
دوو برای دوانەی خەڵکی گوندی «هەفت چشمە» سەر بە شاری ئیلام بە ناوەکانی میلاد زەمانی و مەهدی زەمانی ١٨ ساڵە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەروەها پیاوێکی خەڵکی ئەو گوندەش بە ناوی سەعدوڵڵا مریەمی خۆکوژی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی ئیلام بە ناوی مەهدی زەمانی ١٨ ساڵە بە هۆی خەمۆکی و ئەو کێشانەی دوای خۆکوژی برا دوانەکەی تووشی ببوو، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. برا دوانەکەی مەهدی بە ناوی میلاد زەمانی ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری لەڕێگەی خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ، سەعدوڵڵا مریەمەی خەڵکی هەمان گوند، بە هۆی کێشەی نەداری و هەژاری لە ڕێگای خواردنی حەبەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. جێگای ئاماژەیە کە گوندی «هەفت چشمە» یەکێک لە گوندە هەژار و بێبەشەکانی پارێزگای ئیلامە کە لە قەراخ شاری ئیلام هەڵکەوتووە و لەلایەن ڕژیمەوە لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەش کراوە.