فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بٶ ڕێز گرتن لە یادی گیانبەختکردوانی کوشتاری ساڵی ٦٧ لە نێوان دوو هاویندا
یەکشەممە ۲۳-۰۵-۱۴۰۱   |  14-08-2022

لە ئاوێنەی ساڵ ژومێری قەتڵ و عامەکانی زیندانیانی سیاسی هاوینی ٦٧، لە سی و چوارەمین  ساڵڕۆژی خوێناوی ئەم کارەساتە دڕندانەیە سیمایەکی دیکە لە بەردەم ماندایە.  کارەساتێکی گەورە کە برینە خوێناویەکانی هیچکات بە تێ پەڕبوونی زەمان ساڕێژ نابێتەوە و یادی ئەو ئازیزە سەربەرزانە هیچکات لە بیر ناچێتەوە. قەتڵ و عامی سەرتاسەری زیندانیانی سیاسی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ٦٧ ی هەتاوی ئەگەرچی درێژەی کوشتار وئیعدامەکانی ساڵەکانی سەرەتای  دەیەی ٦٠ بوو، بەڵام دواهاتە ئینسانیەکانی ئەو جینایەتە دڕندانەیە ئەوەدندە قووڵ و کارەساتبار بوو کە بە تێ پەڕ بوونی زیاتر لە چوار دەیە هێشتا دەنگی بەند و تەنافی دار لە گوێماند دەزرینگێتەوە. کوشتاری هاوینی ٦٧ وەک هەورەتریشقەیەکی بە گرمە بوو. هەورەتریشقەیەک کە بە فەرمانی خومەینی جەللاد بە سەر زیندانیەکانی ئێراندا داکەوت.  ڕووداوی ئەم کارەساتە ئەوەەندە بە پەلە  و ناباوەڕانە بوو کە بە تێپەڕ بوونی ٣٤ ساڵ هێشتا هەموو ئەندامی بنەماڵەکان و جگەر سووتاوانی ئەم کارەساتە بە وەبیر هێنانەوەی ئەو ڕۆژە هەموو ئەندامی لەشیان وەلەرزە دەکەوێ. زیندانیانی زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشت زیاتر لە هەموو زیندانەکانی دیکە بوونە قوربانی و ئیعدام کران.

کوشتاری زیندانیەکان لە بە ناو دادگایەکی چەند چرکەیدا بە چەند پرسیاری کورت لە لایەن ئەندامانی هەیئەتی مەرگ دەستی پێکرد. ناو و ناوی سازمان؟ موسوڵمانی؟ نوێژ دەخوێنی؟ سازمانەکەت قبووڵە؟ حازری لە گەڵ جمهوری ئیسلامی هاوکاری بکەی یان نا؟ دادگا گەلێک کە پڕ بوولە فریو و نەیرەنگ کە تەنانەت ناو و ناوەرۆکەکەیشی لە زیندانیان ئاشکرا نەبوو. دادگایەکی تەفتیشی بیر و باوەڕ لە چەشنی دادگاکانی سەدەکانی ناوەڕاست کە قازیەکانی بە ڕواڵەتێکی ڕازاوە لە ژێر ناوی “هەیئەتی لێ بوردن و ئازادی” دەچوونە ناو زیندانەکان و لە مەودای چەند چرکە ساتدا زیندانیەکیان بە مەرگ مەحکوم دەکرد. ئەو دادگایانە لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ٦٧ بە حوکمی خومەینی دەستی پێکرد و بە یەک جێ زەنگی مەرگ لە هەموو زیندانەکانی ئێراندا دەنگی دایەوە. دێوی مەرگ خۆی کێشایە ژووری زیندانەکان  و مۆتەکەی مەرگ و قەتڵ و عامی زیندانیەکان باڵی ڕەشی بە سەر زیندانەکانی ئێراندا کێشا و لە ماوەی کەمتر لە ٢ مانگ، ڕۆژانە تەرمی سەدان زیندانی سیاسی بە حوکمی خومەینی و بە دیاری کردنی کومیتەکانی مەرگ بە سەر پەتی سێدارەوە هەڵواسران.

ئێستا بە تێپەڕ بوونی ٣٤ ساڵ لەوکوشارە بێ ڕەحمانەیە، پاش ٣٤ ساڵ خۆ ڕاگری و ڕاوەستانی دایکانی خاوەران وباقی خاوەرانەکانی بێ ناو و نیشان، بە زیاتر لە چوار دەیە دادخوازی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ئەو ساڵانەی سەراپا ئاگر و خوێن، لە ڕۆژ ژومێری بیرەوەری گیانبەختکردوانی ئەو هاوینە خوێناویەدا، ئێستا لە هاوینێکی گەرمی بە تەواوی جیاواز لەو هاوینە وەستاوین. هاوینێکی هیوا بەخش بۆ دادخوازان، هاوینێکی سەرتاپا شوور و شەوق بۆ دایکانی خاوەران، هاوینیکی تێکەڵ بە فرمیسکی خوشیی بە سەرگۆنای جگەر سووتاوانی ساڵانی ڕابوردوو، هاوینێکی پڕ لە ئومێد و ئارەزوو بۆ دریژەی دادخوازی، کە بە ڕاگەیاندنی مەحکومیەتی حەمیدی نووری بە حەبسی ئەبەد، هیوا بە سەرکەوتنی گەورەتر لە دڵ و گیانی خەڵکی ئێراندا گەشاندەوە.

