فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

 درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتە جۆراوجۆرەکان لە ئێران
یەکشەممە ۲۳-۰۵-۱۴۰۱   |  14-08-2022

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ،کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی پاڵاوگەی نەوتی ئابادان سەبارەت بە دابیننەکردنی حەقدەستەکانیان و چۆنیەتیی دابینکردن و گۆڕینی یاساوڕێسای ماڵیاتی لە بەر دەرگای ئەو شیرکەتە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە کرێکارانی شێرکەتی ئاو و ژمارەیەک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاوی شاری “بەندەر عەباس” سەر بە پارێزگای “هورموزگان”یش بەهۆی دواکەوتنی حەقدەستەکانیان لە بەردەم پارێزگاریی ئەو پارێزگایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. کرێکاران ڕایانگەیاندووە کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە حەقدەستیان وەرنەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار لە پرۆژەگەلی جیاوازی نەوت و گاز لە باشووری ئێران بەهۆی گەرمابردوویی و کاری تاقەتپڕووکێن لە هەوای گەرمدا نەخۆش کەوتوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە لە یەک حەوتوودا دوو کرێکاری شیرکەتی”سکاف”ی پاڵاوگەی ئابادان  هەر بەهۆی گەرمابردوویی گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ کرێکارێکی دیکە لە پاڵاوگەی “جەفیر”ی شیرکەتی “دەریاساحل”ی ئەهواز بەهۆی گەرمای زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.