فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی قوربانییانی لافاو!
دوشەممە ۱۰-۰۵-۱۴۰۱   |  01-08-2022

بەهۆی ڕۆچوونی زەوی و هەستانی لافاو لە ناوچەی ئیمام زادە داوود لە ئوستانی تاران و باقیی شارەکان، زیاتر لە ٦٠ کەس کوژران و دەیان کەسی تریش بریندار و یان بێسەروشوێن بوون. هاوکات لەگەڵ چوونەسەرەوەی ئاماری قوربانییانی لافاو لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران، وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتن، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە بارینی بەخۆڕی باران لە چوارشەممە شەودا بووەتە هۆی هەستانی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە ناوچە جۆراوجۆەکانی تاران لەوانە ناوچەی ئیمام زادە داوود. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، بێجگەلە ناوچەی کەنی ئیمام زادە داوود، لە شارستانەکانی پەردیس، دەماوەند، شێمیرانات، مەلارد و پاکدەشتیش بارانی بەخۆڕ باریوە و لافاو هەستاوە. سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی مانگی سوور دەڵێت: “بە پێی پێشبینیی کەشناسیی تا ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی داهاتوو بارینی بەخۆڕی باران لە ئۆستانەکانی سیستان و بەلووچستان، ئیسفەهان، کۆهگیلویە و بویەرئەحمەد، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرمان، یەزد، فارس، بووشێهر، سمنان، ئەلبۆرز، قەزوین، قۆم، تاران، زەنجان، گیلان، مازەندەران، گوڵستان، هۆرمۆزگان، خووزستان، مەرکەزی و خورسانی شوماڵی پێشبینی کراوە کە بەهۆیەوە ئەگەری هەستانی لافاو لەئارادایە.” لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی مانگی سوور، گواستنەوەی هەزار کەسی لە ناوچەی “کەن”ەوە بۆ ناوچە ئارامەکان ڕاگەیاند و بە وتەی ئەو ١٨ ئۆستانی ئێران بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەواڵنێریی مێهر نووسیویەتی کە ئەم کەسانە لە سوولەکانی قەیراندا نیشتەجێ کراون. لە ئیسفەهان بێجگەلە هەستانی لافاوی سامناک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسفەهان و تۆفانی خۆڵ لە شاری حەبیب ئابادی ئیسفەهان، بەگشتی ئەمشارە شایەدی خۆڵبارینێکی زۆر بوو.
واقعییەت ئەوەیە کە لەناوچوونی ژینگە بووەتە قەیرانێکی جیهانی. هەموو ئەو کۆبوونەوانەی کە سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ بەناو ڕێگری لە لەناوبردنی ژینگە پێکی دێنن، تەنیا مەیدانی چەقەسرۆیی ئەوانەیە کە خۆیان گەورەترین هۆکارەکانی لەناوبردنی ژینگەن لەئاستی جیهاندا. ئاشکرایە کە هەتا کاتێک کە بەرپرسانی سەرەکیی لەناوبردنی ژینگە لەسەر سرووشت و ژینگە بڕیار دەدەن، هیچ جۆرە گۆانکارییەک پێک نایەت. ئەوان هەوڵ دەدەن کە قوربانییانی سونامی، لافاو، ئاگرکەوتنەوەی خۆفناک و ویشکەساڵی باوەڕ بکەن کە هەموو ئەم نەهامەتییانەی کارەساتی بەناو سرووشتی و پێشبینی نەکراون. بەڵام لە سەردەمێکدا کە بەرهەمهێنان بە ئامانجی قازانجی زیاتر ئەنجام دەدرێت نەک بەپێی نیازی ئینسانەکان، واقعییەت ئەوەیە کە قازانجپەرستیی نیزامی سەرمایەداری ژینگەی ملیاردها ئینسانی بەرەوڕووی مەترسیی کردووەتەوە.