حەمیدی نووری ناسراو بە حەمیدی عەباسی کۆمەک دادیاری زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەج لە ڕۆژی ٩ی نوامبری ٢٠٠٩ بەرانبەر بە ١٨ ی  خەزەڵوەری ٩٨ کاتی هاتنی بۆ سوێد بە حوکمی دادستانی ئەم وڵاتە دەست بەسەر و دوای ٢٠ مانگ جەلەسەی دادگایی کردنی بە تاوانی جینایەتی جەنگی، ژێرپێ نانی یاسا نیودەوڵەتیەکان و قەتڵ دەستی پێکرد.دادگای حەمیدی نووری دوای بەڕێوەچونی ٩٢ جەلاسە، سەرئەنجام لە ڕۆژی ١٤ی گوڵانی ١٤٠١ دادستانی ئەو دادگایە خوازیاری باڵاترین موجازاتی بۆ کرد و لە ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ دا حوکمی حەبسی ئەبدەی ناوبراو لە لایەن قازیەکانەوە تەئید کرا. لە ڕەوتی دادگایی کردنی حەمیدی نووری، ناوی خومەینی وەک بڕیار و فەتوا دەری کوشتاری زیندانیانی سیاسی بە چەندین و چەند جاردووپات کرایەوە.

ناوی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ لە تەواوی جەلەسەکانی دادگادا هاتە گۆڕێ. ناوەکانی نەیری و ئەشراقی و پور محەمەدی ئەندامانی دیکەی هەیئەتی مەرگ بە دەیان جار دووپات بوەوە. هەروەها سەرجەمی ئەو جینایەتکارانەی کە ئیستاش لە سەر کورسی قەزاوەت و باقی پۆستە کلیدیەکانی جمهوری ئیسلامیدا خەریکی کوشتار و جینایەت دەرحەق بە خەڵکی ئێرانن.

مەحکومیەتی حەمیدی نووری و ڕاگەیاندنی جینایەتکار بوونی لە دادگای سوید، بە کردەوە بە مانای مەحکومیەتی خومەینی، ئیبراهیمی ڕەئیسی و واوەتر لەوەش راگەیاندنی مەحکومیەتی سەرتاپای جمهوری ئیسلامی لە پەروەندەی کوشتارەکانی هاوین ٦٧ دایە. بێجگە لە وە مەحکومیەتی حمیدی نووری بە حەبسی ئەبەد تەنیا حوکمێکی قەزایی نیە بەڵکو ڕاگەیاندنی ئەم حوکمە لە باری سیاسیەوە بۆ بزووتنەوەی دادخوازی و ئازادیخوازی ئێران گرینگیەکی تایبەتیتر لە حوکمی قەزایی هەیە.

لە ماوەی ٩ مانگەی بەڕیوە چوونی دادگای حەمیدی نووری، ڕەوتی بەڕێوە چوونی ئەم داگایە بە کردەوە پڕۆسەیەک بوو بۆ بە مەحکەمە کێشانی جمهوری ئیسلامی. دادگایەک کە هیوا بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی دادخوازی و ئازادیخوازی لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا زیندوو کردەوە. بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕوخانی جمهوری ئیسلامی هێزو توانایەکی زیاتری بەخشی، هێزو توانای دادخوازی و کارزاری خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی بردە سەرێ. کۆمەڵانی کار و زەحمەت کە دێرزەمانە بۆ ڕوخانی جمهوری ئیسلامی بەرەوپێش دەچن، چاوەڕوانی موحاکمەی تەواوی فەتوادەران و بەڕێوەبەرانی ٤٤ ساڵ کوشتاری و جینایەتی جمهوری ئیسلامی لە یەکەمین ڕۆژەکانی ڕوخانی ئەم ڕژیمە فاسد و گەندەڵە لە دادگایەکی خەڵکیدان.

شوورای هاوکاری هێزە چەپ و کمونیستەکان مەحکومیەتی حەمیدی نووری بە حەبسی ئەبەد، بە جیاواز لەوەی کە ئاکامی دادگای تەجدیدی نەزەرەکەی چی دەبێ، بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی دادخوازی و ئازادیخوازی لە ئێران دەزانێ. شوورای هاوکاری هاوکات بە ڕێز گرتن لە یادی تەواوی گیانبەخت کردوانی دەیەی ٦٠ بە تایبەت گیانبەختکردوانی هاوینی ٦٧ ئەم سەر کەوتنە مێژوییە بە بنە ماڵەی گەورەی خاوەران بە بزووتنەوەی دادخوازی و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پیرۆزبایی دەکات. ئاشکرایە ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دەبێ بۆ پەرەئەستاندنی بزووتنەوەی دادخوازی و پەرە ئەستاندنی ڕێگری لە ناردنەوەی حەمیدی نووری و ئەسەدللا ئەسەدی و باقی ئینسان کوژ و ترۆریستەکانی جمهوری ئیسلامی لە وڵاتانی سوید و بلژیک و باقی وڵاتانی ئوروپایی بە ئیڕان بێت.

بڕوخێ رژیمی جمهوری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سوسیالیزم

شوورای هاوکاری هێزە جەپ و کمونیستەکان

واژوکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کمونیست، حیزبی کمونیستی ئێران، حیزبی کمونیستی کرێکاری ئێران- حکمتیست، سازمانی ڕاە کارگر، سازمانی فیدائیانی ئەقەلیەت و هەستەی ئەقەلیەت

١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ ( ١٠ی ئاگوستی ٢٠٢٢)