“تەنیا لەسەر شەقامەکان دەگەین بە مافمان”
ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی گەلاوێژ، کرێکارانی خانەنشینکراوانی سازمانی تەئمینی ئیجتماعیی ئێران لە سی و سێهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانیان نیسبەت بە پەسندکراوی هەیئەتی وەزیران واتە بردنەسەرەوەی ١٠ لەسەدیی حقووقی خانەنشینکراوانی غەیری حەدی ئەقەل بگیر و نەبوونی هاوسانسازیی کامڵی حقووق، لە شارەکانی ئەراک، ئەهواز و شووش دەستیان دایە کۆبوونەوە. ئەوان درووشمەکانی وەک “نە مەجلیس، نە دەوڵەت، نین بە فیکری میللەت”، “کرێکاری زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت”، “خانەنشینکراوی زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت”، “زۆرمان درۆ بیست، عەداڵەتمان نەدی”، “تا بە مافمان نەگەین بۆ ساتێک پشوو نادەین”، تەنیا لەسەر شەقامەکان دەگەین بە مافمان”. هیچ شتێک ئاشکراتر لەم پەیامە نییە کە خانەنشیکراوان لەم دوایین درووشمەی خۆیاندا بەیانی دەکەن. ئەوان نەتەنیا لە ئەزموونی خەباتی چەند ساڵەی خۆیاندا، بەڵکوو لە هەموو مانگرتن و ناەزایەتییەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خوێندکاران، ژنان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانەوە بەوە گەیشتوون کە تەنیا لە شەقام و کارخانە دەتوانن بە خواستەکانیان بگەن. هەڵبەت ئەوەش ڕێک ئەو بابەتەیە کە ترسی خستووەتە ناو دڵی ڕێژیمەوە. هەربۆیە دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ئەهواز، ڕۆژی ٣١ی مانگی پووشپەڕ، دوازدە کەسیان لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستگیرکران و لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپادا ڕاگیراون. هێندێک لەو خانەنشیکراوانە نەخۆشیی جۆراوجۆریان هەیە و پێویستیان بە موداوای خێرایە. بەهرام قوربانی کرێکاری خانەنشینکراوی ئەهواز بە لانیکەمی حقووقی خانەنشینییەوە ژیانی بەسەر دەبرد کە تەنانەت بەشی دوو حەفتەی هەزینەی ژیانی نەدەکرد. ئەو بۆ دەربڕینی ئەو واقعییەتە هاتبووە سەر شەقام و دەستبەسەرکرا. ئایا ئەوپەری بێشەرمی نییە کە ڕێژیم بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەساڵاچوویی و نەخۆشیی جۆراوجۆر، لەجیاتی ڕێزگرتن لە خانەنشینکراوان و بەکردەوە دەرهێنانی یاسا و جێبەجێکردنی خواستە ڕەواکانیان، دەیانخاتە بەندیخانە و ژووری تاکەکەسییەوە. ئایا شەرمەزاری نییە کە ژاڵە ڕووح نەژاد هاوسەری کرێکاری زیندانی ئیسماعیل گرامی بەرامبەر بە بێدادگەرییەکانی ڕێژیم دەنگی بەرز دەکاتەوە. تاوانی ئەو چ بوو بێجگەلە ئەوەیکە کرێکار و تێکنێسییەنی بەرق و ئێلێکترۆنیکی شیرکەتی کارتۆن سازی بوو. ئیسماعیل گرامی لە ساڵی ٩٥ەوە لە کۆوبوونەوەکانی خانەنشینکراواندا بەشداریی دەکرد و چون خۆی لە شوێنی کار لە نزیکەوە شایەدی کێشەکانی کرێکاران بوو، دوای خانەنشینبوونی بۆ ساتێک لە خەبات بۆ گەیشتن بە مافی خانەنشینکراوان غافڵ نەبوو. ئەم خەباتە ببووە دەغدەغەی ژیانی و نەیدەتوانی لەئاستیدا ئۆقرە بگرێت. هەربۆیە هێزە سەرکوتگەر و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا، بەشەو هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەر و پاشان زیندانییان کرد. ناوبراو بە شەش ساڵ زیندان مەحکووم کرا و هەتاکوو ئێستا بەبێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە زینداندا ڕاگیراوە. ئیسماعیل تەمەنی ٦٧ ساڵە و نەخۆشیی سەرعی گرتووە و بە خواردنی دەیان حەب نەخۆشییەکەی کۆنتڕۆڵ دەکات.
خانەنشینکراوان ساڵانێکی زۆرە کە بۆ گەیشتن بە داخوازی و مافەکانیان دەست دەدەنە کۆبوونەوە. کاتێک کە نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم و ئەندامی کۆمیسیۆنی کەشاوەرزی دەڵێت کە شەش دەهەکی کۆمەڵگە واتە زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن کەس توانای کڕینی گۆشتیان نییە و دان بەوە دادەنێ کە کرێکاران، کارمەندان و خانەنشینکراوان لەم گرووپە دان. کاتێک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ڕایدەگەیەنێت کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی جەمعییەتی ئێران دەبێت بکەونە ژێر پۆششی گەڵاڵەی مەعیشەتی خانەوار. کاتێک کە ڕێژیم ڕایدەگەنێت کە حقووق و مووچەی خانەنشینکراوان تەنانەت ناگاتە ئاستی لانیکەمی حەقدەستەکانیش، بۆچی لە وەها باروودۆخێکدا خانەنشینکراوان دەبێت چاوەڕوانی مەرگی شێنەیی خۆیان بن. هەربۆیە ئەوان دژبە ئاستی لەخوارێی حەقدەست، لەدژی بەتاڵانچوونی سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی و خانەنشینی، دژبە تەوەرۆم و گرانی، دژبە زیادنەکرانی موستەمەرییەکان بۆ جوبرانی گرانی ناڕازین و خوازیاری خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی و پێویست، دەور و نەخش نواندن لە چارەنووسی خۆیان و خاهانی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و ئازادن. دەستگیریی ڕۆژانی ڕابردووی خانەشینکراوان لە چەند شاری ئێران لە درێژەی ئەو دەستگیرییە بەرینانەدایە کە لانیکەم لە ئەوەڵی مانگی مەیەوە دەستی پێکردووە. لەئێستادا سەدان کەس لەم دەستگیرکراوانە لە ئیسارەتدا بەسەر دەبەن.
