخۆشییەکانی پێوەەندیدار بە دڵ تا ١٠ لەسەد و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە هەناسەدان تا ٢٧ لەسەد دەباتە سەرێ. هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە دەڵێت: “پیسبوونی هەوا گرنگترین هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە تاران و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە”. بەپێی دوایین توێژینەوەکان، لە شاری تاران بەشێوەی مامناوەند مەرگی ٣٧٥١ کەس پەیوەندیی بووە بە مانەوەی زۆر لە هەوای ئالودەدا. بەداخەوە مامناوەندی مەرگ بەهۆی پیسبوونی هەوا لە تاران، ١٠ کەس لە یەک ڕۆژ دایە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیسبوونی هەوای زانکۆی تاران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ساڵانە ٤٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەوا تووشی مەرگی پێشوەخت دەبن.
سیاسەتی دژەژینگەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بایەخ نەدانی ئاشکرای وەزارەتی سەنعەت، نەوت، تەندرووستی، وزە، جەهادی کەشاوەرزی و باقیی ناوەندەکان بە سرووشت بووەتە هۆی ئەوەیکە کێشەی پیسبوونی هەوا لە ئێران ببێتە قەیران. لە هەمووی گرینگتر دابین نەکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی هێنانەخوارەوەی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکانە کە نیشانەی بایەخ نەدانی سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بەم بابەتە. لە باروودۆخی ئێستادا بۆ ئەوەیکە قەیرانی ژینگەیی لە شارێکی وەک تاران پانتایی مەترسیدار بەخۆی نەگرێت، پێویستە بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو، ئەولەوییەت گەلێک بخرێتە دەستووری کارەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانی هەوا پێویستە بەپێی پڕۆژەیەکی زەمانبەندیکراو، کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان کە سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونی هەوا و گازی گوڵخانەیین، بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە. پێویستە لە بواری دابینکردنی وزەی بێ زەرەر بۆ سرووشت و هەروەها بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەئاستی شاردا، لە زەمینەی گەشەی ئامرازی هاتووچۆی گشتیی هەرزاندا بەشێوەی بەرین سەرمایەگوزاری بکرێت. بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی کە زیاتر لە ١٥٠ ملیارد دۆلار دەکاتە خەرجی بەرنامەی ناوەکی و پیتاندنی ئۆرانییۆم و بوودجەی بەرین دەکاتە هەزینەی تەیارکردنی سپای پاسداران و دەخاڵەتگەریی نیزامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە، هیچ بایەخێک بە سالم ڕاگرتنی ژینگە نادات. دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی هەروەک دەوڵەتەکانی پێشوو، لەپێوەند لەگەڵ قەیرانی پیسبوونی هەوای تاران و باقیی شارە گەورەکان و هەروەها کێشە و گرفتە جیددییەکانی پێوەندیدار بە ژینگە بۆ نموونە لەناوچوونی هێندێک لە ڕووبار و تاڵاو و دەریاچەکان، بێجگەلە وادە و بەڵێنی پووچ و بێناوەرۆک، هیچ هەوڵێکی تری نەداوە. بەم حاڵەوە، ڕەئیسی لەڕێکەوتی ٢١ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا وتی: “ئێمە ئامادەین ئەزموون و زانستی خۆمان سەبارەت بە چۆنیەتیی هێنانەخوارەوەی پیسبوونی هەوا بخەینە ئیختیار باقیی وڵاتانی دراوسێ”. لەڕاستیدا دەغدەغە و ئەولەوییەتی کاری دەوڵەتی ڕەئیسی هەروەک دەورەکانی پێشوو، بەڕەوپێشبردنی سیاسەتی ئابووریی نێئۆلیبرالیستییە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێگە بە سەرمایەداران و خاوەنانی سەنایع دەدات تا بۆ کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری سەرمایە، ژینگە زیاتر وێران بکەن. هەربۆیە، ئاو، هەوا، دارستان و لەوەڕگە و بەگشتی سرووشت بەردەوام دەکرێتە ئامانجی تەماع و قازانجپەرستیی دەسەڵاتداران و خاوەنانی سەروەت.
سەرەڕای چوونەسەرەوەی ئاستی وشیاریی مرۆڤ نیسبەت بە ژینگە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژبە وێرانکارییەکانی نیزامی سەرمایەداری، پیسبوونی هەوا و قەیرانی ژینگە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە. گەشەی وشیاریی مرۆڤ نیسبەت بە ژینگە بووەتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤەکان بەرپرسانەتر و شارستانییانەتر لەگەڵ دەورووبەری خۆیان هەڵسووکەوت بکەن. خەڵک ڕێز لە سرووشت و ژینگە و یاسا پێوەندیدارەکان دەگرن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن و هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی ئیختیارات و ژیانی خۆیاندا دەورونەخشیان لە پاراستنی ژینگەدا هەبێت. بەڵام بێگومان لە نیزامێکدا کە هەموو شتێک بە دەوری سوود و سەرمایەدا دەسووڕێت و بۆ گەیشتن بە قازانجی زیاتر هەموو شتێک لەوانە ژینگە دەبێتە قوربانی، گەشەی وشیاری و کلتوور و ئەخلاق بەتەنیا بەس نییە بەڵکوو پێویستە بەگژ موناسباتێکدا بێین کە بە حوکمی ماهییەتە زاتییەکەی، بەردەوام و بەبێ بایەخ دان بە ئاکامە کاتی و درێژماوەکانی، گۆشەیەک لە سرووشت وێران دەکات.
ئەگەرچی لە نیزامێکدا کە بناغەکەی لەسەر خاوەنداریەتی، چەوساندنەوە، هەڵاواردن و بەدەستهێنانی سوود دامەزراوە، ڕۆڵی تاکەکان لە پاراستنی ژینگەدا کەمڕەنگ دەبێتەوە و ژینگە ئەساسەن دەکرێتە ئامانجی تەماع و قازانجپەرستیی دەسەڵاتداران و خاوەنانی سەروەت، بەڵام کۆمۆنیستەکان وەک مرۆڤی بەرپرس لەئاست چارەنووسی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناتوانن نیسبەت بەم بابەتە حەیاتییە کەمتەرخەم بن. کۆمۆنیستەکان نەتەنیا لە چوارچێوەی کار و ژیانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن تا سەهمێکیان لە پاراستنی ژینگەدا هەبێت، بەڵکوو بە لێبڕاوانەترین شێوە بەرەنگاری وێرانکارییەکانی نیزامی سەرمایەداری دەبنەوە. کۆمۆنیستەکان کە لە هەموو بوارێک لە چالاکیی کۆمەڵایەتیدا پێشڕەو و سەرچاوەی گۆڕانکارین، ناتوانن نیسبەت بە ژینگەی دەورووبەریان کەمتەرخەم بن. نابێ ڕێگە بدرێت بەبێ بایەخدان بە پێداویستیی ئینسانەکان و لەپێناو قازانجپەرستیی خاوەنانی سەرمایەدا، زەوی وێران بکەن، ئاوەکان پیس بکەن و سرووشت لەناوبەرن. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بخەنە ژێر چنگی ئاکامەکانی کونبوونی چینی ئۆزۆن، توانەوەی کێوە سەهۆڵەکان، هاتنەسەری ئاوی دەریاکان و تۆفان و کارەساتەکانی تر.