هێشتا یەکساڵ لە دوایین کۆنفڕانسی کەشوهەوای گلاسکۆ تێپەڕ نەبووە. هەر ئەوکات بەرپرسی دایرەی کۆنوانسیۆنی کەشوهەوای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جەرگەی دەقی بڵاوکراودا لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا نووسیی کە گازە گوڵخانەییەکان ” سەرمایەگوزارییەکە بۆ نابوودیی دانیشتووانی گۆی زەوی”. ئەو لە درێژەدا هۆشداری دا کە “یان ئێمە دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گازە گوڵخانەییەکان و هێنانە خوارەوەی یەک و نیو لەسەدیی پلەی گەرما بەپەلە هەوڵ بدەین و یان دەبێ قەبووڵی بکەین کە مرۆڤایەتی بەرەو داهاتوویەکی تاریک بڕوات”. ڕێکخراوی کەشناسانی جیهان لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا ڕایانگەیاند کە حەوت ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵەکان بوون و ڕێژەی گازە گوڵخانەییەکانی ناو ئەتمۆسفێر سات لە دوای سات ڕێکۆردی نوێ لێ دەدات و ڕێژەکەی لانیکەم لە ٨٠٠ هەزار ساڵی ڕابردوو زیاترە. ئەوان ڕایانگەیاند کە ئاستی ئاوی دەریاکان بەردەوام زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەشێوەی بەرچاو زیاتر بوون. ئەگەر لە ساڵی ١٩٩٣ەوە تا ٢٠٠٢ چوونەسەرەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان دوو و یەک دەهومی میلیمیتر لە ساڵدا بووە، لە ساڵی ٢٠١٣دا گەیشتووەتە چوار و چوار دەهومی میلیمیتر. لەئێستادا لە زۆر شوێنی جیهان لە ئەمریکاوە تا ئەورووپا ئاگرکەوتنەوەی بەرین لەئارادایە. هەر لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا و لە چەندین وڵات لافاو ماڵ و حاڵی خەڵکی وێران کردووە. شایەد تایلەند و فیلیپین ساڵانە بەرچاوترین هێماکانی ئەم وێرانییە بن.
سەرەڕای ئەمانە نابێ لەبیر بکرێت کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەناو لیستی دە وڵاتی جیهان دایە کە زۆرترین بەرهەمهێنانی گازی کەربۆنیان هەیە و لەناو ئەم دە وڵاتەشدا پلەی حەوتومی پێ دراوە. لەخۆڕا نییە کە ناوچەگەلێکی بەرین لە ئێران وەک سیستان و بەلووچستان لەگەڵ توندترین قەیرانی ژینگەیی بەرەوڕوویە. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە میدیاکانی ناوخۆدا، دیاردەی ڕۆچوونی زەوی بە ناوەکانی “بوومەلەرزەی خامۆش” یان “بۆمبی ساعەتیی ئارام و بێدەنگ” باسی لێ دەکرێت. ئەمڕۆ ئاسەواری ڕۆچوونی زەوی بە زۆرێک لە زەوییەکانی کشتوکاڵ، دەشتەکان، شوێنە جیاجیاکانی شار و ماڵ و پرد و بینا مێژووییەکانەوە دەبیندرێت. پرد و زەوییەکان لەناکاو قەڵەشیون و یان بینا و ساختمانەکان تەرەکیان تێکەوتووە و یان کەج بوون و هەموو کات ئەگەری ڕووخانیان لە ئارا دایە. بەوتەی سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕێگا، مەسکەن و شارسازی دیاردەی ڕۆچوونی زەوی گەیشتووەتە قۆناغی هۆشدارەوە و هەتا ئێستا یەک لەسەر سێی دەشتەکانی ئێران کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕۆچوونی زەوییەوە. سەرۆکی کۆمیتتەی پسپۆڕی هەڵسەنگاندنی لافاو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی “ئیلنا” ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئاکامەکانی ڕۆچوونی زەوی گواستنەوەی ئیجباریی سی و حەوت ملیۆن کەس دەبێت و ئەم وتەیە بەو مانایەیە کە نەتەنیا قەیرانی ئابووری بەڵکوو قەیرانی ژینگەییش هۆکارێکی تر دەبێت لە پەرەپێدانی حاشیەنشینی لە ئێران. بەڵام گاڵتەی مێژوو ئەوەیە کە بەهۆی دەسەڵاتداربوونی ڕێژیمێکی سەرمایەداریی ئیسلامی ئەمە چالاکانی ژینگەن کە یان دەکوژرێن و یان بە زیندانی درێژماوە مەحکووم دەکرێن. ئەوەیکە ئەم لافاوەی ئێستا تا چ ئاستێک زەرەر و زیانی لێ دەکەوێتەوە یەک لایەنی ئەم کارەساتەیە. لایەنەکەی دیکەی قوربانییانی ئەم کارەساتەن کە پێویستییان بە هاوپشتیی ئینسانی هەیە. لە ڕێژیمێک کە کارنامەکەی لەناوبردنی ژینگە و بە بەندکێشانی چالاکانی ئەم بوارەیە نابێ هیچ چاوەڕوانییەکمان بێت. ئەزموون نیشانی داوە کە تەنیا بە پێکهێنانی کۆمیتە و ناوەندە جەماوەرییەکانی فریاگوزاری دەکرێ و دەبێ یارمەتیی زیاندیتووانی ئەم کارەساتە بین.