ڕەنگبێ سەرانی ڕێژیم بەخەیاڵی خاوی خۆیان لایان وابێت کە دەتوانن چەرخی مێژوو بگەڕێننەوە و کۆمەڵگە ببنەوە ساڵەکانی دەیەی شەست. بەڵام گرینگ نەک نۆستالۆژیای ئەوان بۆ دووبارەکردنەوەی کۆمەڵکوژیی دیەی شەست، بەڵکوو گرینگ زەینییەتی کۆمەڵگەیە کە ئەم جەنایەتانەی لە بیری مێژوویی خۆیدا حەک کردووە و ڕێگە نادات ڕێژیم کۆمەڵگە بۆ ئەو سەردەم بگەڕێنێتەوە. ئەو جەماوەرەی کە ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨یان خوڵقاند، کرێکارانێک کە شۆرای پێنج هەزار کەسیان لە حەوت تەپە پێکهێنا، کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت، گاز و پێترۆشیمی کە لە زیاتر لە سەد و پازدە گەڕەک دەستیان دایە مانگرتنی هاوکات. موعەلیمانێک کە هەر لەم چەند مانگەی ڕابردوودا گەلێک جار مانگرتنی سەرانسەرییان سازمان دا. ژنانێک کە لە بەرامبەر حەفتەی “حیجاب و عیفاف”ی ڕێژیمدا بوێرانە حیجابەکانیان فڕێ دا و بەگژ ئایدیۆلۆژیای ڕێژیمدا هاتن. هونەرمەندانێک کە لە ئاستی چەند سەد کەسیدا توماری ناڕەزایەتییان نووسی، هەر لە ئێستاوە نەخشە و پیلانەکانی ڕێژیم بەئامانجی گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ دەیەی شەستیان بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە.
هەوڵی ڕێژیم بۆ یەکدەستکردنەوەی سێ دەزگاکەی و هێنانەدەری ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ لە سندووقەکانی دەنگدان هیچ مانایەکی بێجگەلە ئەوە نەبوو کە ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان و بۆ ڕێگری لە ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییەکان پەنای بۆ ستراتێژی سەرکوت بردووە. ئەم تاکتیکە کاتێک کە ڕێژیم خانەنشینکراوان دەکاتە ئامانجی هێرش، نیشانەی نەک هێز و توانای ڕێژیم بەڵکوو نیشانەی داماویی دەسەڵاتێکە کە تەنانەت ناڕەزایەتیی نەسلێک کە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی دایە بۆ تەحەمول ناکرێت. ئێستا کەسانێک دەخرێنە بەندیخانەوە کە زۆربەی تەمەنیان بە کار و ڕەنجەوە تێپەڕ کردووە بەو هیوایەی کە لە سەردەمی بەساڵاچووییدا ژیانێکی لانیکەمی ئینسانی بۆخۆیان دابین بکەن و چیتر نیگەرانی نانی شەویان نەبن. دەستبەسەرکرانی ١٢ کەس لە خانەشینکراوان، بەسەرهاتی دڵتەزێنی کەسانێکە کە بۆ سەرەتاییترین داخوازیی ژیانیان واتە دابینکردنی نان هاتوونەتە سەر شەقامەکان. ئەوان ماڵی لۆکسی سەرانی ڕێژیمیان نەدەویست، ئەوان داهاتی دەیان و سەدان ملیۆنی و پاشەکەوتی ملیاردیی کارگێڕانی ڕێژیم لە بانکەکانی دەرەوەیان نەدەویست. ئەوان خوازیاری ژیانێکی لانیکەم بوون تا لە تەمەنی بەساڵاچووییدا مەجبوور نەبن بڕۆنە سەر کار، ئەویش کار لە بازاڕە غەیڕە ڕەسمییەکاندا. سەرۆکی ناوەندی خانەنشیکراوانی تەئمینی ئیجتماعی دەڵێت” بەداخەوە جێگای شەرمەزارییە کە بەرپرسان ڕێگە دەدەن خانەنشینکراوان بۆ دابینکردنی هێندێک پێداویستیی ژیانیان ڕوو بکەنە سواڵکردن”.
کۆتایی هێنان بە هەموو ئەم جەنایات و سەرکوتگەرییانەی ڕێژیم، تەنیا لە مەسیری پەرەپێدان و درێژەی مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتی و پێکهێنانی ڕێکخراو و ڕێبەریی سەرانسەری تێدەپەڕێت. بێگومان ڕێکخراوی جەماوەری چینایەتی و ڕێبەریی سەرانسەریش لە جەرگەی درێژەی ئەم خەباتەدا دەتوانێ پێک بێت.